بۆچی ئێران لەکێشەی نەکەرنۆ کەرەباغ پشتیوانی لەدەوڵەتی ئازرباینجانی شیعە ناکات؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٩٧٩و هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران، ئەو وڵاتە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی پەیڕەوکرد، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە پێکهاتەی شیعەی تێدابوو، نمونەی لوبنان‌و عێراق‌و سوریاو یەمەن، کەچی لەقەیرانی نێوان وڵاتی ئازربایجان‌و ئەرمینیا کە لەسەر ناوچەی نەکەرنۆکەرباغ سی ساڵە سەریهەڵداوە ئێران پشتیوانی لەئازربایجانی زۆرینە شیعە ناکات بگرە پشتیوانی لەوڵاتی ئەرمینیا دەکات، لەئێستادا کە خەریکە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەرم دەبێتەوە، تورکیا بەئاشکرا پشتیوانی لەئازەربایجان دەکات.

دەنگۆی ئەوەی هەیە ١٠٠٠ چەکداری بەکرێگیراوی سوری ڕەوانەی ئەو جەنگە کردبێت بۆ پشتیوانی لەئازەریەکان دژ بەئەرمینیا، روسیاش کە رێکەوتنی سەربازی هەیە لەگەڵ ئەرمینیا لەچوارچێوەی رێکەوتنی ئاسایشی هاوبەشی وڵاتانی یەکێتی سوڤیەتی کۆن کە ئازەربایجانی واژۆی لەسەر نەکردوە ئەویش ناڕاستەوخۆ پشتی ئەرمینیا دەگرێت، هەڵوێستی ئێران لەپستیوانیکردن جێگه‌ی هەڵوەستەیە، چونکە ئەرمینیا وڵاتێکی مەسیحەو ئازربایجان موسڵمانی شیعە مەزهەبە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ هۆکاری سیاسی‌و جوگرافی.

ـ لەئێراندا ئازەریەکان سێیه‌كى دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن دوای فارسەکان دوەمین نەتەوەن، ئێران ترسی لەباڵادەستی ئەو نەتەوەیە هەیە بۆیە خوازیارە کە کۆماری ئازربایجان بەکێشەی دیکەوە سەرقاڵبێت.

- کێشەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر سەرچاوەکانی وزە لەدەریای قەزوین.

- ئاربایجان هێندەی لەتورکیا نزیکە هێندە لەئێرانی شیعە نزیک نییە.

- ئێران‌و ئازربایجان لەبەرەبەیانی مێژووەوە وەک دوو دراوسێ لەنێوانیان کێشە هەبووە، دوایین نمونەش دەستوەردانی ئازەریەکانه‌ لەکاروباری ناوخۆی ئێران بەتایبەتی لەسەردەمی یەکێتی سوڤیەت‌و پستیوانیکردن لەدامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەهاباد ساڵی ١٩٤٦.

شایانی باسە نەکەرنۆ کەرباغ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دانپێدانەنراوە لەسەر خاکی ئازربایجان کە ٩٠٪ دانیشتوانەکەی ئەرمەنین ساڵی ١٩٩٢ وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیاندوەو هەمان ساڵێش هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە، لەوساوە چەندینجار دەوڵەتی ئازربایجان هەوڵیداوە ئەو ناوچەیە بەهێز بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لەئێستادا چەند رۆژێکە جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان ئازربایجان‌و ئەرمینیا لەو ناوچەیە سەریهەڵداوەتەوەو تورکیا لایەنێکی ئەو جەنگەیە.

03/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر