گۆڕان روو لە پۆست و پشت لە شەقام

هیوا سه‌ید سه‌لیم

                                                                           
  لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان،  زۆربوون ئەوانەی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنیان دابوو، سەرئەنجام لەو هەڵبژاردنەدا  ئەوانەی بایکۆتی پڕۆسەکەیان کرد و نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان رێژەیان لە ٦٠٪ تێپەڕی کرد. 

 
بە بیرمە ئەو کاتە مشتومڕێکی زۆر لەسەر بایکۆت هەبوو، ئێمە پێمان وابوو بایکۆت ئەگەر لە پرۆسەکەش بکرێت نابیت لە دەنگدان بکرێت، با خەلک بە کارتی سپی گوزارش لە بایکۆت بکات، ئەگەرنا  خزمەت بە  دزی و فزیەکانی دەسەڵات دەکات، و بە نەچوونی بۆ سەر سندوقەکانی هەلبژاردن دەرفەت دەدرێتە حزبەکانی دەسەڵات پەنا بۆ تەزویر و پڕکردنەوەی سندوقەکان ببەن، هەر واشی لێهات.

 
شایانی باسە لە نێو ئەو بێ متمانەیەدا بە پرۆسەی هەلبژاردن لە کوردستان ، تا رۆژی دەنگدان خەڵکێک هەبوون  وەک دەنگدەر خۆی یەکلاینەکردبووەوە  کە دەنگ بە کام لیست دەدات، ئەو خەڵکەی کە لە هەلبژاردنەکان پێی دەوترێت دەنگی خۆڵەمێشی، بەندە یەکێک بووم لەو کەسانە.

 
ئێستا کە دەبینین هێزێکی وەک بزووتنەوەی گۆران ماراسۆنیەتی بۆ وەرگرتنی پۆست لە نێو دەسەڵات تێدەگەین کە ئەو خەڵکە بۆچی بەو رێژە زۆرە بایکۆتی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد؟

 
راستە کە هەر هێزیکی سیاسی بەشداری دەکات لە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامانجی گەیشتنە بە دەسەڵات، تا لە رێگەی بەرنامەی هەلبژاردن کە ریکلامی بۆکردووە خزمەت بە دەنگدەرانی بکات، ئاشکراشە کە  لە خوولی پینجەمی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درووشمی بزووتنەوەی گۆڕان بەرەوە دەسەڵات بوو، بەڵام کامە دەسەڵات؟ 

 
لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێک بەرەوە دەسەڵات دەچێت و پەلەیەتی،  کە ئەو دەسەڵاتە قووتی خەڵکی بڕیوە، خەڵک لە شارەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەکانی لەسەر شەقامە، لە بەرامبەریشدا دەسەڵات ناتوانێت وەلامدەرەوەی لایەنی کەمی داخوازیەکانی خەلکی بێت.

 
هەروەها ئەو چاکسازیەی لە کابینەی تازەدا کە  گۆڕان هیوای پێ هەبوو کە بکرێت، بریتیە لە دەستبردن بۆ مووچەی خەڵکی و گۆڕینی پاشەکەوت بە بڕینی رێژەیەکی بەرچاو لە مووچەی مووچەخۆران.

 
لە نێو هەموو ئەو قەیرانانەی کە لە کوردستان هەیە، وە لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی راهێنا بڵێت نا،  و بۆ داخوازیەکانی خەڵکی پێشەنگایەتی کرد، ئەمڕۆ ئەو بزووتنەوەیە پشت لە شەقام و روو لە دەسەڵاتە.

 
هەر ئەمڕۆ  لە یەک کاتدا کە لە هەولێر و سلێمانی چین و توێژەکانی خەڵک بۆ داخوازیەکانیان  لەسەر شەقامن، ئەوان خەریکی وەرگرتنی پۆستی تازەن لە دەسەڵات.
دەزانین ئێوەش بەرگەی ئەو رەخنانە ناگرن، بەڵام هەر هیچ نەبێت بەشێکتان بە تایبەت لە بەرپرسە باڵاکانتان  ئاگادارن بۆچی رەخنەتان لێدەگرین؟
بریاربوو شەش مانگ چاوەڕوانی حکومەت بکەن، وا ساڵێک بەسەر تەمەنی تێدەپەڕێت، لە ئیستادا ئێوە وەک پارتی و یەکێتی بەرپرسن لە ناڕوونی لە داهات و سەرفیات، لە گەندەڵی بەردەوام،  کە خۆتان سەبارەت بە دەروازە سنووریەکان باسی لێوەدەکەن، لە هەمووشی خرابتر لە نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و بڕینی قووتی خەڵک، بەڵام بە رێژەی جیا جیا لەگەڵ پارتی و یەکێتی.

 
جارێکیان تازە باڵی ریفۆرم لە نێو یەکێتی خۆی راگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسێکی ئەوسای ئەو باڵە  کە دواتر پۆستی جۆراوجۆری لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرت گفتوگۆمان دەکرد  ئەوەیان دەیووت:

 
(ئەرکی هەموولایەکە کە بێن ئەو ئاراستەیە لە نێو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان سەربخەین) مەبەستی ئاڕستەی ئۆپۆزسیۆن بوون بوو، منیش پێم ووت:
ئاخر خەڵکیش ترسی هەیە تا سەر ئێوەش لە کاروانەکە بەردەوام نەبن،  و لە نیوەی ڕێگا ئەو خەلکە جێیبهێڵن ، ئێستا خەریکە بزووتنەوەی گۆران بە روو لە پۆست و پشتکردن لە شەقام و وادەکات.


 





06/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر