ئەوەی بەر لە ریفراندۆم نەتانكرد دواتر دەیكەن؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

بەر لە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕاپرسی، چەند كارێكی گرنگ هەبوون لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری و یاسایی كە دەبوو سەركردایەتی سیاسی هەنگاویان بۆ بنێت بەڵام ئەو هەنگاوانەی نەنران،  جا بەئەنقەست بووبێت یان هەر هێندە فریای ئەو ئەو هەنگاوانە كەوتوون، ئەم كارانە زۆر قسەیان لەسەر كراون و وەك رەخنەش زۆر جار خراوەتە ڕوو، وە دەتوانین بڵێین چارەسەرنەكردنی ئەو پرسانە تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر رێژەی بەشداری خەڵك لە پڕۆسەی ڕاپرسی هەبووە، بەتایبەتیش ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ژیانوگوزەرانی خەڵكەوە هەبوو.

راپرسی كە لە 25 ئەیلوول لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدرا، هەموومان دەزانین ئەو پرۆسەیە كۆدەنگی سیاسی بەتەواوی بۆ مسۆگەرنەكرابوو، لە دوا ساتەكانیش پشتیوانی یاسایی لە رێگەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ مەیسەركرا، سەبارەت بەو پراسنەش كە پەیوەندی بەژیانوگوزەرانی خەڵكەوە هەیە لەوبارەشەوە حكوومەت زۆر كەمتەرخەمی نواند.

خەڵكی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەو كێشانەی لەسەرەوە باسمانكرد رۆژی ڕاپرسی چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و وەك بەشداری لە هەیەجانێكی میللی دەنگی زۆرینەیان بۆ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بوو، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی كە تا ئێستاش نەگەڕاونەتە سەر هەرێمی كوردستان، واتا خەڵك ئەركی خۆی بەحێگەیاندو لە ڕاپرسی دەنگی بەسەربەخۆیی كوردستاندا، پشتی لە خرابی حوكمڕانی كوردی كرد و رەخنەكانیان لەو دەسەڵاتە نەبوونە هۆكاری دەنگنەدان زۆرینە بۆ سەربەخۆیی كوردستان،.
واتا دەتوانین بڵێین بۆ جارێكی تر خەڵك بە ئەركی نیشتمانی خۆی هەڵساو، تۆپەكەی خستەوە گۆڕەپانی دەسەلاتدارانی كوردستان چاوەڕوانن بزانن دەسەڵات چیان بۆ دەكات؟

ئێستا كە سەركردایەتی سیاسی كورد كارتی بەڵێی خەڵكی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە پرۆسەیەكی دیموكراسی و یاسایی كەوتۆتە بەرەست، دەبێت لەسەر دوو ئاست كار لەسەر ئەو شەرعیەتە بكات، ئاستێك ناوخۆییە كە بریتیە لە تەواوكردنی ئەو هەنگاوانەی كە پێش ڕاپرسی دەبوو بینێت بەلام وەك پێویست نەنران، كە خۆی لە یەكرێزی سیاسی و شەرعیەتی دامەزراوەكان دەبینێتەوە، هەنگاوی دووەمیش كاركردنە لەسەر ئاستی دبلۆماسی لەگەڵ عێراق و دەوروبەر و جیهان.

پەیوەندار بە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، زۆر پێویستە بەزووترین كات لایەنە سیاسیەكانی كێشەكانیان ولابنێن و لە چوارچێوەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی سیاسی كە شەرعیەت لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرێت بەیەكەوە كاربكەن، هەروەها پەرلەمانی كوردستان بە درووستی بكەوێتەوە كار و یەكەم هەنگاویشی كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكاری دەستوور بێت، تا ئەو لیژنەیە كارەكانی نووسینەوەی دەستوور كۆتایی پێبێنێت، چونكە تەنیا دەستوور دەتوانێت زامنی ماف و ئەركی گشتی و تاكەكانی هەرێمی كوردستان بێت.

یەكێك لەهەر ئەركە لە پێشەكانی تری پەرلەمانی كوردستان لەو قۆناغە بریتیە لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستانی هەرێم، چونكە پرۆسەی ریفراندۆم و ئەو كاردانەوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیەكانی كە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كەوتنەوە، ئەوەمان پێدەڵێت كە هەرێمی كوردستان لەوبوارەدا زۆر لەپاش و كەم ئەزموونە.

دواجار دەڵێین ئەرك و بەرپرسیارەتی  دوایی ڕاپرسی لەسەر هەموو لایەك ئەركی قورس دەبن، بە یەكریزی سیاسی و چارسەری كێشەكان دەتوانرێت بەرگەی باری قورسی ئەو قوناغە یگرین و فشارە دەركیەكانی سەر هەرێم كەم كاریگەر بكەین.

بۆیە دەبێت زۆر بەهەستیاری لەگەڵ ئەم قۆناغە مامەڵە بكرێت، بە تایبەت لەسەر ئاستی دەرەكی، چونكە كاردانەوە ئیقلیمیەكان زۆرن  و نابێت ڕامانبكێشن بۆ شەرێك كە بەرژەوەندی هیچ لایەكی تێدانیە، بە تایبەت بۆ ئێمەی كورد، ئەوەیش بەوە دەكرێت كە لە ئاستی ناوخۆیی ئیرادەی چاكسازی سیاسی و ئیداری هەبێت و لە ئاستی دەرەكیش كار بە دبلۆماسیەتی نەرم بكەین بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان و زامنكردنی پشتیوانی لە سەربەخۆیی و دانپێنانی نێودەوڵەتی.


27/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر