راپەڕین..خەوێکی شیرین، سپێدەیەک تاڵ

هیوا سه‌ید سه‌لیم
  بەرەو یادی بیست و شەش ساڵەی اپەڕینی بەهاری ١٩٩١ دەچین، ئەو راپەڕینەی زۆر شتی لەسەر نووسراوە و زۆر ھێز و لایەنیش خۆی بە خاوەنی دەزانن، وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێک لەبارەی راپەرین کێ کردی و چۆن کرا؟ بابەتی ئێرەمان نییە، چونکە وەک دەڵێن (ئەو ھەویرە ئاوی زۆری دەوێت).
 
  ئەوەی لێرە مەبەستمانە لەسەری بوەستین، ئەوەیە کە راپەڕین چ خەونێکی بۆ گەلەکەمان پێ بوو؟ چیمان بەدەستھێنا و بە کوێ گەیشتین؟ ھیچ گومانی تێدا نییە کە راپەرین خەونی شیرینی بۆ گەلەکەمان لەگەڵ خۆیدا ھێنابوو، خەونی ئازادی، خەونی گەیشتن بە مافی زەوتکراوی میللەتێکی خێر لەخۆنەدیو، دواجاریش خەونە مەزنەکە کە خەونی سەربەخۆیی کوردستان و بە دەوڵەتبوونی کوردستان بوو کە ساڵانێکی زۆربوو لە پێناویدا تێدەکۆشاین و قوربانیی زۆریشمان لە پێناوی دابوو.

  دەتوانین بڵێین، راپەرینی گەلی کوردستان تاکە دەرفەتی مێژوویی بوو کە دوای کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٦ەوە هاتبێتە پێشەوە، ئەو دەرفەتەی کە گەلەکەمان لە پارچەیەکی وەک باشووری کوردستان، دوور لە دەسەڵاتی داگیرکەران، ژیان بکات و ببێتە خاوەنی ئەزموونی حوکمڕانیی خۆی، لە قۆناغە بەراییەکانیش ئەو دەرفەتەشدا ببێتە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی خۆماڵی کە ئەمەیان خەونێک بوو، بەدیھاتنی زۆر ئاسان نەبوو، بەتایبەت دوای ئەو کارەساتە گەورانەی بەسەر شۆڕشی کورد لەو پارچەیەدا ھاتبوو، ھەر لە کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و ڕاگواستن و سوتماکی کوردستان، بەڵام بارودۆخە بابەتییەکەی ناوچەکە ھەر لە سەرکێشییەکانی رژێمی سەدام حوسێن، بەتایبەت لە داگیرکردنی وڵاتی کوێت و شکستی ئەو رژێمە لەسەر دەستی ھێزی ھاوپەیمانان و وەستانەوەی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر زوڵم و چەوسانەوەی ئەو رژێمە و رۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پشتیوانی و ئاراستەکردنی راپەرینی خەڵکی کوردستان، وایکرد گەیشتن بەو خەونە شیرینە ئاسان بێت. ئەوە بوو لەماوەیەکی زەمەنیی زۆر کەمدا، خەونەکە ھاتەدی و بەشی ھەرە زۆری خاکی باشووری کوردستان بە پارێزگای کەرکووکیشەوە لە رژێمی داگیرکەری بەعس پاک کرایەوە.
 ئیستا کە زیاتر لە چارەگە سەدەیەک بەسەر ئەو رووداوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، نەک خەونە شیرینە مەزنەکەمان ھاتۆتە دی، بگرە لەو چارەگە سەدەیەی حوکمڕانیی کوردی، ئەزموونەکەمان کە وەک باسمان کرد بەرھەمی تێکۆشانی گەلەکەمان بوو، لە دوای راپەرینی ١٩٩١، تووشی چەندی شکستی مەزنی وەک شەڕی ناوخۆی حزبەکان و حوکمڕانیی خراپ بووەوە کە ئەگەر خۆڕاگریی گەلەکەمان نەبووایە، ئەو ئەزموونە دەمێک بوو لەبار دەچوو و خەونی سەد ساڵەی میللەتەکەشمان دیسان دەبوو بە زیندە خەون.

  ئەوەی کە لەو یادەدا پێویستە رێزی لێ بگیرێت، ھەموومان خۆمان بە قەرزباری بزانین، خوێنی ئەو شەھیدانەیە کە بووە ھەوێنی سەرکەوتنی راپەرین و ئەو میللەتە داماوەیە کە ساڵانێکە بەرگەی ھەموو نەھامەتییەکانی گرتووە، بەتایبەت دوایین نەھامەتی لە برسیەتی و بێکاری و کەم مووچەیی.

  دواجار دەڵێم، ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ رۆحیەتی سەردەمی راپەرین کە بریتی بوو لە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان و پشتیوانیی جەماوەر، گەیشتن بە خەونە گەورەکە ئاسان نابێت کە راپەرینی لە پێناودا کرا، ئەویش خەونی سەربەخۆیی کوردستانە کە خەریکە بەھۆی ململانێ حزبییەکان و دۆخی خراپی کوردستان، ئەویش دەکرێتە کارتی موزایەدەی یەکێک لەسەر ئەوەی دیکە. تا خەونە شیرینەکەمان لە سپێدەیەکی تاڵ، خەبەرمان نەکاتەوە، دەبێت وریا بین، ئەگەرنا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەوسا دەبێت بڵێین، خوا بمانگرێت.
 


04/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر