ترسی هونەرمەندان لە تورک

گۆران هەڵەبجەیی

کارێک کە کورد وەک میللەت نەک وەک حیزب و دەسەڵات  تا ئاستێکی باش سەرکەوتووبوو بێت تێیداو کوردانی نیشتەجێی هەندەران و  بەشەکانی کوردستان  جێگەی خۆیان تێدا گرتبێت  مەسەلەی بایکۆتی شمەک و کاڵای تورکیە.
جەنگێکە کە کورد  توانای خۆی تێدا  ئەزموون کرد و  کاریگەریەکانی سنووری کوردستانی بەزاند و گەشتە هەندێک وڵاتی عەرەبی و هاوڵاتیانی ئەروپیش. خۆشبەختانە ئاکامەکەشی  کاریگەر و دڵخۆشکەر بوو.
هەر کەس و لایەن و حیزبێکیش هەوڵی بێنرخ کردنی  ئەو  بڕیارە شارستانیەی دابیت ئەوە هیچی نەچنیوەتەوە و کاروان هەر بەردەوامە.
من وەک تاکێکی کورد ،وەک خەمخۆرێک  بۆ نەتەوەکەم ،وەک پاڵپشتێک بۆ هەڵمەتی بایکۆت بیرۆکەیەکم  بۆهات، وەبڕیاری پراکتیزە کردیم دا.
بیرۆکەکە بریتی بوو لە هاندانی هونەرمەندانی کورد{ ستران بێژان} تا ئەوانیش لەڕێگەی کوورتە کلیپێکەوە هانی خەڵک بدەن  بۆ پەیڕەوکردنی بایکۆتی کاڵاو شمەک و سەفەرنەکردن بۆ تورکیا، واتە هەرچی سوودی ماددی بە دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت.
ئەم کارە هیچ تەکلیفێکی دارایی  لەسەر هونەرمەندەکە ناکات، لە دوو سێ خولەک بەولاوە  کات زیاتر نابات، تەنها قسەکردنە،هیچ جۆرە ستۆدیۆ و کامیراو ئامێرێکی پێویست نیە،لە ماڵەوە لە کاتی پشودا ،لە کاتی لێخوڕینی سەیارەدا  ،لە کاتی کاردا ،لە دەمی دانیشتن لەتەک برادەراندا  ،لە هەموو ئەم شوێنانە   بە کامێرای مۆبایل  کارەکە جێبەجێ دەکرێت.
لەسەرەتاندا پەیوەندیم کرد بە ژمارەیەک لەو هونەرمەندانەی کە ساڵنێکە یەکتر دەناسین و پەیوەندی پڕ ڕێز لە نێوانماندا هەیە.
بەداخەوە  هەندێکیان بێباکانەو لوتبەرزانە ڕەتیان کردوە بەشداری بکەن، هەندێکیشیان زۆر بە خێرایی و دڵسۆزانە هاتنە پێشەوە.
پاشان لە ڕێگەی  سۆشیال میدیاوە پەیوەندم لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا گرت کە  کەمتر پەیوەندیم هەیە یا هەر نیمە.
ئەوانیش دوو جۆر هەڵسوکەوتیان هەبوو بەشێکیان بەخێرایی وەڵامیان دایەوەو ئامادەییان نیشاندا و کارەکەشیان ئەنجامدا، کە  وەک بەندە  زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم ،یەک دوانێکیشیان بەنامە وەڵامیان دامەوە کە ناخوازن ئەو کارە بکەن
هەندێکیشیان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت وەڵامیان نەداومەتەوە.
قسەم لەسەر ئەوانە  نیە کە وەڵامیان نەداومەتەوە، چونکە پێدەچێت نامەکەی منیان نەدیبێت ،یا لەوانەیە ئەو پەیچانەی نامەکەم ناردوە بۆ یان هی خۆیان نەبێت و  کەسنی دیکە وەک هەودار بیانبەن بەڕێوە.
ئەز لێرەدا  تەنها  ئاماژە و  لێکدانەوە بۆ  پاساوەکانی ئەوانە  دەکەم کە   نەرینی وەڵامیان دامەوە  و ڕەتیان کردەوە ئەو کارە نەتەوەیی و ئینسانیە بکەن.
پاساوەکانیان لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە
کاتم نیە و زۆر سەرقاڵم
دەمەوێت ماوەیەک دوور بکەومەوە و نامەوێت هیچ کارێک ئەنجام بدەم
حەز لە خۆدەرخستن ناکەم
نەخۆشم و پەتایەکی تووندم گرتوە ،باوەڕناکەم بەم زوانە چاک ببمەوە
من بە جۆری تر خزمەتی نیشتمانەکەمم کردوەو ئەمە بە گرنگ نازانم
بڕوام بەم جۆرە کارانە نیەو سودی ئەوتۆیان نابێت
شارەزاییم لە کلیپی مۆپبایلدا نیە


ئەم خاڵانە گرنگترین پاساوەکانی ئەو هونەرمەندانە بوون کە هێندە کوورتن هێندە نالۆژیکن  هێندە بێمانان تا بەرپێی خۆشیان بڕ ناکەن. ئەمانە بەم بەهانەیان تەنها مەبەستیان خۆ دەربازکردن بوو لەو ئەرکە گچکە  ئینسانی ونیشتمانیە.


ئەوەی   مایەی سەیرو تاڕادەیەکیش شۆک بوو  پاساوی چەند دانەیەک لەو هونەرمەندانە بوو کە بەکوورتی ئەمانەن:
+مووچەی خانەنشینیەکەم کەمە ئیترچۆن تاقەتی کاری وام هەبێت؟ 
ڕاستیەکەی  تێنەگەشتم  کە کلیپیکی دوو خولەکی  بۆ خزمەتی دۆزێک چ پەیوەندی بە کەمی مووچەوە هەیە؟
+با ئەو  کەسانە   باسی بایکۆت بکەن کە  بەناوی هونەرمەندەوە مووچەی   بندیوارو  ئیمتیازاتی زۆر وەردەگرن. دیسان لەم برادەرش تینەگەشتم کە بۆ ئەم کارەی بەستەوە بە ئیمتیازاتی هەندیک هونەرمەندەوە، کە لەهەندران دەژی و کێشەی ماددی نیە؟
هاوکات هەر هەمان کەس باسی پاڵەوانیەتی خۆی کرد کە لە ئەورپا چی بۆ کورد کردوە. وەک ئەوەی تەنها ئەو خەباتی بۆ گەلەکەی کردبێت.
+  خانمیکیش  گووتی من  لەسەرەتاوە بایکۆتم کردەوەو بەردەوامم ،جا گەر ئیستا ئەوە بکەم خەڵک وادەزانێت ئێستا خەبەرم بووەتەوە.دوو جار نووسیم بۆی خانم من باسی خۆت ناکەم کە بایکۆت بکەیت بەڵکو مەبەستم هاندانی خەڵکە.بەڵام دیار بوو هەر لێم تێنەگەیشت، یا نەیوست تێبگات.
+ یەکێکیشیان کە نوێیە لە گۆرانیگووتندا ،هێندە بێ ئەدەبە ، بەرگەی ڕەخنەکەمی نەگرت و لە برادەرایەتی فەیسبووک سڕیمیەوە. بەداخەوە کە ئەم بێ ئەدەبە هاوشارریمە.




بە بۆچوونی خۆم ڕەتکردنەوەیان لەم سێ خاڵە بەدەر نیە.
ترس لە تورک  و دەسەڵاتی ئەردۆغان/ ئەم خاڵە بە هۆکاری سەرەکی دەزانم . شارراوە نیە  کە زۆرێک لە گۆرانیبێژان ، زۆر شانازی بەوەوە دەکەن گەر کلیپێک لە تورکیا سازبکەن یا کاررێکی تەکنیکی بۆگۆرانیەکەیان جێبەجێ بکەن. وەک ئەوەی کوردستان خاوەنی سروشتی جوان و توانای تەکنیکی نەبێت. جا ئەو گۆرنیبێژانە حساب بۆ ئەوە دەکەن ،گەر بە دوو قسە پشتگیری بایکۆت بکەن  ئەوە ترسی  گرفتی سەفەری  تورکیایان دێتە پێش ،یاخود  پێدەچێت  بەترسەوە سەفەر بکەن و  لێپرسینەوەو سوکایەتی لەپێش چاویان بێت .جا لێرەدا ئەوەی گرنگە بەلایانەوە مانەوەی دەرگای سەفرە بە کراوەیی لەسەر حسابی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی. دەتوانم بڵێم ئەم خاڵە شمولی زۆربەی ئەوانە دەکات کە ڕەتیان کردەوە.


[خۆ بەزل زان] یا لوتبەرزی  ئەمە خەسڵەتێکی ڕۆژهەڵاتی دواکەوتووە ، بەوەی کەسێک بەهۆی بەهرەکەیەوە  دەگاتە پێگەیەکی دیاریکراو و جۆرێک لە ناوبانگ پەیدادەکات ،ئیدی لە خۆی بایی دەبێت و  دونیایەکی  پڕ وەهم و خەیاڵ و   نا واقیعی لە زهندانی خۆیدا بنیات دەنێت و بەو هۆیەشەوە لە دۆخێکی دابڕودا خۆی دەبینێتەوە ، جا ئەم هەستە نادرووستە وای لێدەکات بازنەی  پەیوەندیەکانی و تیکەڵاوی  بە خەڵکەوە  سنوورداربێت و دوورە پەرێز بیت،یاخود بەشداری  ناکات لە زۆر  چالاکی و بۆنەدا تا نەکوێتە بەرچاوی خەڵک ،چونکە  بە بۆچوونی خۆی دەرکەوتن لەم شوێنانەدا لە ئاستی مەزنی  و ناوبانگی  دێننە خوارەوە ، جا ئەز  وای بۆ دەچم بەشداری نەکردنی هەندێکیان لەم کارەی مندا دەچێتە هەمان خانەوە ، وای لێک دەدەنەوە بەشداریکردنیان لەم بەرنامەیەدا  لە ئاستی مەزنی و عەزەمەت و شکۆییان دێنێتە خوارەوە. 
ترس لە دەسەڵاتی کوردی {یەکێتی یا پارتی }،نەکا مووچەو ئیمتیازەکانیان ببڕن ،یاخود سەرزەنشتیان بکەن ،چونکە باش دەزانن ئەو دوو حیزبە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ بایکۆدا نین.پێدەچێت ئەم خالە زۆر گرنگی نەبێت وەک خاڵەکانی یەک و دوو ،بەڵام دەبێ بەهەند وەریبگرین.
هەر هونەرمەندێک  یا فراوانتر بڵێم هەر بەهرەمەندێک  سەرقاڵی هەر بوارێک بێت ، گەر لەگەڵ  ئازار و خەم و  کۆژانەکانی خەڵکەکەیدا نەبێت و بە پراکتیک بەرجەستەی نەکات و نەبێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی داکۆکیکار لە میللەتەکەی ،ئەوە پێی بزانێت یا نا کەسێکی  خۆپەرست ، بەرژەوەندی خواز ، بێباک، دابڕاو ، نادڵسۆز بۆ میللەتەکەی پێناسە دەکرێت. بۆیە  دەڵێم ئەو جۆرە مرۆڤانە باڵیش بگرن ، هونەرەکەیان بە بێ هەڵوێست فلسێکی قەڵب ناهێنیت.
هونەرمەند بە هەڵوستەوە جوانەو تەواوکەری هونەرکەیەتی ، گەر هونەر لە هەڵوێست دابڕا ئەوە دەبێتە هونەریکی وشک و بێ ئەرزش.
شەرمە زۆریش شەرمە هونەرمەندێک لافی نیشتمانپەروەری لێبدات بەڵام بەهۆی ترس لە تورک ،نەوێرێت  بە دوو خولەک پشتیوانی خەمی نەتەوەکەی بکات.
دیسان دەڵێم شەرمە زۆر شەرمە  هونەرمەندێک هێندە خۆبەزلزان و لووتبەرزبێت  خۆی لەسەروی خەڵکی ترەوە دابنێت. 
دەزانم و چاوەڕێش دەکەم کە چەند کەسێک لەم هونەرمەندانە لیم زوویر دەبن و لەوانەیە پەیوەندی بکەن پێمەوە ، لێ من گوێ بەوە نادەم،پێم باشە لەسەر گووتنی ڕاستی لێم زویر  بن ،نەک لە شاردنەوەی حەقیقەتدا خۆشیان بوێم .


لەکۆتایدا دەڵێم ،ناوی ئەو هونەرمەندانەم لە کن خۆم پاراستوە، گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پۆزی نیشتمان پەروەریان لێدا و موزایەدەیان بەرسەر خەڵکی دیکەوە  کرد ،ئەوە دڵنیابن ئەم هەڵوێستە  ناشیرین و نامەسئولەیان  دەدەمەوە بە ڕویاندا و بە ناویش ئاشکرایان دەکەم.















07/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر