ریفراندۆم و تێكەڵاوكردنی كارتەكان

هیوا سه‌ید سه‌لیم


ئەزموونی ریفراندۆم لە لای گەلان شتێكمان پێدەڵێت كە ریفراندۆم پرۆسەیەكە بە ئامانجێك ئەنجام دەدرێت ئەویش بۆ یەكلاكردنەوەی پرسێك لە رێگەی گەڕانەوەی بۆ ڕای خەڵك، وەڵامی ئەو پرسە دەخرێتە نێوان دوو بژاردە ئەویش (بەڵێ و نەخێر)ە، هەردوو وەڵامەكەش مافی ئەوانەیە كە پرسیان پێدەكرێت.

لێرە لە هەرێمی كوردستان لەو رۆژەی كە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم 25ئەیلولی دەسنیشانكردووە بۆ راپرسی لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان لە نێوان بژاردەی مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق، شەقامی كوردی بەسەر دوو بەرەی بەڵێ و نەخێر دابەشبووە، بەڵام دابەشبوونێكی زۆر نا ئاسایی، چونكە نە ئەوانەی كەوتونەتە بەرەی بەڵێ دڵنیان لەوەی بەڵێیەكەی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەكاردێت، و نەئەوەشی درووشمی نەخێری بەرزكردۆتەوە دەزانێت بۆچی دەڵێت نەخێر!

ئەوەشی كەتا ئێستا كێماسیەكی گەورەیە نەبوونی دیالۆكێكی عەقلانیە لە نێوان هەردوو لایەنی بەڵێ و نەخێر ، دیالۆكێك تا قەناعەت بەیەكتری بكەن،بەداخەوە نەك ئەو دیالۆكە نیە بگرە زۆریش خراب یەكتری تۆمەتبار دەكەن، لە لایەن هەردوو بەرە، لەگەڵ ئەوەی كە هەمووشمان دەزانین كە مافی بەڵێ و نەخێر مافی هەركەسێكە .

لێرەدا مەبەستمان لەو نووسینە دیالۆكێك لەگەڵ ئەوانە بكەین كە بڕیاریانداوە بە نەخێر دەنگ لە رۆژی 25 ئەیلول بدەن، لە ئێستاشەوە خەریكن كەمپین بۆ نەخێر دەكەن، ئەوەی دەبینرێت بەرەی نەخێر تا ئێستا دووشتی لێك جیانەكردۆتەوە، ئەویش (نەخێر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمە یان نەخێر بۆ جیابوونەوەی كوردستان) كە ئەوی لە ئێستا دەبینرێت بریتیە لە داوای یەكەم واتا دواخستنی ریفراندۆم لەو كاتەدا.

واتا ئەوان پێیان وایە ئێستا كاتی ئەنجامدانی ڕاپرسی نیە، وە دەتوانین بڵێین زۆرێك لە بیانوو بەڵگەكانی ئەو كەسانەش لەسەر ئەو دەسەڵاتە لە جێگای خۆیەتی، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە ئەگەر پرۆسەكە بەبێ خواستی ئەوان بەرێوەچوو وە ریفراندۆم لەكاتی خۆی لە 25 ئەیلول بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان لە نێوان بژاردەی (مانەوە و جیابوونەوە لە عێڕاق) ئەنجام درا،ئایا بەرەی نەخێر هەر لەسەر ڕای خۆی دەمێنن و درووشمی نەخێر دانەگرن؟

دەزانین رەخنەكان لەسەر ئەو دەسەڵاتەی كە 26 ساڵە زۆر بە خرابی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەكاتلە جێگای خۆیەتی بەوەی دەسەڵاتێكی تا بڵێ خرابمان هەیە ئەو قسانە هەمووی ڕاستن ، بەڵام لێرەدا دەڵێین ئەگەر نەخێری یەكەم بۆ دواخستن و ئەنجام نەدانی راپرسی لەو كاتەدا رێگای تێبچێت ، ئەواهی دووەم كە بژاردەیەكە لە نێوان بەڵێ و نەخێر بۆ مانەوە لەگەل عێراق یان جیابوونەوە، دەنگی نەخێر لەو كاتە دەبێت بەجدی هەلوەستە لەسەر هەلوێستەیان بكەن پێش بڕیاردان، كە ئایا بۆچی دەڵێن نەخێر؟ بڵێی ئەوان لە ناخی خۆیان لەگەڵ جیابوونەوەی كوردسان نەبن ؟ بێگومان نەخێر چونكە زۆر كەمن ئەوانەی كە دەتوانن دژ خەونی سەربەخۆیی كوردستان بوەستنەوە، بەتایبەت لە كاتێكدا كە بژاردەی دووەم، كە بژاردەی مانەوەیە لەگەل عێراق لە سەد ساڵی رابردوو جگە لە كارەسات و بێ مافی هیچی تري بۆ ئێمەی كورد پێ نەبووە، ئەی باشە بۆچی نەخێر بۆ جیابوونەوەی كوردستان ؟

لێرەدا وایدەبینم كە بەر لەوی داوای وەڵامی ئەو پرسیارە لەو كەسانە بكرێت كە هەڵگری درووشمی نەخێرن، دەبێت ئەو دەسەڵاتە لە خۆی بپرسێت، كە ئایا بۆچی خەڵك هەیە لە ڕاپرسی دەنگ بەنەخێر دەدات؟ بەڵام وەڵامێك كە هەڵسەنگاندنێكی وافیعیانە بێت و دوور بێت لە تۆمەت و تەخوین بەشینەوە، ئایا بەشی زۆری ئەو كاردانەوەی خەڵك خودی ئەو دەسەڵاتە لێی بەرپرسە یان نا؟ ئایا كات بە بەریەوە ماوە قەناعەت بەیەكتری بكەین یان لێگەڕێین رۆژبەرۆژ درزەكان لە نێوان هەردوو لا گەورەتر بێت و كۆمەڵگا لە شوێنی تەبایی و هاوهەڵوێستی بەرەو ترازانی زیاتر بڕوات؟

دوا پرسیاریش بۆ ئەوانەیە كە پشت لە نەخێرەكانیان ناكەن، ئایا ئەگەر هەموو ئەوانەی ئێوە باسی دەكەن لە كێماسیەكانی ئەو دەسەڵاتە ڕاست بن كە بێگومان ڕاستیشن، ئایا مانەوە لەگەڵ عێراق ئەلتەرناتیفە بۆ ئێمەی كورد؟

نا بابێین هەموومان پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە دەبێت ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەدەر لەو بژاردەیە هیچی تر قەبوول نەكەین،چونكە سەربەخۆیی وەڵامی هەموو گومانەكانمان دەداتەوە، چارەسەریشی بۆ ئەو دۆخە پێیە،چونكە ئەوانەی لەو بوارە شارەزان دەزانن دەوڵەتی سەربەخۆ پابەندی دەستووری و یاسای و سیاسی و ئابووری بۆ سیستەمە سیاسیەكە درووست دەكات، ئەوسا بۆ ئەو دەسەڵاتە ئاسان نابێت هەرچی لە ڕابردوو ئەنجامی داوە لەسەری بەردەوام بێت،لە پێشلكردنی مافی خەڵك و حساب نەكردن بۆ ئیرادەی خەڵك، ئەگەر ببین بە دەوڵەتی سەربەخۆ، دەستوورمان دەبێت دەستوور ئەرك و مافی هاوڵاتیان دیاری دەكات،ئەو مافەی كە 26 ساڵە بەهۆی خرابەكاریەكانی ئەو دەسەڵاتە حزبیە لێمان زەوتكراوە، بۆیە با عەقلانی و زانستیانە بیربكەینەوە و كارتەكان تێكەڵاو نەكەین وە لە پێناو گەڕانەوەی مافی هاوڵاتی بوونمان لە پێناو بەدیهێنانی مافی نەتەویمان لەگەل سەربەخۆیی كوردستان بین .


12/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر