كاركردنەوەی پەرلەمان دەبێتە پارسەنگ ؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
لە دوایین كۆبوونەی خۆیدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم تەنیا دوو هەفتەی دیاریكرد تا پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە،  دوای ئەو هەموو ماوەیە زۆرە لە پەكخستنی پەرلەمان دوو هەفتە ماوەیەكی یەكجار كەمە،بە دوو هەفتەی چۆن حزبەكان دادەنیشن و رێكبكەون و بڕیاربدەدەن؟
 بەڵام ئەوەی كە هەموو ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە وەڵامی ئەو گومانانەی لایە كە بۆچی  نەتوانرێت لەو دوو هەفتەیە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت،پابەندبوونی  زۆری هەموو لایەكە بە خواستی  كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، لەوانە مەرجی بەشداری زۆربەی لایەنەكان لە پرۆسەی ریفراندۆم بە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانو فشاری بەردەوام بۆ كاراكردنەوەی ئەو دامەراوەیە شەرعیە،  ئەمەو جگە لەوەی بە ئاشكرا هەست دەكرێت لە ئاستی دەرەوەش فشار زۆر خرابێتە سەر دەسەڵات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ، تەنانەت باس لەوش دەكرێت هەندێك لە وڵاتان كاراكردنەوەی پەرلەمانیان كردۆتە   پێشمەرجی   پشتیوانی یان چاوپۆشی لە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم.
كاتێك كاراكردنەوەی پەرلەمان لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای راپرسی دوو هەفتەی بۆ دادەنرێت دەپرسین ئایا  پەرلەمان دەتوارێت بێتە پارسەنگ بۆ لاسەنگكردنی دەنگەكانی ریفراندۆم بە قازانجی دەنگی بەڵێ ؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسە دەبێت چاوەڕوانی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان بین بەوەی ئایا بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان چ گۆڕانێك لە هەڵوێستی ئەوان لەبەرامبەر پرسی ریفراندۆم درووست دەكات، چونكە لەگەڵ ئەو هەموو تێبینیەی كەهەیە لەسەر كات و میكانیزمی ریفراندۆم تا ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی بە فەرمی دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم نەوەستاوەتەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە لە كوردستان دەنگی نەخێر نیە و ئەو دەنگانە نادیدە بگیرێت، بگرە بە كۆمەڵێك هۆكار و لەبەرامبەر چەندین كێماسی ئەو دەسەڵاتە تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت خەڵكێكی زۆر هەیە نایشارێتەوە كە ئامادەنیە لەو ڕاپرسیە دەنگی بەڵێ بدات، بۆیە دەڵێین بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر لەو دوو هەفتەیە بە كردەوە جێبەجێ بكرێت باشترین بڕیاربووە كە حزبەكان داوینە و دەتوانرێت بەشێك لەودەنگە نا؟ەزایانەی  لەبەرامبەر دەسەڵات بوونیان هەیە كەمیان بكاتەوە.
ئاخر هیچ لۆجیكێك ناتوانێت باوەڕ بە خۆمان و دەرەوەی خۆمان بێنێت،  كە كورد دەیەوێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان ریفراندۆم بكات بەڵام بۆ بیست مانگ دەچێت دەرگای بەسەر پەرلەمانەكەی خۆی داخستووە، دەی ئێستاش نەچووە بچێت گرنگە كە هەمووان لەوە تێگەیشتن كە داخستنی پەرلەمان پەڵەیەكی رەشە بە نێوچەوانی ئەوەی پێی دەوترێت دیموكراسیەتی هەرێمی كوردستان .
ئومێد دەكەین لەو دوو هەفتەیە دەستوبردی لێبكرێت،   پەرلەمان بخرێتەوە سەر سكەی كاركردنی خۆی و ئەو هەنگاوەش بكرێتە دەستپێكی هەگاونان بەرەو یەكریزی و تەبایی و ئاشكردنەوەی جەماوەری كوردستان كە بەهۆی خراپی ئەو دەسەڵات خەریكە  لە پرسە نیشتمانیەكانیش هەزارو یەك گومانی لا درووست دەبێت كە ناحەقسشیان نیە چونكە لە دوو ساڵی ڕابردوو باری قورسی كێشەكان كەوتە سەر شانی خەڵك.
دەتوانین بڵێین لە ئێستاشدا دەرفەتێك بۆ دەسەڵات و ئەوانی تر هاتۆتە پێش ئەو دەرفەتە لە دەست بچێت زەرەرمەندی یەكەم خودی ئەو دەسەڵاتە دەبێت، بۆیە دەكرێت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ئومێدێك بینابكەین و پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان سەربخەین.



31/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر