لە شێلادزێ شكۆی سوپایەك شكێنرا

هیوا سه‌ید سه‌لیم
  رووداوی خرۆشانە جەماوەریەكەی دەڤەری شێلادزێ كە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی سوپای توركیا و سوتاندنی چەند بنكەیەكی سەربازی لە لایەن خەلكی سڤیلی ئەو دەڤەرە لێكەوتەوە  ، ئەگەر جۆرێك بێت لە كاردانەوەی جەماوەری ناڕازی لە بەرامبەر ئەو غەدرەی سوپای توركیا لە بۆردومانكردن و شەهیدكردنی خەلكی ئەو ناوچەیە ئەنجامی دەدات،  ئەوا بە دیوەكەی تر كاردانەوەكە شكاندنی شكۆی سوپای دەوڵەتێكە كە بە دوومین هێزی ناوی هاوپەیمانی ناتۆ و شەشەمین گەورە هێز لە رووی سەربازی لە ئاستی جیهان دەناسرێت.

 رووداوەكەی جەماوەریەكەی دەڤەری شێلادزێ، دەرنجامی پربوونی جامی ناڕەزایی خەڵك بوو دژ بە رژانی خوێنی رۆلەكانیان، كە لە ئەنجامی بۆمبابارانكردنی فرۆكەكانی توركیا شەهید و بریندار بوون، كە ساڵانێكە سوپای توركیا بە بەردەوامی ئەو ناوچەیەو چەندین ناوچەی تر دەكەنە ئامانج گوند دەسوتێن و خەڵك شەهید دەكەن و ناوچەكە دەكرێتە ئامانجی سەربازی.

 لە سڵی  1994 سوپای توركیا چەندین بنكەو بارەگایان بە درێژایی سنووری خۆیان بە قوڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندوە، ئەركی ئەو بنكە سەربازیانە كارئاسانیە بۆ بۆردومانی ناوچانە، لەگەڵ ئەوەشی كە پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2003 بڕیاریدا كە داوا لە دەوڵەتی توركیا بكات هێزەكانی لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان بكێشێتەوە، بەڵام تا دێت بوونی ئەو سوپایە كێشەی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان درووست دەكات.

خەڵكی ئەو ناوچانە كە لە دۆخێكی خرابی ئەمنی ژیان دەكەن، چاوەڕوان بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەركی یاسایی خۆی هەڵسێت لە پاراستنیان لە پەلامارەكانی سوپای توركیا، بەڵام كاتێك دەگەنە ئەو راستیەی حكومەت بەو كارە هەڵناستێ پەیامی خۆیان لە رێگەی خۆپیشاندان دەگەینە سوپای توركیا، بەڵام وەك چاوەروان دەكرا سوپای توركیا وەك هەر سوپایەكی داگیركەر بە زەبری هێز رووبرووی ناڕەزایی مەدەنیانەی جەماوەر بووەوە و مێرمنداڵێكیان لێ شەهیدكردن.

ساڵی پاریش كاتێك سوپای توركیا بەهەموو چەك و تفاقی سەربازی خۆی و بەكەلك وەرگرتن لە پێشكەوتووترین فرۆكەی جەنگی (F16) شەش مانگ لەبەردەم خۆڕاگری چەكی تەقلیدی شەرڤانان دەستەوەستان مایەوە، وە ئەگەر گەلەكۆمەكی و پشتێكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان نەبوایە تا ئەمڕۆش سوپای توركیا نەیئەتوانی بچێتە ناو شاری عەفرین،  ئەوساش زۆرێك لە میدیا جیهانیەكان ئەو خۆڕاگریەی  شەرڤانانیان لەبەردەم هێزی توركیا بە شكاندنی شكۆی سوپای توركیا لەقەلەم دا.

كاردانەوەی توركیا لەبەرامبەر شكاندنی شكۆی سوپاكەیان توندە، كە خۆی لە لێدوانی ئەردۆغان و پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانیان لەگەل بەرپرسانی هەرێم دەبینێتەوە، پێدەچێت لە سیاسەتی بۆردومانكردنی ئەو ناوچانەش نەك هەر بەردەوام بن بگرە پەنا بۆ شێوازی تریش ببەن بۆ چاوترساندنی خەڵكی ئەو ناوچانە.

بەرپرسانی هەرێم دەبێت لەو راستیە تێبگەن كە ئەوەی لە شێڵادزێ روویدا دەرنجامەی سیاسەتی داگیركاری سوپای توركیایە، تا ئەو سوپایە لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان بوونی هەبێت كێشەی لەو شێوەیە بەردەوامیان دەبێت، چارەسەریش بۆ ئەو دۆخە كۆتیهێنانە بە داگیركاری نەك ئیدانەكردنی خەلك و تۆمەتباركردنیان بە گێرەشێوێنی و دەستگیركردنیان.


28/01/2019