زیادە بۆ ساختەکاری لە سایەی بایکۆتی رێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەران کە نرخی کورسی پەرلەمانی هەرزان کرد پارتی بۆتە زل هێزێکی بێ رکابەر، یەکێتی بچێک هەڵکشاوە، گۆڕان زۆر دابەزیوە، ئیسلامیەکانیش تەراوح دەکەن، ئەمە تابلۆی نەخشەی سیاسی کوردستانە پاش هەڵبژاردنەکانی نیو ساڵی دوایی.
ئەگەرەکانی وەرگێرانی ئەم تابلۆیە بۆ سیاسەت و حوکمرانی چین؟
دو جۆرە وەڵامی سەرەکی لە ئارادان، یەکەمیان پارتی و یەکێتی وەک جاران حوکمرانی بە هەندێک رتوشەوە دابەش بکەن، ئەگەرێک هیچ لە کرۆکی سیستەمی حوکمرانی ناگۆرێت.
وەڵامی دوەم وابەستەی چەند فاکتەرێک و نیەتی هێزەکانە، بە تایبەت پارتی و گۆڕان.
پێش هەڵبژاردنەکان پارتی پەیامی توند و زبری بۆ یەکێتی هەبو، تایبەت دوای ئەوەی دکتۆر بەرهەم بو بە سەرۆک کۆمار، لە نێو دێرەکانی ئەو پەیامەدا پێشبینی دەکرێت پارتی وەک جاران مامەڵە لە گەڵ سەرانی یەکێتیدا نەکات و پرەنسیپی شەراکەت لە گەڵیاندا بگورێت بۆ بەشداریکردنێکی سنورداریان لە کابینەی نوێی هەرێم، هەروەک لە بەغدا پێداگری لەو جۆرە مامەڵەکردن لە گەڵ یەکێتیدا دەکات.
ئەم پەیامەی پارتی ئاکامی چەند روداوێکی زۆر گرنگ بو، کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، بەربەرەکانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار، رێکەوتن و گرێبەستەکانی یەکێتی لە گەڵ هێزە عەرەبیەکان تا بەدەر لە ئیرادەی زۆرینەی کورد دکتۆر بەرهەم پۆستەکە وەربگرێت و دواتر هەوڵە تاکلایەنەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پەراوێزکردنی پارتی لە دڵ و قودسی کوردستان.
یەکێتی پشتئەستور بە هەڵکشاندنێکی بچوک لە کورسیەکانی ( نەک دەنگدەرانی) و دامرکاندنی روکەشانەی کێشە ناوخۆییەکانی و گەمەکانی تازە دەسەڵاتدارە هەڵكوەتەکانی بەدەر لە پێویست غرور و خۆباییبون و گرژی پێوە دیارە، هاوکات پشتئەستوریش بە ئێران و هێزە شیعەکانی عێراق بواری ئەم گەمە مەترسیدارانەی بۆ لواوە، مەترسیدار چونکە یەکێتی تاکە هێز نیە لە گەمەکانی ناوچەکە رۆڵ دەبینێت، چەندین وڵات و هێزی زۆر بەهێزتر لە یەکێتی لە گۆرەپانەکەدا حزوریان هەیە. گۆرین و تێکچونی زیاتری دۆخی ناوچەکە و ئێران و عێراق ئەگەرێکی واقیعیە، لەو حاڵەتەدا یەکێتی شتێکی ئەوتۆی بە دەستەوە نامێنێت. هەرچەند یەکێتی پشتئەستور بێت بە مێژو و تێرامانەکانی بۆ ئایندە وەلێ لە گێژاوی دۆخی سیاسی ئەم سەردەمەی ناوچەکە و کاتێک ساتی یەکلاکردنەوە هات ئەو خەسڵەتانەی یەکێتی بە هەند وەرناگیرێن، بەرژەوەندیەکانی گەمەکەرە زەبەلاحەکان بریاردەری سەرەکی دەبن لە دیاریکردنی ئاراستەی روداو و گۆرانکاریەکان. بێگومان ئەزمونی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەم راستیە دەسەلمێنن، دو روداو کە پێگە و هێزی یەکێتی و پارتی یان بە بارمتە گرتوە و دەرفەتی سەروەری و سەربەخۆییان زۆر سنوردار کراون. دەستتێوەردانی زەقی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری و ئابوری هێزە دەرەکیەکان لە کاروباری هەرێم ئەو سنوردارکردنە دەسەلمێنن.
لەم سەردەمەدا نرخ و داهاتی نەوت کێرڤی پەیوەندیەکانی ئەو دو هێزە دیاری دەکات، ئەم هاوکێشەیە بە زەبری هێزی چەک و فاکتەرە ئیقلیمیەکان ئاراستە دەکرێت، لە ئێستاشدا زلهێزەکانی دنیا بە خەستی لەسەر خەتن و ئەجێندایان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و هێڵەکانی گواستنەوەیانە لە گەڵ کۆکردنەوە و گەمارۆدانی هێزە توندرەوە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەمان. ئەزمونی داعش سەلماندی کە زلهێزەکان کوردیان بەکارهێنا و لە دوا مەتافیشدا باشوری کوردستان زەرەرمەندێکی گەورە دەبێت لە پرۆسەی جەنگ دژ بە تێرۆریزم.
هەرچی پارتیە فێری هونەری خۆپاراستن و مانەوە بوە، بەشێکی گرنگی ئەم هونەرە زادەی زەمینە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی پارتیە کە لە مێژە ماڵباتی بارزانی ئەندازیارین، بۆیە بۆ پارتی ئاسانترە خۆی لە گەڵ گۆرانکاریەکان بگونجێنێت و مانەوەی خۆشی لە مەدای دوردا زامن بکات.
ئەگەرچی پارتی لە دوای نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبو مام جلال ەوە بە نەرمی و سەبرەوە مامەڵەی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی یەکێتی کردوە، پێموایە گۆرانکاری بە سەر ئەو هاوکێشەیە رودەدات، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزە کە پارتی داکشان و لەرزۆکی هێزە ئۆپزسیۆنەکان، تایبەت گۆڕان، بۆ هاوکێشەیەکی حوکمرانی بەکار بهێنێت کە تێیدا یەکێتی پەراویز بکرێت و وەک بەشداربویەک بە قورسایی پێگەی پەرلەمانی لە کابینەی نوێدا مامەڵەی بکات.
سروشتی لۆکاڵی هێزە گەورەکانی کوردستان لەم ئەگەرەدا ئەو فاکتەرە گرنگە دەبێت کە پرسەکانی حوکمرانی و ئارامی و ئاسایشی لۆکاڵی دەڤەرەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی بکەونە بەر رەحمەتی ئیزدواجیەتێکی مەترسیداری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و هێزە لۆکاڵیەکان و گەمەی هێزە ئیقلیمیەکانەوە، ئەم ئەگەرە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستتێوەردانی هەمە لایەنە لەو ناوچانە و خەستبونەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکان.
گۆڕان لە کوێی ئەم دۆخەدایە؟
لە گێژاوی ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پێگە لاوازەی ئێستای بزوتنەوەکە بیر دەکەنەوە لە سایەی حوکمرانی و دابینکردنی پۆست و پێگەی حکومی تەوژمێک بە خۆیان بدەن و چەند گروپێکی ناو گۆڕان رازی بکەن، بە هیوای ئەوەی بتوانن جەماوەری تورەی گۆڕان بەچەند دەسکەوتێکی کاتی هێوربکەنەوە، هاوکاتیش لە سایەی ئەو هێورکردنەوە ئامادەسازی بکەن تا رەوشی ناوخۆی گۆڕان بە سودی خۆیان بشکێننەوە.
کوردەواری دەڵێت: رەمەزانی بەجوانی گرت ئەنجا نۆرەی شەشەڵانە
بژاردەکردنی ئاراستەی بەشداربون لە کابینەی هەرێم لە پێگەیەکی شکستەوە سیاسەتێکی بەسەرچوی بێ سودە، چونکە لە لایەکەوە کارتەکان و هاوسەنگی نێوان هێزەکان ئاشکران و بە ئاسانی دەخوێنرێنەوە کە لە بەرژەوەندی گۆڕاندا نین، لە لاکەی تریشەوە زۆربەی هەڵسواراوان ئەم بژاردەیە لە ئێستادا قبوڵ ناکەن.
بۆیە سەرانی گۆڕان هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر داکشانی بزوتنەوەکە بخەنە بەر رەحمەتی چەقۆی فەرمانرەواییەکی نادیار و ناجێگیر و تەنراو بە تەکتیک و گەمەی سیاسی، ئەو رەوشانەی کە گۆڕان هیچ پێویستیەکی پێیان نیە تا پێگەی خۆی راست بکاتەوە. تاکە شا رێگا بۆ بە دەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەری گۆڕان گۆرانکاری و چاکسازی ناوخۆی بزوتنەوەکەیە و ئاراستەکردنیەتی لە سایەی پرەنسیپەکانی گۆڕان و رێبازی کاک نەوشیروان.
لە ئەزمونەکانی جیهاندا زۆر هێز توشی شکست و پاشەکشە بوە، هەڵسانەوە و بوژاندنەوەی زۆربەیان بە رێگەی رێكخستنەوەی نێو ماڵی خۆیان دەستی پێکردوە و لەو پرۆسەیەدا پەنایان بۆ شتی لاوەکی نەبردوە.
هەر شتێک بەدەر لەم هاوکێشەیە بکرێت ئەنجامێکی پتەوی نابێت، بێگومان لە دوا مەتافدا گۆڕان باجێکی زۆرتر لە ئێستا دەدات، دۆخێک ناکرێت گۆرانخوازان تەماشەکەرێکی پاسیڤی بن.