ئەزموونی خرابمان لەگەڵ ریفراندۆم هەیە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان، سەرنجام لەنێو چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری كە بەرۆكی سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە،  بریار لەسەر كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم دراو و  رۆژی 25 ئەیلول ئەمساڵ  دەسنیشانكرا بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی  .
دەوترێت كە ریفراندۆم لە كوردستان بۆ چارەنووسی ئایندەی سیاسی ئەو هەرێمە ئەنجام دەدرێت، كە لەڕێگەی راپرسیەوە خەڵك قسەی خۆی لەسەر مانەوە لەگەڵ عێراق یان دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدات، ئەوەی تا ئێستا دیارە پرۆسەكە بۆ ئەم مەبەستەیە وەلێ ئەوەی دیار نیە ئەوەیە كە ئایا دەنگدانەكە چۆن دەبێت و بەڵێ چەند دەنگ دێنێت و ئەگەر بەڵێ سەركەوت چۆن مامەڵە لەگەل رای خەڵك بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت ؟
دوای جەنگی جیهانی یەكەم زۆرێك لە میللەتان ئایندەی خۆیان لەگەل وڵاتانی تر لە رێگەی ریفراندۆمەوە یەكلاكردەوە و بوونە بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان، بەڵام ئێمەی كورد لەو سەردەمەوە تا ئەمرۆشی لەگەل دابێت نەمانتوانیوە سوود لەو پرەنسیپە بێنین كە وەك مافی سەرەتایی بۆ میللەتان داندراوە ئەویش بریتە لە مافی چارەی خۆنووسین لەرێگەی راپرسی .
 یەكەمین ئەزموونی تاڵی كورد لەگەل راپرسی بریتیە لەو راپرسیەی كە ساڵی  1924 كۆمەڵەی كۆمەڵەی  ( عصبە أمم ) بۆ ئایندەی ویلایەتی موسڵ ئەنجامی دا، لەو راپرسیەدا كورد وەك ئێستا باجی ناتەبایی و نەبوونی یەكهەلوێستی دا،  بۆیە دەبینین لەو دەنگدانەدا  شاری سلێمانی دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدات بەڵام    هەولێر دەنگی بۆ نادات هەر بۆیە ویلایەتی موسڵی ئەوسا كە تەواوی خاكی باشووری كوردستانی دەگرتەوە بە شاری كەركوكیشەوە دەخرێتە سەر دەولەتی عێراق، بەمەشیان خواستی دەوڵەتی كۆلنیالیزمی دەوڵەتی بەریتانیا دێتە دی، كە مەبەستی بوو باڵانسی پێكهاتەكانی نێوان شیعەو سوونە ڕاگرێت، ئەو راپرسیە و خستە سەری ویلایەتی موسڵ بۆ عێراقی عەڕەبی  بەسەرەتایی كارەساتێكی مەزن بۆ كورد لە باشووری كوردستان هەژمار دەكرێت.
 دوای خەباتێكی دوورو درێژو چەندین شۆرش و راپەرین و قوربانیەكی زۆر سالی 1991 خەلكی كوردستان لە كۆڕەوێكی ملیۆنی باشترین پرۆسەی ریفراندۆمی خۆرسكی ئەنجامدا،  بەوەی ئامادەنەبوون لەسایەی دەسەڵاتی رژێمی بەعس ژیان بكەن، بەڵام جارێكی تر سەركردایەتی سیاسی كورد نەیتوانی ئەم رووداوە مێژوویە خۆرسكە بقۆزێتەوە و سوود لەو دەرفەتە وەرگرێت كە لە سایەی بڕیاری 688 ئەنجومەنی ئاسایش بۆی هاتەپێش، بگرە جارێكی تر لەبەر قاپی رژێمی سەدام كەوتنەوە،  تا ئەو كاتەی تێگەیشتن بەعس هێچیان بۆناكات،  ئینجا گەڕانەوە بۆ كوردستان و بڕیاریان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دا.
سێیەمی ئەزموونی ریفراندۆمی نافەرمی لە هەرێمی كوردستان بریتی بوو لەو پرۆسەی كە بزووتنەوەی ڕاپرسی لەگەل هەلبژاردنی 2005 ئەنجامیدا،  كە ئەوسا زیاتر لە 98% خەڵكی كوردستان دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراقدا، بەلام ئەمەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم سەوداو مامەڵەی پێوەكراو لەگەڵ بەغدا، رای خەڵك كرایە قوربانی پۆست و بودجەی زیاتر لە بەغدا.
ئەمجارەشیان گومان دەكرێت ریفراندۆم بەدەردی ئەوەی 2005 ببردرێت، چونكە گوێبیستی ئەوە دەبین كە مەرج نیە دوای ریفراندۆم لە عێراق جیاببینەوە!
 بگرە لەوانەیە ئەو بابەتە بۆ رێكەوتن بێت لەگەڵ عێراق، دیاریش نیە چ رێكەوتێكمان دەوێت، ئایا ئەوەی میللەت بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدات كە سەربەخۆیی كوردستانە یان ئەوەی دەسەڵات پێشتر ئەنجامی داوە لە مامەڵەكردنی خراب لەگەڵ رای خەڵك ؟
لایەنێكی تری لاوازی ئەو پرۆسەیە بریتیە لە ممسۆگەرنەبوونی شەرعیەتی تەواو بۆ پرۆسەكە، كە ئەمەشیان بەهۆی چەندن هۆكارەوەیە، كە بەشێكیان ناوخۆین و ئەوەی تریشیان دەرەكین كە بۆ هەر پرۆسەیەكی لەو شێوەیە پێویستن، ناوخۆیەكە بریتیە لە كارانەبوونی پەرلەمانی كوردستان تا شەرعیەتی زیاتر بداتە ئەو پرۆسەیە، كە هەموو ئاماژەكان ئەومان پێدەڵێن كاركردنەوەی پەرلەمان فریایی پرۆسەی راپرسی ناكەوێت و بگرە ئەوەی دەبینرێت كات بەسەر بردنە تا هەڵبژاردنی ئایندە، كە ئەویش ئەگەر بكرێت!!
لایەنكەی تری كێماسیەكانی راپرسی هەرێم  بریتیە لە نەبوونی دانپێنانی دەولی لەكاتی ئەنجامدان و دوا ئەنجامدانی ڕاپرسیەكە،  چونكە تا ئێستا ئەوەی دەیبیستین پرۆسەكە لە ژێر چاودێری دەولی ئەنجام نادرێت و كۆسپی ناوخۆیی و ئیقلیمی لەبەردەم ئەم پرسە هەیە .
هەموو ئەمانەی باسمانكرد مانای ئەوەنیە خەڵك دژی راپرسیە،  بگرە پەرۆشی هەموو لایەك بۆ دەرنجامەكانی راپرسی و مامەڵەكردنی درووست لەگەل دەرنجامەكانی، كە ئەزموونی خرابیشمان لە مامەڵكردنی دەسەڵات لەگەڵ رای خەڵك هەیە وە ئەمە ئەزموونە خرابە ئەوەمان پێ  دەڵێت مافی خۆمانە بەگومان بین.
  لە كۆتایدا دەڵێین لە ڕاپرسیدا  خەڵك دەزانێت بۆچی دەنگ دەدات، بەلام ئەوەی نازانرێت ئەوەیە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەڵێی خەڵك دەكرێت؟


09/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر