نەتەوە و نیشتمان و گۆڕانی ئێستا!

چیا عەباس

ئە‌ی وە‌تە‌ن مە‌فتوونی تۆم‌ و شێوە‌تم بیرکە‌وتە‌وە
 وە‌ختی بە‌ندیی و ئە‌سارە‌ت، پێ بە تە‌وق ‌و کۆتە‌وە
 من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نە‌بووم، وا تێنە‌گە‌ی
 حە‌پس و تێ‌ھە‌ڵدان‌ و زیللە‌ت تۆی لە بیر بردۆتە‌وە
 شاعیر و نوسەر و هونەرمەندە ناودارەکانی کورد لە کوردستانی گەورە ئیرسێکی گەورە و دەوڵەمەندی نیشتمانی و نەتەوەییان بۆ جێهێشتوین. ئێستاش پاش دەیان ساڵ کە بەرهەمەکانیان بەر گوێ و چاومان دەکەون موچورکەی وەفایی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوە و کڵتوری رەسەنمان سەرتاپای جەستەمان دەوروژێنێت. 
زۆربەی ئەم کەڵە پیاوانە بە هەژاری و کەم دەرامەتی و لە ژێر زەبر و زەنگی دوژمن و داگیرکەراندا ژیاون، بەڵام بۆ خۆیان مێژویەکیان تۆمار کردوە کە بە زیندویی دەمینێتەوە. 

سەرکردە ناودارەکانی کورد بە فەخر و سەربەرزیەوە روبەروی مەرگ دەبونەوە و بەرەو پەتی قەنارە دەرۆیشتن، کورانی نیشتمان به ئه‌شقەوە" ئه‌چـــوون به‌ره‌و پیری مـه‌رگه‌وه" و لە مێژوی میلله‌تەکەمان " قه‌ڵغـانی گوله سنگی کچان بو له هه‌ڵــمه‌تا". 
نەتەوە و نیشتمانەکەمان لە سەدەیەک قوربانی و ئەقیانوسێک لە خوێن بە دەست دوژمنەوە سوتێنران، وێران کران، ئەتک کران، کیمیا باران کران، راگوێزران و ئەنفال کران.

 کۆمەڵێک رۆڵەی نیشتمان درێغیان لە بەرگریکردن نەکرد، نیشتمان و نەتەوەیان خۆش دەویست، خەمخۆری ئایندەیان بون، بۆیە گیانبەخشانە روبەروی مەرگ دەبونەوە. رۆڵەکانی میللەت لە شاخ و گوند و شار راپەرین، گەورەترین شکستیان بە سەر سەختترین دوژمندا هێنا، میللەت ناچاری کۆرەوێک بو کە سۆز و پشتگیری دنیای بۆ کورد بە دەستهێنا، ئەمانە تابلۆی پر سەروەری و شانازی نیشتمان و نەتەوەکەمانن. 
کاتێک شۆرشگیرەکانی دوێنێ بون بە فەرمانرەوای نەتەوە و نیشتمان، بەشێکیان هێدی هێدی بونە مۆتەکە، تەماع و حەزە شەیتانیەکانیان بونە جێگرەوەی یاسا و رێساکانی ئازادی و فەرمانرەوایی رەوا، نیشتمانیان لەت کرد، نەتەوەیان لەت کرد، زمانیان لەت کرد، پێشمەرگەیان لەت کرد، حوکمرانیان لەت کرد و لە دوا مەقامیشدا تەماع و تێرنەبون خۆشیانی لەت کرد.

 بەوەشەوە نەوەستان، لە سەر چەند تورەکەیەک پارەی خوردە نیشتمانیان خەڵتانی خوێن کرد، هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتەیان کردە خۆراکی تونەکانی مەرگ، ئیرادە و سەربەخۆیی نیشتمان و نەتەوە کەوتنە ژێر رەحمەتی سەرسەختترین دوژمنانی کورد. شەقی دەرەکی و زەمانە سنورێکیان بۆ دانان، ئەم دەرفەتەشیان قۆستەوە و بە پاساوی ئاشتیەوە نیشتمان و نەتەوە و سەروەت و سامان و سەروەریان هەراج کرد. نەتەوە هاتە دەنگ و گوتی ئەمەیان لە شەر و خوێنرشتنی یەکتر باشترە، لەوانەیە تێر بن و چاوێکی بەزەیی بە نیشتمان و نەتەوە ببەخشن.
 هیچ نەما بە نەتەوە نەکرێت، گەندەڵی، کوشتن، سزادانی سیاسی، نانبرین، قرتاندنی موچە، زیندانی و ئەشکەنجەدانی دەنگی نارەزا و ئازدایخواز.... تاد. 

بە مانەش هەر سوکنایان نەهات، حەزە زلەکانیان خەست و هەڵچو وروژابون، تەلار و باڵەخانە و کۆمپانیا و پاڵاوگە و بیرە نەوتەکانیان کردنە پێوەرەکانی فەرمانرەوایی و ئاشتی و شەر. 

ریفراندۆمیان کرد، ناکۆکی سیاسی ناوخۆ و ئاغاکانی دەرەوەی کوردستان شکستیان بە پرۆسەکە هێنا، نیشتمان و نەتەوە برانەوە بۆ سەدەیەک لە مەو پێش، دوا بە دوای ئەم بێ ئومێدیەش نیوەی خاکی نیشتمانیان لە سەر سینیەکی ئاڵتونی تەسلیم بە داگیرکەر کردەوە. 
زۆر بێباکانە بۆ پۆستێک. کە وەک بوکەشوشەی شانۆی منداڵان و برێک پارە هیچ بەهایەکی تری نیە، شەری نێوان خۆیان بردە پایتەختی داگیرکەری شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی، نیشتمان و نەتەوە جارێکی تر کرانەوە سوتەمەنی حەزە تایبەتیەکانیان. لەو ساتەوەش داشی بەغدا ئەوەندە زاڵە، سەرۆک کۆمارە کوردەکە و رەعیەتی وەزیران و نوێنەرانی کورد وەک زائیرێکی بێ ئۆقرە و بێ سەبر هەر هەوڵ دەدەن دوعا و نوشتە تایبەتیەکانیان بە قوببە زێرینەکانی نەجەف و کەربەلاوە بلکێنن. پاش سەدەیەک هێشتا تێنەگەیشتون بەغدا سەرچاوەی ئاشتی و سەقامگیری و ئازادی و ئایندەیەکی گەشی نەتەوە و نیشتمان نیە. ئەم هەڵپە و راکردنە بە دوای سەرابدا مانای چیە؟ ئەمانە بە دەستی خۆیان ماڵی کوردیان گەیاندە ئەم ئاستە وێرانەیە. 

سەرەرای ئەم واقیعە تاڵە لە بەغدا لە هەولێریش مێشێک میوانیان نیە، لە سەر چەند پۆستێک زۆرانبازی یەکتری دەکەن، کۆبونەوە دوای کۆبونەوە، لێدوان دوای لێدوان، بیانوگرتن دوای بیانو، وەک ئەوەی کێبرکێیانە بەهەشتێک بۆ نەتەوە بەدەست بهێنن. ئەم هەمو ناز و نوز و چەواشەکاریە بە پاساوی نەتەوە و نیشتمانەوە دەکرێن، لە کاتێکدا تەنها داوای ساکاری نەتەوە و نیشتمان لێیان ئەوەیە وەک کورد رێک بکەون بۆ خزمەتکردنیان، چی پێویست بەم رق و کینە و کەنارگیری و کەمین گرتن و پاشقول گرتن و شێوازە زیگزاگە دەکات. 
سەر زمان و ژێر زمانی فەرمانرەوا و سیاسەتمەدار و بەرپرس و گوتەبێژ و نوێنەرانی کورد لە بەغدا و هەوڵیر و سڵیمانی و لە دورترین و بچوکترین گوندی کوردستان باسی موچە و پاشەکەوتی موچە و هاتن و نەهاتنی پارەیە لە بەغداوە، پرسی کوردیان ئەوەندە بچوک و بێ بەها کردوە وەک ئەوەی کورد دەستی سواڵکردنەوەی کردبێتەوە. لە سەر ئاستی فەرمانرەوایی لۆکاڵیش لوتف و بەهرەیی بەرپرسەکان کە بە جوملە و کەشافە ئاسا لە پشت مایکرۆفۆنەکانەوە و بۆ زۆمی کامیراکان خۆیان وەک بتی بێ نوتق نمایش دەکەن لە قسە و بەڵێنی گشتی و رۆژانە تێناپەرن. بەرپرسە باڵاکانی دەڤەرەکانیش هەر بۆڵە و هاواریانە، وەک فەقێیەکی حوجرەی پۆپۆلیزم نوشتە و نزای نەتەوە و نیشتمان روبەروی یەزدان دەکەنەوە. 

ئەرکێکی بنەرەتی حوکمرانی دابینکردنی لایەنی کەمی پێدوایستی و خزمەگوزاریە بۆ هاوڵاتی لە بێشکەوە تا دەگاتە قەبرەکەی. سەیرێکی لای خۆمان بکەین تێدەگەین چی دەگوزەرێت. 

نابێت نیشتمانێک بە دەستی دوژمن و داگیرکەرەوە وێران کرابێت و نەتەوەیەک لە لێواری مان و نەماندا گیرسابێتەوە ئەمانە لە فەرمانرەوایی خۆیی قبوڵ بکات. 

وەڵامەکە ئەوەندە زەحمەت نیە... کەوتۆتە سەر ئیرادەی نەتەوە و نیشتمان. سەردەمانێک هیوای گەورەیان بە بزوتنەوەی گۆڕان هەبو، مەخابن گۆڕانی ئەم سەردەمە گۆڕانەکەی جاران نەماوە، ئەو هیوایەشی هەبو پروکاوەتەوە، پێدەچێت بەشێک لە دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئارەزومەندانە دەیانەوێت لە پرۆسەی خەفەکردنی نەتەوە ونیشتمان بێبەری نەبن. 

کرۆکی کێشەکە لەوەدایە ئەم تاقمەی ناو گۆڕان گۆرینی سیستەمی حوکمرانی بۆ پەرڵەمانیمان پێ دەفرۆشنەوە و وەک دەسکەوتێکی گەورە عەرزی دەکەن، مەخابن تێنەگەیشتون لەوەی لەم ناوچانەی خۆمان گرنگ نیە سەرۆک لە پەرڵەمانەوە هەڵبژێردرێت، یاخود راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە یا دەستنیشان بکرێت، چونکە لە مەقای یەکەمدا ئەقڵیەتی دیموکراسی و فرەرەنگی باڵادەست نیە و لە مەقامی دوەمیشدا ئەوەی گرنگە چ هێز و دەسەڵاتێک لە پشت ئەو سەرۆکەوە هەیە، بۆیە گۆڕان هەڵەیەکی کوشندە دەکات کاتێک ئەم هاوکێشەیە بە وردی نەخوێنێتەوە.
 
بەشێکی زۆری ئەندامانی دامەزراوەی باڵای بریاردەری گۆڕان لە سایەی تەماعی پۆست و ئیمتیازاتدا ئیرادەی بیرکردنەوەیان نەماوە، کۆیڵە ئاسا سەرلەقێنەرن، هەڵپەیانە بە زوترین کات شوێنی خۆیان لە سەر کورسیەک گەرم بکەن، تەنانەت گۆرانبونی هەندێکیان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە نەبونیان باشترە و ناکرێت هیوای هیچیان لە سەر بنیات بکرێت. ئەمانیش وەک ئەکتەرە ناسراوەکان حەزیان لێیەتی بە قاتێکی گران بەها و بۆیەمباخێکی ئاوریشمی و زەردەخەنەیەکی تەنکەوە کەشافە ئاسا بە دەرزەن لە پشت مایکرۆفۆنەکان و زومی کامێراکاندا ریزبەند بکرێن و دەرکەون. مەخابن، هەزاران جار مەخابن، شەرمە بۆ هەڵسوراو و گۆرانخوازە رەسەنەکان ئەمە قبوڵ بکەن.

دەریای رون و پاکی گۆڕان بە دەست ئەم ئەقڵیەتە خۆپەرستەوە لیخن کراوە، شەرمە خەونەکانی نەتەوە و نیشتمانیش بکەونە ژێر رەحمەت و خواست و حەزەکانی تاقمێکی بازرگان و خۆپەرست و پۆست پەرستی ناو بزوتنەوەکە. لە نوسینەکانی ئایندەدا تیشک دەخەمە سەر هەڵوێست و بۆچونی ئاراستە جیاکانی ناو گۆڕان دەرباری ئەم پرسە گرنگانە تا جەماوەر تێبگەن پانتایی گۆڕان زۆر گەورەتر قوڵترە لەوەی لە مەکۆی سەرەکی دەگوزەرێت.


30/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر