بۆچی بەغدا نەوتی هەرێمی ناوێت؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

سالانێکە هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم  کێشەیانە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای سەربەخۆ نەوتی خۆی فرۆشت، بەغدا لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ویستی فشار بخاتە سەر هەرێم،   لە ماوەی دەسەڵاتی سێ کابینەی (مالکی، عەبدولمەهدی، و ئێستاش کازمی) ئەو پرسە بێ چارەسەری بنەڕەتی ماوەتەوە.

 

لەسەردەمی کابینەکەی (عادل عەبدولمەهدی)دا لە نێوانی هەرێم و بەغدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆکرا،  کە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرامبەر ڕادستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە بەغدا،  دووەمیان بڕی ٤٥٣ ملیار دینار وەک شایستە دارایەکان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

 

بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی وایکرد ئەو لێک تێگەیشتنەی  نێوان بەغدا- هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ درێژەی نەبێت،  و بەغداش ئەو بڕە پارەی مانگانە بۆ هەرێمی دەنارد ئیتر بە رێکوپێکی و مانگانە نەینێرێت.

 

شایانی باسە لە ساڵی تازەدا هەرێم چەندین شاندی ڕەوانەی بەغدا کردووە، لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا هەڕێم ئامادەی تێدابووە نەک ٢٥٠ هەزار بەرمیل بگرە تەواوی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکات تا لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشێت  بەڵام ئێستا بەغدا رازی نیە نەوتی هەرێم وەرگرێت.

 

جاران بیانووی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان،   لەسەر ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بوو ئەی بۆچی ئێستا بەغدا ئامادەیی تێدانیە هەرێم نەوتەکەی ڕادەست بکات؟

 

ئاشکرایە کە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی  Covid 19  ، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان رووی لە دابەزین کرد، بۆ ڕێگری لەو دابەزینە رێکخراوی ئۆپیک پڵاس کە پێک دێت لە وڵاتانی هەناردەکەری نەوت و رووسیا،  لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رێککەوتن،  و دەبوو هەموو ئەندامانی ئەو رێکخراوەش پێیەوە پابەندبن، لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە نەبێت عێراق پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، و نسبەتێک لە نەوتی هەناردەکراوی خۆیی کەم بکاتەوە.

 

جگە لەو خاڵە بەغدا دەزانێت کە نەوتی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی جێگای مشتومڕن،  و پارەیەکی زۆریشی لێ بەهەدەر دەڕوات،  بە ناوی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە و ئیدیکەش، بۆیە بەغدا ئامادەنیە نەوت لە هەرێمی کوردستان وەرگرێت.

 

ئامادەنبوونی بەغدا لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم وایکردووە هەردوولا لە رێکەوتنێکی تازە نزیک بکاتەوە، ئەویش بەوەی بەغدا تا ساڵی تازەی ٢٠٢١ هەرێم سەرپشک دەکات نەوەتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام لەبەرامبەر ڕادەستکردنی ٥٠٪ داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەغدا بڕی ٣٠٠ ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

 

ئەو ریکەوتنە تازیە ئەگەر سەربگرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی دیکە، بڕی پێویست پارە بخانە سەر ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە ئەمەشیان لەبەردەم چەندین ئاڵنکاریی دادەبێت،  بەوەی ئەگەر جارێکی دیکە نەوت نرخەکەی دابەزێتەوە، یان حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتە نەکات.

 

بەغدا بەو رێکەوتنە تازەیەیی  تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەرێم لەسەریەتی لە بڕی پەنابردنە بەر بڕینی مووچە و دواخستنی،  بیر لە هەنگاوەکانی چاکسازی بکاتەوە، تا لەوە زیاتر خەڵک لە چاوەڕوانی مووچە پەنا بۆ سیاسەتی سک گوشێن نەبات.

 

لای هەموو لایەک روونە کە لە ساڵی   ٢٠١٤ وە تا ئێستا،  خەڵکی کوردستان کراوەتە قوربانی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، جارێک مووچەی پاشەکەوت دەکریت،  و جارێک لێ دەبڕێت و مانگی بۆ درێژ دەکرێتەوە، بەشێوەیەک کە کەم مووچەخۆر هەیە بزانێت کە چەند پارەی لای حکومەتە، بۆیە خەڵک بەپەرۆشەوە لە چاوەڕوانی ڕێکەوتنی نێوان  بەغدا و هەرێمن. 

 

29/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر