پێگەی سیاسی كورد لە عێراقدا بەرەو كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس
بەداخەوە كێرڤی پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا لەساڵی 2012 بەدواوە بەرەو داكشان و لاوازی و بێهێزی ملی شۆڕكردۆتەوە،و بەتایبەتیش دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال وەك سەرۆكێكی كاریزما و سەركردەیەكی سیاسی خاوەن سەنگینی و قورسایی خۆی لە بەغداد و پاشەكشەكردنی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا، بوە سەرەتا و دەستپێكی لاوازبوونی پێگەی سیاسی كورد لە عێراقدا و ئیدی ئەم لافاوی هەرەس و داكشانە بەردەوام بوو،چونكە لەلایەك سەركردایەتی سیاسی كورد لە بەغداد بەهۆی نەمانی مام جەلالەوە بۆشاییەكی گەورەی دروستكرد و كەسیش نەبوو جێگەی بگرێتەوە و بەر بەهەرەس و دژایەتیەكانی عەرەبیش بگرێت لەبەغداد و لە لایەكی تریشەوە لەهەرێمی كوردستانیشدا كاریزمایەكی بەهێزو خاڵی یەكانگیری هەموو لایەنەكان پەیدانەبوو و هەڵیشنەكەوت تا لانی كەم پارێزگاری لە پێگەی سیاسی كورد و ڕیزەكانی كورد یەك و یەكگرتوو بكات، دواتریش بەهۆی  لەلایەك هەڵەخوێندنەوەی هاوكێشە سیاسیەكانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاش و لەلایەكی تریشەوە ناكۆكیە سیاسیە بەردەوامەكان و بەردەوامبون لەسەر هەڵە سیاسیە كوشندەكان لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردەوە،بونە بەردەوامیپێدەری لاوازبوونی پێگەی سیاسی كورد.
بە چێكردنی ڕیفراندۆمیش و حیساب نەكردن بۆ ئامۆژگاریەكانی دۆستەكان و كەوتنە ژێر كاریگەری و هەژموونی ناسیونالیستی توندی كوردایەتیشەوە و لەپێناو بەدەستهێنانی دەسكەوتی كەسی و حیزبی و بنەماڵەییدا، وەك دەوترێت ((بوە ئەو مووەی كە پشتی حوشترەكەی پێشكا)) و ئیدی مەسەلەی كورد و كوردایەتی و پێكەوەنان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بونە خەون و  بۆ ماوەی دەیان ساڵ لێمان دووركەوتنەوە و لەجیاتی ئەو دروشمە قەبە و جوان و پڕ شكۆیە دروشمی بەڵێ‌ بۆ مووچە و ناردنی بودجە و كردنەوەی دەروازە سنوریەكان و فڕۆكەخانە داخراوەكانمان بەرزكردەوە.
ڕیفراندۆم گەرچی مافی ڕەواو سەرەتایی میلەتەكەمان بوو،بەڵام دیاریكردن و پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی لەم زەمان و زەمینە نەگونجاوەدا بە نەرێنی شكایەوە بەسەر تەواوی بیر وكار وگوتاری كوردایەتیدا.هەر لە دەرئەنجانمە خراپەكانی ڕیفراندۆم بوو كە شكستی سەربازی  بەسەر هێزی پێشمەرگەدا هات و 51% خاكی دانەبڕوای كوردستان جارێكی تر داگیركرایەوە هەر لە خانەقین و دووزخورماتوو و كەركوكە تا دبس و مەخمور و خازەر و شەنگال و بەعشیقە و فیشخابور و ..هتد.زۆرێك دەڵێن ڕووداوەكانی 16 /10 بونەتە مایەی كارەساتی داگیركاری و جینۆسایدی كورد و كوردستان لە دوزخورماتوو كەركوك ،بەڵام دوور لە دەمارگیری حیزبی هیچ ڕوویەكی لەیەكچوون نیە لە نێوان كاریگەریەكانی ڕیفراندۆم و كارەساتی 16/10دا،چونكە ڕیفراندۆم زۆر گەورەتر و كاریگەرترە لە خەباتی كوردایەتیدا و خاڵێكی گەشاوەو وەچەخانیشە،بەڵام ڕووداوەكانی 16/10 وەكو هەموو كارەساتەكانی تری 31ی ئابی 1996 و نسكۆو شكستی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1975 و كارەساتەكانی شەڕی ناوخۆ وبراكوژی شاخ و شار لەدوای ڕاپەڕینیش 1994-1998 هەموانیان كارەساتی جەرگبڕبوون و مایەی شەرمازارین بۆ هەموان بەبێ‌ جیاوازی و هەق نیە ئەو وێسگە ڕەش و تاریكانە هیچ لایەك نە موزایەدەی پێوە بكات و نە شانازیشە بۆ هیچ لایەك و سەركردەیەك،دەبێت تادەكرێت ئاسەوارەكانیان لە زهن و بیری خۆماندا بسڕینەوە و نەیهێڵین نەك وەكو ئێستا و بەربەردەوامی لەسەر قەوانێكی سواو بیجوینەوە.
بۆیە گەر بمانەوێت پێگەی سیاسی كورد لە عێراق و بۆ ئایندەش بەرز و بەهێز و پتەوی بكەینەوە وەكو سەرەتای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لەساڵی 2003دا پێویستە لەسەر:كورد لەنێو خۆی و لەنێو ماڵی خۆیدا یەك و یەكگرتوو و یەك گوتار و یەك كردار بێت،بەرامبەر بە عەرەب ((سونە و شیعە)) و ئەوانی تریشدا و پڕۆسەیەكی سازانی نیشتیمانی و ئاشتەوایی سەرتاسەری چێبكات،و دوور بكەوێتەوە لەململانێی ناڕەوای حیزبایەتی و ناوچەگەری و حكومەت و دەسەڵاتێكی تۆكمە و پتەو وبەهێز پێكەوە بنێت لەسەر بنەمای شەفافیەت و خزمەتكردن و چاكسازی  ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە دامودەزگا شەرعیەكانی حوكمڕانی، دوور لە گەندەڵی و  بە ئاڕاستە و پلانێكی زانستی واقعی كاری خۆی بكات و ڕێز لە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینەش بگرێت،چونكە كورد و مەسەلەكەی بەبێ‌ چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادیەكان لەكوردستان و عێراقدا هەمیشە بە ژێردەستەیی و داگیركراوەیی دەمێنێتەوەو بۆ هەتاهەتایش هەر لە شەڕ و كوشتار و ماڵوێرانیدا بەردەوام دەبێت.
كورد لە ئێستادا هیچ چارەیەكی نیە جگە لە بەرقەراركردنی ئاشتی لەناوخۆی كوردستان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا و لەسەر بنچینەی دەستور كە هەرچەندە فریاد ڕەسیش نیە بۆ هەموو ماف وداواكاریەكانی كورد،بەڵام تا ئەوكاتەی كورد تەندروستی و بەهێزی خۆی وەدەستدێنێتەوە و دەبێتەوە خاوەن دەستپێشخەری سیاسی ،ناچارە لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا خۆی بگونجێنێت و دەبێت سزای هەڵە و سەرەڕۆیی و سەركێشیەكانی بداتەوە ئەوكات دەگاتە ئەو بڕوایەی كە ئاڕاستەیەكی نوێ‌ بە بیر و ئەندێشە و پلانێكی نوێوە بەرەو ئایندەیەكی گەشتر هەنگاو بنێت.
كورد خۆی هۆكاری سەرەكی كێشە و لاوازبونی پێگەی سیاسی خۆی بوە لە عێراقدا وهۆكاری لەدەستدانی شكۆ و گەورەیی و گەشاوەیی دەسەڵاتەكەی بوە بەشێوەیەك سەقفی داواكاریەكانی لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە دابەزیوە بۆ داواكردنی مووچە و بودجەو ..هتد. لەهەمان كانتیشدا هەرخۆشی هۆكاری چارەسەركردن و ساڕێژكردنیەتی،بۆیە گلەیی وڕەخنەی سەرەكی دەبێت كورد لەخۆی بگرێت نەك عێراق و دەرودراسێ‌ و زلهێزەكان،چونكە ئەوان هەمیشە لەبەرژەوەندی خۆیان سەوداومامەڵە دەكەن نەك لەبۆ بەرژەوەندی كورد،بۆیە بەهێزبونەوەی پێگەی سیاسی كورد تەنها بەندە بەیەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی كورد خۆیەوە.


21/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر