چۆن بوین، چیمان کردو لێهات و چی بکەین؟

چیا عەباس

کورد بە بەراوردکردن بە زۆربەی میللەتانی دنیا خەباتێکی دژوار و درێژخایان و خوێناوی بەرێکردوە و بەردەوامیشە، زیاتر لە ملیۆنێک قوربانی بەخشیوە و نیشتمانە داگیرکراوەکەشی بە جۆرەها چەک و شێواز وێرانە کراوە. 

 

لە مێژوی دوا سەدەدا دامرکردنەوەی شۆرشەکانی بارزان، لەناوبردنی مەملەکەتەکەی شێخ محمود حەفید، شکستی کۆماری مەهاباد، شکستی شۆرشی ئەیلول و لە ناوبردنی سەرکردەکانی ئەو سەرهەڵدان و شۆرشانە بەپلانی زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستان رویان داوە.

 

لە شکستی شۆرشی ئەیلولەوە کە روداوێکی گەورە و کەمەرشکێنەری دوا نیو سەدەی بزافی کوردایەتی بو تا کامپینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی کوردستان کە ماوەی پانزدە ساڵ نێوانیان بو بینیمان چۆن رۆڵەکانی میللەت و سەرکردە بەئەمەک و بوێرەکانی بەرەنگاری دوژمن بونەوە و چۆن مەزنترین راپەرینیان لە مێژوی سەرجەم بزافە نەتەوەیی و نێستمانیەکانی ناوچەکە بەرپاکرد. 

 

راپەرینێک تەواوی رێرەوی بزافی کوردایەتی نەک تەنها لە باشور بەڵکو لە کوردستانی گەورە لە بنەرەتدا گۆری. کورد درندەترین و بەهێزترین و سەرسەختترین دوژمنی لە زێدی باو و باپیرانی دەرپەراند، ئیدارەی خۆماڵی دامەزراند و بۆ یەکەمجار لە مێژوی کورد دا هەڵبژاردنێکی بێ وێنە لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا.


چیمان لێهات ؟ 

 

لێرە بەدواوە کوردایەتی و پرسە رەواکانی نەتەوە و نیشتمان رویان لە داکشانی بەرچاو کرد، لێرە بەدواوە چەمک وتێگەیشتنەکان بۆ هزری رەسەنی کوردایەتی سەرتاپا گۆران و ئاراستەکانی مێژوەکەی هەڵگێردرانەوە. 

 

گەڵان راپەرینیان کردوە بۆ ئازادی و حوکمرانی یاسایی و دادپەروری و دیموکراسیەت، بۆ گۆرینی خەیمە و لادێ و عەشرەت و خیڵ بە کۆمەڵگای سەردەم، دەسکەوت و غەنیمە بە ئابوری بۆ نەتەوە و نیشتمان، ستەم و نادادی بە پێرەوکردنی یاسا و دادپەروەری، دواکەوتن و مەغدوری بە پێشکەوتن و گەشەکردن، هەژاری بە خۆشگوزەرانی و ...تاد.

 

دەسەڵاتە سیاسیە ناکۆکەکانی کورد هەڵبژاردنیان کرد بە پاساو بۆ سرینەوەی یەکتر، غەنیمە بۆ شەری ناوخۆ، حوکمرانی و دیموکراسیەت بۆ قۆرغکاری و تاکرەوی، سەروەت و سامان بۆ گەندەڵکاری و غەنیمەی تایبەت، یاسا بۆ دەمامک کردنی پێشێلکاری و تاوان، نیشتمان بە دیاری بۆ داگیرکەر و نەتەوە بە ئەسیری خواست و حەزەکانیان.

چیمان هەیە ؟

 

فەوزایەکی سیاسی و حوکمرانی و یاسایی، عەشرەت و بنەماڵەی بەهێز، نادادی، هەژاری و کەمدەرامەتی، کۆیلایەتی ، گروپە مافیا ئاساکان، بێ ئومێدیەکی کوشندە، یاسا و رێسا تایبەت و بژاردەکراوەکان، پەرڵەمانێکی پاشکۆی بێ ئیرادە و بێدەنگی و بێئومیدیەکی مەترسیدار.


چی دەکرێت ؟

 

زۆربەی نوخبەی سیاسی هێزەکان دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە تا پشکێکی کێکەکە لە دەست نەدەن، کەمیش نین ئەوانەی مامە حەمەیی بۆ دەسەڵات دەکەن و ژێر بە ژێریش گیرفان و دەمیان چەور دەکرێن.

 

خودی دەسەڵات و هێزەکانی حوکمرانی بە راست وچەپدا لێدوان دەدەن، پلان و پرۆژە یاسا ساز دەکەن، کۆبونەوەی بێتام و سواو رێک دەخەن، ئیجرائاتی هەرەمەکی و بریاری سەرپێیانە دەدەن، لە گشت سوچ و قوژبنێکی گەندەڵی و دزیکردندا گچکە دز و گەندەڵچیەک دەکەنە قوربانی بۆ دزە زلەکان و بەغدایان کردۆتە رێگای کانی و بەغداش دەست بەسەر شانیاندا دەنێ.

 

نوخبەیەکی بەرچاوی بەناو نوێنەرانی کورد لە هەوڵیر و بەغدا ( ئەوانە نەک نوێنەری حزبەکانیشیان نین بەڵکو نوێنەری ئەم جەمسەر و ئەو بەرپرس و سەرکردەن) زۆر بە پەرۆشیەکی فابرەکەکراو خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە یاسا و رێسا و لێکدانەوەی مادە و برگەکانی دەستور و یاساکان وەک ئەوەی ئەم وڵاتە کانگا و بەهەشتی یاسا و دەستور بێت، ئومێدی ساختە دەوروژێنن، ئەمانە جۆرێکن لە بازرگانی سیاسی پلە سێ و چوار . بەشێکی کەم لە نوێنەرەکان نوتقی باشیان هەیە، تێرامانیان واقعیە بەڵام کرداریان نابینرێت چونکە حزبەکانیان قاچێکی لای دەسەڵاتە و ئەوی تریشیان بە دارشەق بە ناو خەڵکدا دێت و دەروات. 

 

نوخبەی رۆشنبیر و نوسەر و میدیاکاری نارازی زۆر بەجدی و پەرۆشیەوە دەمامکەکانی روخساری دەسەڵات و پاشکۆکانیان رادەماڵن، زۆربەیان هەمان قەوان دەچرنەوە کە هاوڵاتی دەیان هەزار جار گوێبیست و خوێنەری بون.


چی بکرێت؟

 

ئەم دۆخە کەڵەکەبونێکی مەترسیداری بێ ئومێدی لای خەڵک دروستکردوە، ناهەقی نیە سەیری ئایندە بە دوبارەبونەوەی رابردو بکرێت. زیادە بۆ ئەمەش نارازی و یاخیبوەکان دیدگا و هەڵسەنگاندنی جیا و تایبەت بەخۆیان هەیە، گەر جۆرێک لێکتێگەیشتنیش هەبێت تا ئەم چرکەیە نەبۆتە زەمینە بۆ کاری هاوبەشیان، هاوکات غیابی  سەرکردەیەکی بەتوانا و باوەرپێکراو و کۆکەرەوە بێ ئومێدی خەستتر کردوە و سەبری چاوەروانیشی هەراسان کردوە.

 

شا رێگا بۆ سەرەتای کارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ نیشتمان لێکنزیکبونەوەی نارازی و یاخیبوەکانە، لێکتێگەیشتنی نێوانیانە، کۆکبونە لە سەر کارنامەیەک کە خاڵەکانی لێکچونیان کۆبکاتەوە، روخسارە جوان و بێ گەرد و باوەرپێکراوەکان ببنە واجهەی ئەم رەوتە نیشتمانیە، کار و چالاکی سیڤیلە کە ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای ئەرک و مافەکانی هاوڵاتی ببێتە بناغە و کەرەستەکەی تا هاوڵاتی چەکی بێ فیشەکی گۆرانکاری بێت.

 

ئەمجۆرە لە کارکردن لە هەمو سوچ و قوژبنێکی کوردستان دەست پێبکات، بەپەرۆشی دڵسۆزیەوە بەرێوەبچێت، کۆر و سێمینار وبانگەشەی بۆ بکرێت، بوڵیتینی دەوری دەربکرێت، هێزەکانی عێراق و وڵاتانی تری لە ئامانج و شێوازەکانی  ئاگادار بکرێنەوە، ئەم رەوتە خۆشی بۆ سەرجەم هەڵبژاردنەکان ئامادە بکات.

 

ئەوسات بێگومان دەبینین هێدی هێدی ئایندە وەک دوبارەبونەوەی رابوردو نابینرێت بەڵکو ئاسۆیەکی نوێ کە خەڵک پەرۆش و خەمخۆری دەبن بۆ گەیشتن پێی. 


03/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر