شەڕی گەیشتن بە كۆشكی سپی: كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ یان بایدن؟(1)

هیوا سه‌ید سه‌لیم

چەند مانگێكە ئەمەریكا لەنێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دایە، پرۆسەكە بە كۆنگرەی دوو حزبی ڕكابەر (كۆماری و دیموكرات) بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٠دەستیپێكرد.

 

 
رۆژی (٣ )ی نۆڤەمبەر قۆناغی یەكەمی دەنگدان لە تەواوی ویلایەتەكانی ئەمەریكا دەستپێدەكات، دانیشتوانی ئەمەریكا لە ٥٠ ویلایەت دەنگ بۆ ٥٣٨ كەس دەدەن،  كە دواتر ئەوان (٤٦)مین سەرۆكی ئەمەریكاهەڵدەبژێرن،  لە پرۆسەیەكدا كە لە رۆژی دووشەمەی یەكەم لە مانگی ١٢ ئەنجام دەدرێت.

لە نێو كێبركێ توندی نێوان كۆماریەكان و دیموكراتەكان،  هەردوو حزب لە رێگەی كۆنگرەی پارتەكانیان كاندیدانی خۆیان بۆ ئەو پێشبڕكێیە یەكلاكردۆتەوە، جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان و دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكانە.

باگراوندی سیاسی هەردوو ڕكابەرەكەی سەرۆكایەتی:

 

 
جۆ بایدن:

 

 
لە تەمنی ٧٧ ساڵەی دایە،  لە ٢٠/١١/ ١٩٤٢ لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە دایك بووە، كۆلیژی مافی تەواو كردووە،  و پێش ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سینات هەڵبژیرێت كاری پارێزەری دەكات، لەو كارەیدا زۆر هاوكاری هەژارانی كردووە، نووسینگەی پارێزەری گشتی دەكاتەوە بۆ كاری خۆبەخشی.

لە تەمەنی ٣٠ی ساڵی كاندید دەكڕێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لە ویلایەت دێلەوا، شایانی باسە لە دەستوری ئەمەریكا هاتووە كە مەرجی كانیدبوون بۆ ئەنجوومەنی پیران ئەوەیە كاندید تەمەنی ٣٠ ساڵ بێت، بەلام بۆ ئەنجوومەنی نوینەران دەستوور مەرجی ٢٥ ساڵی دیاریكردووە.

جۆ بایدن،  لەبەر خۆشەویستی لە نێو جەماوەر لە هەلبژاردنی ساڵی ١٩٧٣  سەركەوتن بەدەست دێنێت،  و دەبێتە یەكەمین كەس لەو شەش كەسەی كە بچووكترین سیانتۆری ئەنجوومەنی پیران دەبن،  و تا ئێستاش شەش جار بۆ ئەو پۆستە هەلبژێردراوە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەو خوولەش لە چوار گەورەترین ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت لە رووی تەمەنەوە،  كە تا ئێستا ٣٦ ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە، لە ماوەی شەش خوول كە هەر خوولێكی ئەنجوومەنی پیران بەپێی ماددەی یەك لە دەستوری ئەمەریكا تەمەنی شەش ساڵە.

ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەركەوتنی بایدن لە هەلبژاردنەكانی كۆنگرێس:

 

 
-جۆ بایدن لە هەژارەوە دێتە ناو سیاسەت، تەنانەت لە یەكەمین پڕۆسەی خۆ كاندیدكردنی پارەی نابێت ریكلامی پێبكات و لە رێگەی پۆستەوە ریكلامەكانی خۆی دەگەیەنێتە دەنگدەرانی، كاتێك دەبیتە سیناتۆریش لە رێگەی شەمەندەفەر هاتووچۆی كردووە.

 

 
-ئەو كاتەی كە پارێزەر دەبێت بە خۆبەشی خزمەت دەكات.
-كاركردنی دژی جیاوازی ڕەگەزی، بەتایبەت كاتێك پشتیوانی ڕەشپیستەكان دەكات بۆ بەدەستهێنانی خانووی نیشتەجێ بوون، شایانی باسە كاتی خۆی بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی لە ئەمەریكا خانوو نەدەدرا بە كەسانی ڕەشپێست تەنانەت ئەگەر كەسەكە پارەداریش بووبێت.
-داكۆكیكردنی لە پرسی ژینگەپارێزی.


زانیاری زیاتر لەسەر جۆ بایدن:

 

 
-بایدن سالی ١٩٧٨ كاندیدی دیموكراتەكان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا،  بەڵام بە هۆی ئەوەی كە بەشێك لە وتارەكەی بریتی بووە لە وتاری كەسێكی سیاسی وڵاتی بەریتانیا،  ئەو بابەتە لە لایەن  ڕكابەرەكەی قۆسترایەوە، سەرنجام بایدن لەو پرۆسەیە كشایەوە،  و لە هەمان كات دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران كرد، بەڵام داواكەی ڕەتكرایەوە، بەشیك لە كۆماریەكان رۆڵیان هەبوو لە ڕەتكردنەوەی ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە.

-جۆ بایدن یەكێك لەو سیناتۆرانە بوو هەمیشە لە خزمەتی ئەمەریكا كاری كردووە و دوور بووە لە حزبایەتی تەسك، ئەمەیان وایكردووە باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەشێكی سیانتۆرە كۆماریەكانیش هەبێت، بۆ نموونە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بۆش یەكێك لەو سیناتۆرە دیموكراتانە دەبێت دەنگ لە قازانجی لێدانی عێراق دەدات كە دیموكراتەكان دژی ئەو بڕیارە بوون.

-ساڵی ٢٠٠٨ پرۆژەی دابەشكردنی عێراق بۆ سەر سێ هەرێمی فیدڕاڵی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران دەكات .
-لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئۆباما دەكرێتە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا.

گرنگترین ووتەی جۆ بایدن:

 

 
دەتوان وەك كەسێك بە شادی بمرم بە بی ئەوەی ببمە سەرۆكی ئەمەریكا بەڵام ئەوەیان رێگا لە كاندیدبوونم ناگرێت بۆ ئەو پۆستە.

دوو ڕووداوی كۆمەلایەتی كە كاریگەریان لەسەر ژیانی سیاسی بایدن داناوە:

 

 
-ساڵی ١٩٧٣ كاتێك كاندید دەبێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران خێزانەكەی و كچێكی و دوو كوڕەكەی تووشی رووداوی هاتووچۆدەبن، سەرەنجام ژنەكەی و كچەكەی گیان لەدەست دەدەن، ئەو رووداوە وای لێدەكات لە كاندیدی بكشێتەوە بەڵام پارتەكەی لێ قەبوول ناكات.

 

 
-سالی ٢٠١٥ (ئۆ بایدن )ی كوڕی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی سەرەتانی مێشك گیان لەدەست دەدات، ئەو كوڕەی كە ئەندامی داواكاری گشتی بووە و كاندید بووە بۆ حاكمی ویلایەتەكەی كە تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت باوكی توانای چارەسەری نابێت، ئەم رووداوە دەبێتە هۆی ئەوەی بایدن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ٢٠١٦ بكشێتەوە.


30/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر