حكومەتی سێبەر بن نەك بچنە ژێر سێبەری دەسەڵات

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكانی خوولی پێنجەمی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان،  ئیتر باس باسی دامەزراندنی كابیەنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، لەو كابینەیەدا پارتی وەك براوەی یەكەم كە ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینە وەزاریەكە، جا كێ بەشداری پێدەكات و پشت لە كێ دەكات ئەمەیان دەوستێتە سەر هەڵوێستی ئەو حزبە هێشتا بە تەواوی روو نەبۆتەوە، ئەوە نەبێت لێرەو لەوێ لە زاری بەرپرسانیان دەبیسترێت لەگەڵ هەر لایەنێك بەپێی دەنگی خۆی مامەڵە دەكەن،  كە ئەمەشیان زیاتر پەیامە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان شەریكە دەسەڵاتی كابینەكانی ڕابردووی.
بەدەر لە پارتی و یەكێتی و ئەو كورسیانەی كە هی كۆتاكانن  و تاك كورسیەكانی نزیك لە پارتی، لایەنەكانی تر دەمێنەوە كە سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەت هەڵوێستی خۆیان یەكلابكەنەوە، كە ئایا بەشداری لە حكومەت دەكەن یان ئۆپۆزسیۆن دەبن؟ 
يەكەمیان بۆ هەموو لایەكیان قورسە و زەمینەی بەشداری كردن و پێكردنیان ئاسان نیە، یەكەم لەبەر ئەوەی ئەو هێزانە ئەگەر بڕیاری بەشداریشیان هەبێت ئەوا بە لاوازی دەچنە ناو ئەو كابینەیە، بە تایبەت كە دەبیسترێت پارتی هێزێكی دەوێت لە كابینەی حكومەت لەگەڵی بەشداری بكات،  چاك و خرابی حكومەتی قەبوول بێت و داكۆكی لێبكات، كە ئەمەیان بۆ ئەو هێزانە ئاسان نابێت، خۆ ئەگەر كردیشیان ئەوا دەبنە سێبەری دەسەڵات، لە كارە چاكەكانی حكومەت پشكی شێر بۆ ئەوان نابێت و لە خرابەكانیش بە شەریك هەژمار دەكرێن.
لە پێكهێنانی كابینەی تازەدا،  ئەمجارەیان زیاتر لە هەر جارێكی تر هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەكەونە بەر دوو بژاردەی زۆر قورس بۆیە دەبێت ژیرانە بڕیاری خۆیان بدەن و باشترین بڕیاریش لە ئێستادا دامەزراندنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی یەكگرتووی بەهێزە كە نوێنەرایەتی ناڕەزایەكانی ئەوان بكات وەك هێزی سیاسی ناڕازی لە ئەدای دەسەلات لە حوكمڕانی و تەنانەت پرۆسەكانی هەلبژاردنیش، هەرەوەها خاوەنداریەتیكردن لە ناڕەزایەكانی خەڵك و درووستكردنەوەی متمانە لە نێوان هێزە نارەزایەكان لە لایەك و جەماوەری ناڕازی لە لاكەی تر.
ئاشكرایە كە بە دامەزراندنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە پێكهاتبێت لەسەرجەم هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەتوانرێت خزمەتی چاك بە پرۆسەی سیاسی بكرێت و بیری جدیش لە پێكهێنانی حكومەتێكی سێبەر بكرێتەوە ، كە بۆ ڕاپەراندنی ئەركەكانی سەرشانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان وەك سێبەری حكومەتی هەرێم كارەكانی خۆی بكات،  لە چاودێری كردنی حكومەت و ئامادەسازی بۆ هەر حالەتێك كە حكومەتی راستەقینە تێی بكەوێت.
ئەزموونی حكومەتی سێبەر كە لە ئێستادا لە بەشێك لە وڵاتان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن پە پراكتیك كاری لەسەر دەكەن،  ئەزموونێكی چاكە بۆ ڕاپەراندنی كاری ئۆپۆزسیۆنی، لە ولاتی ئینگلستاندا لە دوایین هەڵبژاردندا كاتێك پارتی كرێكاران بە پارتی پارێزگاران دۆڕا، پارتی پارێزگاران حكومەتی پێكهێنا یەكسەر پارتی كرێكاران هەلسا بە دامەزراندنی حكومەتی سێبەر و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن مایەوە.
لەوانەیە ئەو نموونەی كە باسی دەكەین،  بەشێك لە خوێنەران بپرسن بڵێن چا كوا هەرێمی كوردستان بەراورد دەكرێت بە سیستەمی سیاسی ئەو ولاتانە و دەسەڵات قەبووڵی ئۆپزسیۆن دەكات كە حكومەتی سێبەری لە دژ درووست بكات؟
ئەم پرسیار و گومانە راست و لە جێگای خۆیەتی، بەڵام خۆ هەر دەبێت لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی شێوازی كاری خۆیان بگۆڕن تا لە لایەك ببنە جێگای متمانە پێكردنی جەماوەری ناڕازی لەو دەسەڵاتەوە و لە لاكەی تریش هێزی ئەلتەرناتیڤ و كاریگەر بن لەسەر ئەدای دەسەڵات .
باشترین بژاردەش پێكهێنانی ئەو حكومەتە سێبەرەیە كە تیایدا سەرجەم  هێزەكانی ناڕازی بەشداری تیابكەن و رۆڵی خۆیانی تیا بگێڕن، ئەوە نەكەن دەبێت بچنە ژێر  سێبەری دەسەڵات و هەموو كارێكی ئەو دەسەڵاتەیان قەبوول بێت و داكۆكیشی لێبكەن، بەمەشیان فاتیحە بۆ مەرگی خۆیان دەخوێنن.


27/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر