ئەو بڕیارەی هەژارەکان هەژارتر دەکا

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دواجار بانکی ناوەندی عێراقی بڕیارە قورسەکەی دا، ئەویش بە داشکاندنی بەهای دروای عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، زۆرکەس بە هەڵە خوێندنەوە بۆ ئەو بڕیارە دەکەن، وای نیشان دەدەن کە بەهای دۆڵاری ئەمەریکی بەرزبۆتەوە،  کە وانیە،  بگرە بانکی ناوەندی بڕیاریدا کە بۆ لەمەودوا بەهای دیناری عێراقی بەم شێوەیە دەبێت(١٠٠$ یەکسان دەبێت بە ١٤٧٠٠٠ دیناری عێراقی)  بەم  بریارەشیان بەهای دیناریان بە رێژەی  ١٨٪ دابەزاندووە.

 

دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لە کاتێک دایە حکوومەتی بەغدا و ئەنجوومەنی نوێنەران سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ تێپەڕاندنی میزانیەی (٢٠٢١)ن، گەورەترین ئاڵنکاریش لەبەردەم ئەو کارە بریتیە لە ئەو ٥٢ تریلیۆن دینارە لە  کورتهێنانی بودجە،  بۆیە دەبوو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق کارێک بکەن ئەگینا پێشبینی دەکرا عێراق بەرەوە مایەپووچی ئابووری بچێت.

 

شارەزایانی بواری ئابوری ئەو کورتهێنانە  بۆ چەندین هۆکار دەگێڕنەوە کە پەیوەندیان بە بارودۆخی خودی و بابەتیەوە هەیە لە عێراقدا.  لە نموونەی (گەندەڵی و بە فیڕۆدانی زۆری پارەی ئەو ووڵاتە، بێکاری دەمامکدراو لە دەمەزراندنی هەزاران کەس دوور لە پێویستی، شەڕی داعش، پەتای کۆڕۆنا،  دابەزینی بەهای فرۆشی نەوت) بەتایبەت ئەوەی دواییان چونکە ئابووری عێڕاق زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

 

شایانی باسە بەر لەوەی حکومەتی عێراق بڕیار بدات بەهای دراوەکەی لەبەرامبەر دۆلار دابشکێنێت، چەند ڕێگاچارەی دیکەی لەبەردەم بوو کە نەیتوانی ئەنجامیان بدا، ئەویش چاکسازی و گێڕانەوەی پارەی بەهەدەردراو، چاوەڕوانی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت، بەڵام چونکە ئەو تەنگەژەیەی ڕووبەڕووی عێراق بووبوو هێندە ئاڵۆزە، و ململانی سیاسیەکان کۆسپ بوون لەبەردەم چاکسازی، بەتایبەت کە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە دایە، بۆیە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی دەستیان بۆ بڕیارە قورسەکە برد.

 

لەو بارودۆخە خراپەی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دابەزاندنی بەهای دینار باری سەرشانی هاوڵاتیان زیاتر قورستر دەکات، لەلایەک داهاتەکەیان کە بە دراوی خۆماڵیە بەراورد بە دۆلار بەهاکەی  دادەشکێت، بە دیوێکی دیکەش زۆربەی کاڵاکان لە بازاڕ گرانتر دەبن.

 

لە لایەکی دیکە بڕیاری داشکاندنی دینار ناسەقامگیری لە بازاڕ درووست دەکات، چونکە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت زۆربەی مامەڵە قورسەکان لە بازاڕەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە دۆلار ئەنجام دەدرێن، لە نموونەی مولک و خانووبەر، ئۆتۆمۆبێل، هەناردەکردنی کاڵ و خواردەمەنی.

 

پێشبینی دەکرێت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەت چینە هەژار و نەدارەکەی،  و  ئەوانەی داهاتیان سنووردارە،  بەکەونە ژێر بارێکی یەکجارقورسی ئابووری، بە تایبەت ئەوانەی لە ساڵانی رابردوو پەنایان بۆ قەرز و قیست بردووە،  لە کڕینی خانووبەر و ئۆتۆمۆبێل و ئیتریش، چجای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان مووچە بە دوو مانگ جارێک و بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت داشکانی بەهای دراویشی هاتەسەر.

 

دواجار دەڵێین وێڕای ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان، بانکی ناوەندی بڕیاری خۆی بۆ داشکاندنی دیناری عێراقی دا، بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق حسابێکی ئەوتۆی بۆ لێکەوتە خرابەکانی ئەو بڕیارە کرد بێت، لای ئەوان گرنگ پرکردنەوەی کورتهێنانەکەیە، ئەگەرنا گەندەڵی و بەهەدەردان بەردەوامە، ئەوەی جێگای نیگەرانیشە بۆ لەمەودوا بە جیبەجێکردنی ئەو بڕیارە چینە هەژارەکە هەژارتر دەبێت. 


20/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر