دیسان لێبڕینی مووچە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

هەفتەی ڕابردوو مووچەخۆران دڵیان خۆشبوو بەوەی کە بیستیان  لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگێکی خاوەن ویژدانیان دژ بە لێبڕینی مووچەکانیان وەستاوەتەوە،  و دەنگیان بە بڕیاری بڕینی رێژەیەک لە مووچەکانیان نەداوە، کەچی دەرکەوت ویژدانی ئەوانە زۆری بڕنەکرد،  وا جارێکی دیکە ئەو بڕیارە ناڕەوایە لە هەمان ئەنجوومەن تێپەڕیندرا،  و بۆ ئەمجارەشیان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار ئەنجوومەنی پشت لاپتۆپەکان دەستیان بردەوە بۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم!!  

 

بڕینی ٢١٪ مووچە لە ژێر هەر بیانووێک بێت زوڵمێکی یەکجار گەورەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مووچەخۆران بە گشتی و ئەو چین و توێژانەی دەکات کە مووچەکانیان کەمە و بەشی بژێوی ژیانیان ناکات، هەروەها ڕێوشوێنێکی نایاسایە و پشت بە هیچ دەقێکی یاسایی نابەستێت، بگرە قۆستنەوەی بێ دەنگی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە،  بەوەی حکوومەت هەر کاتێک بیەوێت دەست بۆ مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان ببات، جارێک بە ناوی پاشەکەوت و ئەو جارەشیان  بە لێبڕینی ٢١٪.

 

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم تەنیا هەر لێبڕینی رێژەیەک لە مووچە نیە، بگرە دوو سزای قوڕسە خراوەتە سەر مووچەخۆر، یەکەمیان بەوەی مووچە لە شەست رۆژ جارێک دابەش دەکرێت،  پاشان ئەو رێژەیەی لێدەبڕێت، واتا لە ساڵی ئەمساڵدا شتێک نەماوە بە ناوی مووچەی مانگانە، ئەوەتا لە مانگی ئاب مووچەی مانگی ئادار بە بڕینەوە دابەش دەکرێت،  و دەبێت بۆ مووچەی مانگی نیسان چاوەڕوانی مانگی ١٠ بکرێت،  واتا ساڵ تەواو دەکرێت مووچەخۆران بەو پلانەی حکومەت بێت تەنیا پێنج مووچەی بڕاو وەردەگرن.

 

شایانی باسە ئەو لێبڕینە لە کاتێک دایە کە لە نێوانی حکومەتی هەرێم و ناوەند ڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە کراوە، بۆیە ئەو پرسە جێگای پرسیارە بۆچی هەفتەی ڕابردوو کە ئومێدیکیش بە ڕیکەوتن نەمابوو ئەو بڕیارە لە ئەنجوومەنی وەزیارن تێنەپەڕی،  بەڵام ئێستا دوای هاتنی پارەکەی بەغدا جارێکی دیکە دەستیان بۆ بڕینی مووچە برد؟!

 

دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە لە کوتلەی وەزاری یەکێتی و گۆڕان وەرگرینەوە، چونکە وا بڵاوکرایەوە کە هەفتەی ڕابردوو ئەوان دژ بەو لێبڕینە بوونە.

 

هەموو لایەک دەزانین  کە لە هەرێمی کوردستان مووچەخۆران باجی ناشەفافیەت و گەندەڵی دەسەڵاتداران دەدەن، بۆیە تا دێت پردی متمانەی نێوان دەسەڵات و خەڵکی لاوازتر دەبێت، ئەوەش وایکردووە کە خەڵکی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی بە گومانەوە لەهەر هەنگاوێکی دەسەڵات بڕوانن. 

 

وا بڕوات دەبێت مووچەخۆران بڵێن هەزار رەحمەت لە کفن دز، هەرنا لە ساڵانی ڕابردوو پێیان دەوترا دڵ لە دل مەدەن مووچەکەتان بۆ پاشەکەوت دەکەین و رۆژێک دێت بۆتان دەگێڕینەوە.

 

بەڵام ئەو کابینەیە زۆر بێباکانە لە پشتی لاپتۆپەکانیان بریار لەسەر لێبڕینی مووچە دەدات و مانگیش لای ئەوان هەموو پێوەرێکی فەلەکی تێپەڕاندووە،  و واش بروات بە فەرمی ساڵ دەکرێتە چوار مانگی وەرزی.

 

لەسەردەمی قەیرانی کۆڕۆنا حکومەتەکانی دونیا هەرچیەکیان کرد بێت بەڵام دەستیان بۆ مووچەی مووجەخۆران نەبردووە، بگرە هاوکاری هاوڵاتیانیان کردووە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، بەڵام  لە هەرێمی کوردستان ئاسانترین کار کە حکومەت پێی بوێرێت بڕینی مووچەیە، لە شوێنی ئەوەی  دەست ببات بۆ گێرانەوەی داهاتی دزراوی سنوورەکان و پارەی بەهەدەردراو لە داهاتی نەوت و بڕینی ئەوەی لە ژیر ناوی بن دیوار دەیبەخشنەوە بە خەڵکی ناشایستە.


17/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر