حکومەتێک بۆ ڕسوایی

گۆران هەڵەبجەیی

 دەتوانینن  پێناسەی حکومەت یا دەسەڵات بەوە بکەین کە بەرهەمی  کێبڕکێ و ململانێی پرۆسەی  هەڵبژاردنی نێوان حیزبەکانە  . ئیدی پاش کۆتایی هەڵبژاردن  و پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە حیزبێک یا کوالیسیونی چەند حیزبێک ، حیزب ڕۆڵی نامێنێت و حکومەت  دەبێتە چەقی کار و سەرقاڵی  ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و جێبەچیکردنی بەرنامەی کاری کابینەکەی  دەبێت.  شوێنێک کە  حیزب خۆی تێدا نمایش بکات و پێشنیارو ڕەخنەو سەرنجەکانی پێشکەش بکات و چاودێری ئەدای دەزگاکانی دەسەڵات و وەزارەتەکان بکات،ئەوە تەنها پەرلەمانە. ئەمە میتۆدی ڕاست و درووست و شیاوی کارکردنی حیزب و حکومەتە لەو وڵاتانەی کە ڕێز لە حکومەت دەگرن و  دەست لە کاروباری وەرنادەن.

لە کوردستانی باشوور لە دوای ڕاپەڕینەوە ،ڕوونتر بڵێم لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی [1992 ]ەوە کورد بووە خاوەنی پەرلەمان و دەسەڵاتی خۆی. بەڵام بەهۆی ململانێیی سەخت و خوێناوی نێو حیزبەکان و بە تایبەتیش نێوان پارتی و یەکێتی ،دەسەڵاتی حکومەت بەتەواوەتی ئیفلیجکرا و لەبری حکومەت حیزب لە هەموو کایەکاندا حزووری هەبوو، هەمیش بڕیاردەر بوو .

ئەم دۆخە نالەبارە درێژەی کێشا کە  تا ڕۆژی ئەمرۆش بەردەوامە و دووحیزبە بەناو دیموکراتەکە ڕێگە نادەن حکومەت ڕۆڵی خۆی وازی بکات. هەر کارێک دۆخێک گرفتێک دۆسییەک هاتبێتە پێش ،ئیدی لە زۆنی سەوزدا بووبێت یا زەرد ،هەریەک لەم دوو حیزبە بە پێی بەرژەوەندی و تێڕوانینی خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە ،بەناوی حکومەتەوە مامەڵەی لە تەکدا کردووە و بڕیاریداوە . واتە بڕیار بڕیاری حیزب بووە و بەرگی حکومەتی کراوە بەبەردا ،ئەمەش بۆ شەرعیەتدان یا بە یاساکردنی بڕیارەکە بووە.
واتە بڕیارە گرنگەکان سەبارەت بە دۆسیە هەستیارەکان لە مەکتەتی سیاسی هەردوو حیزب یا لە مەڵبەندو لق کۆتایی پێاتووە و حکومەت تەنها ڕاگەیاندنەکەی لەسەر بووە.

نمونە زۆرن  ،ئەز لێرەدا  دانەیەک وەبیری خوێنەر دەهێنمەوە.
دەمێک ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە زۆنی زەرد تەرۆر کرا ،بڕیاری نوخبەیەکی باڵای حیزبێک بوو ،هەر لەوێ پلانی بۆ دانراو بەدەستی پیاوانی حیزبیش جێبەچی کرا .بەڵام بۆ بەشەرعەنەکردنی کووشتنەکە بەناوی حکومەتەوە لیژنەی [وەهمی] بۆ پێک هینراو بە ناوی حکومەتیشەوە ئاکامی بڕیاری لیژنەکە دەرخواردی خەڵک درا.

لایەنەکانی دیکەی دەسەڵات بە تایبەتی یەکێتی کە سەرۆک وەزیران لە خۆیان بوو، لەم مەسەلەیەدا بێدەنگی هەڵبژارد، چونکە یەکێتیش بەهەمان شێوە ، پێشتر کاری وای کردبوو،یا خود بیری لەوە کردبوویەوە کە ڕژێک ئەوانیش پێوستیان بە بێدەنی پارتی دەبێت. 
بەر لە چەند ڕۆژێک لە زۆنی سەوز بڕیاری داخستنی سەرجەم بارەگاکانی [تەڤگەری ئازادی] درا. بڕیارەکە لە لایەن قوباد تالەبانیەوە دەرچووبوو [وەک جێگری سەرۆک وەزیران]،نەک لە لایەن وەزیری ناوخۆی سەر بەپارتی.

مەسەلەکەش ڕوون و ئاشکرایە کە بەشێک لە دەستڕۆشتوانی  سەرکردایەتی یەکێتی بڕیارە[ حیزبیەکە] وەک فەرمانێک دەنێرن بۆ قوباد ،ئەوەیش بەرگی حکومەتی دەکات بەبەرداو بەناوی حکومەتەوە ئەو بڕیارە دەردەکات.
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێن کە ئەو بڕیارەی قوباد بە هیچ جۆرێک یاسایی نیەو ئەرکی ئەو نیە ، بەڵکو ئەرکی وەزارەتی ناوخۆیە. بەڵام دەبێ بپرسین بۆ تەلکیف لە کەریم سنجاری نەکراوە ئەو بڕیارە دەربکات؟ هۆکار دیارە، ئەوەیش ئەوەیە  یەکێتی دەیویست زۆر بە خێرایی

بیڕیارەکە دەربچێت تا ئاسایشی سەربەخۆیان جێبەجێی بکات. جا گەر تەکلیف لە کەریم سنجاری بکرایە ،لەگەڵ ئەوەی پارتی ئەم بڕیارەی پێ خۆشەو لەدەڤەری زەرد تەڤگەر بوونی نیە ،بەڵام پێدەچوو  بەهۆی گرژیەکانی نیوان هەردوو حیزب  لەم قۆناغەدا ،ئەم بڕیارە دەرنەچوایە یا دوایان بخستایە.
نکولی لەوە ناکرێت کە ئەم هەنگاوە بەپەلەی یەکێتی بۆ ڕازیکردنی تورکیا بوو تا ڕەحمێکیان پی بکات و بە چاوی بەزەییەوە سەیریان بکات و ڕێگە بە فڕۆکەخانەی سلیمانی بدات  ڕحلەکانیان بۆ تورکیا ئاسایی بکرێتەوە.
دیارە پەرۆش وهەڵپەکردنی یەکێتی بۆ کردنەوەی فڕۆکە خانەی سلیمانی بۆ کار ئاسانی و بەرژەوەندی خەڵک نیە ،وەک پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن ،بەڵکو بەپلەی یەکەم  بۆ بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی سەرانی یەکێتیە.

بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بڕیارەکە حیزبیە نەک حکومی ،ئەوەتە کونسوڵی تورکیا پەیوەست بەم   هەنگاوی یەکێتی، ئاماژەی بە حکومەتی هەرێم یا جێگری حکومەت نەداوە ، بەڵکو ڕاستەو خۆ ئاماژەی بە یەکێتی داوە، چونکە ئەیش چاک  دەزانێت ئەمە بڕیارێکی حیزبیە نەک حکومی.
[کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کە درێژە پێدەرەی پەکەکەیە هەنگاوێکی ئەرینیە لەلایەن یەکێتیەوە بۆ پەیوەندیە دوقۆڵیەکانمان. لڤین پرێس 29.11.2018]

بەمەدا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتێک لە هەرێم بوونی نیە بە نێوی حکومەت، بەڵکو ئەوەی هەیە حکوموتێکی شکلیەو لە ژێر هەژموونی دوو حیزبدایەو بە ئارەزووی خۆیان و چۆنیان بووێت ، بە جووت بێت یا بەتاک دەیبزوێینن ، ئەمەش واتای  بێنرخ کردن وگەمەکردنە بە دامەزراوەیەکی گرنگی دەوڵەت ،یا  ڕوونتر بڵێم ڕسواکردنی حکومەتە بە دەستی دوو حیزب.

02/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر