ڕیفراندۆم..هۆكارێك بۆ یەكبون دوو هۆكار بۆ پەرت بوون!

نەوزادی موهەندیس
• بەداخەوە ڕیفراندۆم  لە هەنگاوێكی یاساییەوە كراوەتە سیاسی تەواو و لە ئامانجێكی پیرۆزی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە كراوەتە ئامانجێكی حیزبی و سەركردەیی و بنەماڵەیی و لە ئەركێكی ئەم قۆناغە هەستیارەوە كراوەتە دروشمێكی بێ‌ ناوەڕۆك وموزایەداتی سیاسی پێوە دەكرێت و لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ خزمەتكردنی زیاتری دۆز و دۆخی مەسەلەی كورد لە باشوور و هەر 3 بەشەكەی تری كوردستاندا كەچی بۆتە كاڵایەكی هەرزان و تاڵانفرۆش بۆ دەسكەوتی حیزبی و وەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەڕلەمانی كوردستاندا(( ئەگەر لەكاتی خۆیدا بكرێت)).
• بۆیە بەڕاستی ڕیفراندۆم كە لە بنچینەدا پێویستی بەیەك ڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەیە و پێویست دەكات كە كۆدەنگیەكی سیاسی و میلی لەچواردەور كۆبكرێتەوە و هەوڵبدرێت هەموو ناكۆكیە سیاسیەكان وەلابنرێن و هەموان پێكەوە دەست لەناو دەست كاربكەن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە گرنگە و هانی ئەندامان ولایەنگر و تەواوی جەماوەری پانوپۆڕی گەلەكەمان بدرێت بۆ پشتیوانی كردنی، هەروا هەوڵبدرێت ڕیفراندۆم بكرێتە دەروزای ئاشتبونەوە و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو حیزب و سەركردە و جەماوەریشدا و ببێتە مایەی سازانی نیشتیمانی و  دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆكردن و یەكخستنی گوتار و كرداری هەموان لەچوارچێوەی پلانێكی وورد و واقعیدا كە بگونجێت لەگەڵ هەموو گۆڕانكاری و ئاڵنگاریەكانی ناوچەكە و دونیا و دەوروبەریشدا و بۆئەوەی ڕیفراندۆم ببێتە مایەی دەسكەوتی زیاتر و بەهێزبوونی بەرەی ناوخۆیی لە كوردستان و ڕەوینەوەی مەترسیەكانی ئایندە و ڕێگەخۆشكردن بۆ قبوڵكردنی دەرودراوسێی و دونیای دەرەوەش بۆ ئەو مەبەست و ئامانجە ڕەوایەیی میلەتێكی  40 ملیۆن كەسی لەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا سەدان ساڵە خەبات و قوربانی بۆ دەدەن، و
• بۆئەوەی ڕیفراندۆم لە جوغزێكی تەسك و بچوكی  مەرامی تایبەتی و حیزبیدا بێتە دەرەوە و ببێتە دروشم و ناونیشانی خەباتی ئەم قۆناغەی كوردایەتی كە هەموان تیایدا بەشداربن و بەمەش ڕیفراندۆم ببێتە سەرەتایەكی بێ‌ كۆتای یەك و یەكگرتنەوە و یەكبونی ڕیزەكان، كەچی بەداخەوە  ڕیفراندۆم نەك نەبۆتە هۆكاری پێكەوەكاركردن و لێكنزیكبونەوە بەڵكو  تەواو بۆتە هۆكاری پەرتبوونی زیاتری ڕیزەكان و لێكدووركەوتنەوە و دڕدۆنگبوونی زیاتری سەركردە و حیزب و جەماوەر لەگەڵ یەكتردا.
• ڕیفراندۆم لەجیاتی ئەوەی تەنها یەك مانا و یەك مەبەستی  بۆ لێكبدرێتەوە كە ئەویش بریتیە لەوەی كە تەنها ئامانج لێی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردیە نەك وەك كارتێكی فشار و مساوەمەكردن بەكاربهێنرێت لەبەرامبەر دەرودراوسێكان و وەك دەسكەوتێكی حیزبیش لێی بخوێنرێتەوە، بەداخەوە بۆتە ئەو دێوەزمەیەی كە هەریەكە بۆ خۆی و لەبەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی خۆیەوە لیێ‌ دەڕوانێت و تەفسیر و تەئویلی جیاوازی بۆ دەكات بۆئەوەی بیكاتە دەسكەوتی خۆی و حیزبەكەی و خۆی ببێتە قارەمان و پاڵەوانی پڕۆسەكە و ئیدی تاهەتاهەتایە ئەم سەركەوتن ودەسكەوتەمان پێبفرۆشێتەوە و تا مردنیش لەسەر كورسی حوكمڕانی و دەسەڵات بمێنێتەوە.
• ڕیفراندۆم بۆخۆی كاری دەستەجەمعی حیزب و سەركردە سیاسیەكانە بەگەورە و بچوكەوە، ودواتریش ئەركی تاك بەتاكی میلەتە و پەیوەستیشە بەچارەنوسی هەموانەوە و كاریگەریشی بەباش یان خراپ دەبێت بۆ ئایندەی هەموان، لەبەرئەوە ئەم پڕۆسەیە بەبێ‌ هاوكاری و هەمئاهەنگی و تێگەیشتن و پێكەوەكاركردنی هەموان سەرناگرێت، بۆیە هەرچی دواكەوتن و مراوەغەكردن  و تاكتیك و خۆگیڵكردن هەیە دەربارەی چێكردنی ئاشتەوایی و كاراكركردنەوەی داموزدەزگا شەرعیەكان و لەپێش هەموانیشەوە پەڕلەمانی كوردستان و بەیاسایی كردنی پڕۆسەكە ، هیچ هەنگاوێكی تاك لایەنە و خۆسەپێنانە لە ئامانجە ڕاستەقینەكە كە سەركەوتنی پڕۆسەكەیە نزیكمان ناخاتەوە.
 ئەركی سەرەكی هەموو سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیشە كە هەوڵی جدی بدەن بۆ یەك و یەكخستنی گوتار و كرداری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و توندوتۆڵكردن و پتەوكردنی ڕیزەكانی میلەتەكەمانە ئەوەش بە نەرمی نواندن و سازشكردنە بۆ یەكتری و نواندنی خەمخۆری لە ڕادەبەدەرە بۆ ئایندەی میلەتەكەمان، پێش هەرهەنگاوێك بە ئاڕاستەی دەرودراوسێكان و دەرەوەی ناوچەكە گرنگە بەرەی ناوخۆیی خۆمان و نێوماڵی خۆمان توندوتۆڵبكەین  و یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بكەین ،چونكە مەرجی سەرەكی  سەركەوتنی ئەم هەنگاوە وەستاوەتە سەر هیمەت و خۆڕاگری و ڕاستگۆیی خۆمان ،ئەوسا دەكرێت هۆكاری دەرەكیش یارمەتیدەر بێت لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەوە ببنە پشتیوان و دانبنێن بە ڕەوایەتی و ڕاستودروستی پڕۆسەكەدا و ئیدی دەروازەیەكی گەورەتری ناوچەیی و نێودەوڵەتیمان بەسەردا بكرێتەوە.
لەكۆتایدا ڕیفراندۆم پڕۆسە و هەنگاوێكی یاساییە و ئامانجیش لێی پێكەوەنان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە كە ببێتە ئەندامێكی كارا لە نێو كۆڕو كۆمەڵە نێودەوڵەتیەكاندا و ببێتە ئەندامێكی یاسایی و لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكاندا هەڵسوكەوت بكات ،هەربۆیەش پێویستە بە هەنگاوە یاساییەكان و دامودەزگا یاسیاییەكانی وڵاتدا تێپەڕببێت،ئیدی پێویست ناكات یاساكان و دامودەزگا شەرعیەكان بۆ مەبەست و بەرژەوەندی بچوكی حیزبایەتی بەكاربهێنرێت،چونكە هیچ دەسكەوتێكی  حیزبایەتی لە دەسكەوتە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان گەورەتر و پیرۆزترنین، بۆیە  كارێكی عەقڵانی نابێت كە قوربانی بە ئامانج و مەبەستێكی پیرۆز و ئایندەی میلەتەكەمان بدەین  لە پێناو دەسكەوت و بەرژەوەندی تەسك و بچوكی حیزب وسەركردە و بەنەماڵەكاندا . دەبێت ڕیفراندۆم ببێتە هۆكارێكی ڕاستەقینە  و هەوێنی یەكبون و یەكگرتوویی زیاتری ڕیزەكانمان نەك پەرتبوون و لێكترازانی . چونكە بەبێ‌ بوونی كۆدەنگیەك و گشتگیریەكی سەرتاسەری پڕۆسەی گشتپرسی لەسەر ئایندەی میلەتەكان مەحاڵە سەربگرێت و ئامانجە ڕاستەقینەكەشی بپێكێت چونكە ئەم گشتپرسیە پێویستی بەدەنگی تاك بەتاكی میلەتەكەمان هەیە و بەتەنها كاری نوخبەی سیاسی و سەركردە و حیزبەكان نیە. 


13/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر