کێ ئەم هاوسۆزیە بەگەر دەخات؟

گۆران هەڵەبجەیی
[بەیەکڕێزی ، ڕێز بۆخۆت پەیدا دەکەیت و هەم هێز]
لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، وڵاتانی  تورکیا ئیران، عیێراق {تاڕادەیەکیش سوریا}کەوتنە هەڕەشە لەو بەشەی  کوردستان.
ئەو وڵاتانە  کە تێکەڵەیەکن لە ناسیۆنالیزم و  ئاین  و مەزهەب  [شیعەو سوونە] ، بەردەوام ناکۆک و ناتەباو دژ بە یەکبوون .تەنها شتێک کە بەردەوام لەسەری کۆک و تەبا بوون و پێکەوە کاریان بۆ کردوە ، داژایەتی کورد بووە. هەر جارێک و لەهەر زەمەندێکدا کورد نزیک بووبێتەوە لە دەسکەوتێک، ئەوانە [ ئیدی هەر حیزبێک لەسەر دەسەڵات بووبێت] ، پێکەوە کاریان بۆ لەبار بردنی ئەو دەسکەوتە کردوە و زۆر جاریش سەرکەوتووبوون.
لە بەرامبەردا کوردانی  سێ پارەچە ،چ وەک خەلک و  ڕێکخراو و حیزب هەڵوێستێکی جومێرانەیان دەربڕی بۆ پشتگیری لە باشووری کوردستان.
* هەر پاش کۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدان ،کوردانی ڕۆژهەڵات لە زۆرێک لە باژێرەکانی ئەوبەشە  بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیری ڕژانە سەرشەقامەکان،کە بە هەزارەها مەزەنە دەکران.
بێگومان ئەم هەڵوێستە خۆڕسکەی  کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەری جمهوری ئێرانی  تووشی شۆک کردبوو . حەشامەتەک هێندە زۆربوون ،بۆیە پیاوانی سەرکووتکەری ڕژێم نەیانتوانی هیچ  پەرچەکردارێک بنوێنن وەک کردەی هەمیشەییان ئەو خەڵکە  داپڵۆسن ،بەڵکە تەنها تەماشاکەر بوون .
بێگومان هێزە سایسی و چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەڵویستیان  ئاشکرایە کە بەردەوام  پاڵپشت بوون بۆ باشوور .
* کوردانی ڕۆژئاوا لەسەری هەموویانەوە بەڕیز ساڵح موسلیم و سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی پەیەدە، جوانترین هەڵوێستیان نیشاندا ، ئەویش بە ئامادەگییان بۆ کردنەوەی سنورەکانیان بەڕووی باشووردا ،گەر بێت و تورکیا سنوورەکانی دابخات.
نەک هەر ئەمە بەڵکو ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێزی شەڕڤانان بۆ پارێزگاری لە باشوور.
* کوردانی باکووریش لە حیزبی هەدەپە و کەسە تێکۆشەرە باڵاکانیان، وەک سەلاحەدین دەمرتاش و  عوسمان بایدەمیر ، هەرەوها  لەیلا زانای تێکۆشەر و هاوخەباتکارانیان، هەموو هاوسۆزی و پشتگیریان بۆ کوردانی باشوور دەربڕی.
لەولاشەوە  سەرکردەکانی هێزی گەریلا،  لەسەری هەموویانەوە بەڕێز جەمیل بایک بەتووندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانەی کرد کە لە باشوور دەکرێن لەلایەن تورکیاوە.
وێرای ئەمە هێزەکانی پاراستی گەڵ {گەریلاکانی پێکاکا}  ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێز بۆ داکۆکی لە کەرکوک و ناوچە دابراوەکان لە حاڵەتی هێرشی سوپای تورکیاو عیراقدا.
نکولی لە ناکۆکی نێوان هێزە سیاسەکانی کوردستان ناکرێت، چ لەیەک پارچەدا یاخود لە نیوان کوردانی پارەچەکانی دیکەدا،ئەمەش  بەهۆی بەرژەوەندی و  تێروانین و پەیوەندیانەوەیە بە هێزە دەرەکیەکانەوە . لە حاڵەتی ئیستادا تا ڕادەیەکی باش  تەباییەک لە ئارادا  هەیەو هەستی پێدەکرێت  و ئەو ساردیەی جاران کاڵ بووەتەوە .
جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە لەبارە دەبێتە هەوێنی ،کاری هاوبەش و یەکخستنی ماڵی کورد؟  ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێک لە حیزبە باڵادەستەکان لەکەلی شەیتان بێنەخوارەوە و دەستبەرداری  بەرژەوەندی حیزبی و ئەقڵیەتی حیزبی گەورە وخۆسەپاندن کۆنترۆڵکردنی هەژمونی سیاسی و باڵادەستی  ببن؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم هەوڵومەرجە وەگەڕ بخرێت بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ  لە گەڵ یەکتردا  لە باشوور، هەروەها لە نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و  پارچەکانی دیکەدا.
گرنگە  یەکیتی و پارتی کە زۆر جار زیادەڕۆییان کردوە لە  مراعاتکردنی ئێران و تورکیادا ،لە ئێستادا مراجەعەیەکی سیاسەتی خۆیان بکەن و تا چەند پێیان دەکرێت ئەو پەیوەندیە بخەنە چوارچیوەیەکی لۆژیکانەوە ڕێگەنەدەن ئەودوو وڵاتە هەژموونی خۆیان بەسەریاندا فەرز بکەن . گرنگە  ئەو دوو حیزبە بزانن تەنها هیزێک کە دەکرێ پشتی پێ ببەسترێت کوردانی بەشەکانی دیکەن  ،کە  بە کردەوەش سەلماندوویانە .
جا هیوادارم  حیزبە سیاسیەکان ئەم  دەرفەتە لەدەست نەدەن و ئەم هاوسۆزیە گەرمەی کوردانی بەشەکانی دیکە فەرامۆش نەکەن و سودی لێوەربگرن بۆ پتەوکردنی پێگەی کورد.


27/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر