خۆر لە رۆژئاوا هەڵدێ!

هیوا سه‌ید سه‌لیم
رۆژئاوای كوردستان ئەو پارچەیەی كوردستانە كە بە پێی رێكەوتنامەی سایكس پیكۆ بە دەولەتی نوپای سوریاوە لکێندرا؛ زۆرجار بە باشووری بچووكیش ناوی دێت. سنووری جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان  لە پارێزگای حەسەكە هەریەك لە ناوچەكانی (قامشلۆ و دێرك و سەرێ كانی و عامودا و دێربەسی)دەگرێتەوە ،  وە لە پارێزگای حەلەب هەریەك لە ناوچەكانی ( كۆبانێ و عفرین و جەبەل ئەكراد)دەگرێتەوە، هەروەها لەنێو گەورە شاری حەلەب ژمارەیەكی زۆر كورد دەژین ،   لە نیوەی  سەدەی رابردوو  وێرای خەباتی سیاسی پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان، هەمیشە خەلكی رۆژئاوالە ڕێگەی پشتیوانی ماددی و بەشەرییەوە (مرۆییەوە) پاڵپشتی خەباتی پارچەكانی تربوونە،  بەتایبەت لە شۆرشەكانی باشوور و باكووری كوردستاندا. بۆ بەشداریکردن لە شۆرشی ئەیلول، سەدان كەسیان لە رۆژئاواوە هاتنە باشووری كوردستان و بوون بە پێشمەرگە. هەروەها  بۆ درێژەدان بە خەبات و تێكۆشانی شۆرشی نوێی باشووری كوردستان، دیسانەوە رۆژئاوا كارەكتەرێكی گرنگ بووە، بەتایبەتیش بۆ هێنانی چەك و رێگەی پەیوەندیکردن بەدەرەوەی كوردستان. بۆ شۆرشی باكووریش،رۆژئاوا پشكی شێری مسۆگەر کردووە.  ئەو تێکۆشەرانی  رۆژئاوا کە لەنێو شۆرشی باکووردا گیانیان بەخت کردووە  یەکجار زۆر و بەوەجن.، هەر لە  ساڵانی هەشتاكانەوە  تا ئێستا وڵاتپارێزانە  تێدەکۆشن .
مێژووی بزووتنەوەی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوو، لەکاتەی کە یەكەمین پارتی سیاسی بەناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان)  لەسەر دەستی هەریەك لە (محمد عەلی خۆجە و حەمید دەروێش وعوسمان سەبری و رەشید حەمۆ و چەندین سەركردەی تر) دامەزرا.  دوای دامەزراندنی پارتی هەر لە لایەن دامەزرێنەرانی ئەو پارتەوە بە تایبەت (حەمید دەروێش و رشید حەمۆ و عوسمان سەبری) یەكەمین جیابوونەوە لە ناو پارتی لە رۆژئاوای كوردستاندا دروست دەبێ، ئیدی حزبێكبەناوی (پارتی چەپی كورد لە سوریا)دادەمەزرێنن. لەوساوە تا سەرهەڵدانی شۆرشی سوریا لە 15 ئازاری 2011 خەباتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان خەبات بووە بۆ بەدەستهێنانی چەند ئامانجێك لەوانە پێدانی ناسنامە و دانان بە پارتە سیاسیەكانیان لە لایەن دەوڵەتی سوریاوە، بە فەرمی ناسینی زمانی كوردی بووە، تا ئەو بەروارەش خەباتەكە خەباتێكی سیاسی نیمچە نەهێنی بووە هەر بۆیەشە زۆرترین قوربانیەكانی شۆرشی رۆژئاوا تا ساڵی 2011 لە سوریا لە زیندانەكانی سوریا بووە،  یان بە تیرۆری دەوڵەت بووە، خەسڵەتێكی تری شۆرشی رۆژئاوای كوردستان ناكۆكی ناو هێز و لایەنە سیاسیە كوردستانیەكانی بووە، هەر بۆیەشە ئەگەر چاوێك بە مێژووی بزووتنەوەی سیاسی كوردستانی رۆژئاوا دابگێڕینەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان زۆرترین ترازانیان لەنێودا درووست بووە،  هەربۆیەشە ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان زۆرترین پارتی سیاسی بچووك بچووك بونیان هەیە كە رێژەیان دەگاتە دەیان پارتی سیاسی .
قۆناغیسەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە عێراق و شام(داعش) ، لەگەڵ هەموو ئەو كارەساتانەی لەگەڵ خۆیدا هێنای، کەچی بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەرفەتێكی باش بوو، وایکرد كە كورد لەو پارچەیەیەدا ببێتە خاوەنی هێزی سەربازی خۆی وا بەرگری لەخۆی بكات و ناوچە كوردستانیەكان لە ژێر چەپۆكی داعش و هێزەكانی تریش رزگار بكات. دواتر لەو ناوچانەدا توانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕابگەیەنێ و جاڕی فیدرالیەت بدات. لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بەرگری و خۆڕاگری شەرڤانان لە سەرەتادا لە ناوچەكانی سەرێكانی و دواتریش لە كۆبانێ و عفرین و منبج و گەرەكە كوردیەكانی پارێزگای حەلەب دەستی پێکرد و بووە مایەی شانازی، نەك بەتەنیا گەلی كورد بگرە ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی شانازی بەو هێزە دەكرێ و هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریكا و رووسیا وێڕای فشارەكانی دەوڵەتی توركیا بەڵام مامەڵەی راستەوخۆ لەگەل هێزەكانی شەرڤانان دەكەن .
لە لایەكی ترەوە ئاشكرایە كە شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە تەنیا بە هێزێكی بەرگریكار نەناسراون،  بگرە خەریكە لەسەر دەستی ئەو هێزانەوە بە پشتیوانی هاوپەیمانان كۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش دێ و پایتەختی داعش لە شاری رەقە لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتیەوە كە یەپەگە پێشەنگایەتی دەكات  ئازاد دەكرێ .
رۆژئاوای كوردستان وێڕای دژایەتی سەرسەختی دەوڵەتی توركیا و هێزە وابەستەكانی بەڵام لە رووی سەربازیەوە خۆی راگرتووە، ئەوەی كە تا ئێستا بۆ هەمووان جێی پرسیارە، ئەوەیە کە ئایا ئاییندەی رۆژئاوا لە نێو ئەو فەوزا سیاسیە جیهانی و ئیقلیمیە دا  بە كوێ دەگات؟ 
 لە ئێستادا كە  چاوی کورستانیان لەسەر رۆژئاوای كوردستان گیرساوەتەوە، وادەخوازێ کە هێزە كوردستانیەكانی ئەو پارچەیە بكەونە خۆو رۆڵی هێزی پشتیوان کایە بکەن. بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو بەرخۆدان و قوربانیانەی شەرڤانان  باشتروایە  لەژێر چەترێكی كوردستانیانە كۆببنەوە، تا هێز و گوشاری دوژمنان چیتر بەرتەوازەیان نەكات.  ئەوکاتە هیچ گومانێک  نامێنێتەوە کە ئیدی خۆری  كورد لە رۆژئاوای كوردستانەوە هەڵدێ .


28/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر