گومان‌و پرسیارەكان لەسەر.. پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقی 2018

نەوزادی موهەندیس
ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەی خولی چوارهەمی پەڕلەمانی عێراق كە لە 12/5/2018دا ئەنجامدرا، زۆرترین گومان و گلەیی و گازندەی لەسەر دروست بووە،لەلایەن هەموانەوە،بەحیزب و لیستە بچوك و گەورەكانەوە بە حیزب و لیستە براوە و دۆڕاوەكانیشەوە،ئایا ئەمە ڕێكەوتە و تەنها دەچێتە قاڵبی گومان و بۆ دوورخستنەوەی كەمتەرخەمی و كەموكوڕیەكانە لە ئەستۆی خۆیان؟ یاخود ڕاستەقینەن و شایەنی ئەوەن كە هەڵوێستەی سیاسی و یاسایی و جەماوەریشیان لەسەر بكرێت؟
ئەم هەڵبژاردنە كە زیاد لە 30 قەوارە و حیزب و هاوپەیمانی و لیستی سیاسی جیاواز كە دابەشبونەتە سەر تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانی عێراق لە باكورەوە تا باشوور بەشداریان تیادا كردوە و هەموانیشیان بەنیازی بردنەوەبوون و سەقفی تێڕوانین و پێشبینی و خواست و خەونەكانیان هێندە بەرزبوە كە لەئێستادا ودوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە هەموانیان توشی شۆك و نائومێدی بوون لە ئەنجامەكان و هیچ كامیان چاوەڕوانی ئەم ئەنجامانەیان نەدەكرد، لەكاتێكدا كە هەموانیشیان دڵنیابوون لەوەی كە لەم خولەدا كەمترین ساختەكاری و فرت و فێڵ دەكرێت لەبەرئەوەی كاری دەنگدان و جیاكردنەوەكەشی بە ئامێر و تەكنەلۆجی نوێ‌ سازدەكرێت و هەموان بە شان و باڵی پڕۆسەكەدا هەڵیاندەدا،بەڵام كاتێكیش تەنها ئامار و ئەنجامە بەراییەكان وەدەركەوتن هەموان ناڕازی و دژ بوون و كەوتنە سەركۆنەكردنی یەكتری و تۆمەتبەخشینەوە و گومان دروستكردن لە ئەنجامەكان و ئامێر و تەكنەلۆجیا نوێكانی سەردەم.
لەم هەڵبژاردنەدا و دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان تەنها 32 حیزب و قەوارە و هاوپەیمانی و لیستی سیاسی توانیویانە لەكۆی 329 كورسی پەڕلەمان 320 كورسی بۆ خۆیان كۆبكەنەوە و 9 كورسیەكەی تریش بۆ كۆتاكان دانراون. ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆی دانیشتوانی عێراق كە 38 ملیۆن و 500هەزار كەسە تەنها 24 ملیۆن و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەبوە و لەو ژمارەیەش تەنها 10ملیۆن و 700 هەزار كەس چونەتە دەنگدان و بەكردارەكی دەنگیان داوە كە ڕێژەی بەشداربوون لەتەواوی عێراقدا دەگاتە تەنها 5ر44% كە كەمترە لەنیوەی دەنگدەران.كە بۆخۆی كەمترین ڕێژەی دەنگدەرانە لەساڵی 2005وە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە،بۆچی ئەم ڕێژە كەمەی دەنگدەر؟هۆكارەكان چین و كێ‌ و چ لایەنێك لێی بەرپرسیارە؟
وەڵام، ساردوسڕی بەدەمەوە چوونی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان كە وەك ماف و ئەرێكی یاسایی و كۆمەڵایەتی و شەرعیش وایە،دەگەڕێتەوە بۆ بێ‌ متمانەییان و بڕوانەبونیان بە توانا و ئەدای حیزب و سەركردەكان و نوێنەرەكانیش لە پەڕلەمان،چونكە ماوەی 15 ساڵی ڕابووردوو هەموانیان بێ‌ جیاوازی لە عێراق و كوردستاندا بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەوە هیچ كامیان ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ جەماوەر و لایەنگرەكانی خۆیان و كۆمەڵگاشدا و هیچ كامیان خاوەنی بەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردن نەبوون و تەنها سەرگەرمی كۆكردنەوەی پلە و پۆست وئیمتیازاتی كەسی و حیزبی خۆیان بوون وجەماوەریان لەبیر كردوە و فریویان داون،كارگەیشتۆتە ئەوەی كە گەندەڵی و نادادپەروەری بەڕادەیەك تەشەنە و بڵاوەی كردوە كە تەواوی ئۆرگانەكانی حوكمڕانی و دەسەڵاتی گرتۆتەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە،نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و پڕۆژە ئاوەدانیەكان و مووچە و دیارنەمانی داهات و تاریكاندنی خەرجی و تۆخكردنەوەی حیزبایەتی دوور لە ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی و كاركردن بە ڕێنمایی و بەرژەوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ و زلهێزەكان،هەموو ئەمانە هۆكاربوون بۆكەمی ڕێژەی بەشداربوون و توڕەبون و زویربونی هاوڵاتیان، بەدڵنیاییش هەموو سەركردە و حیزب و قەوارە سیاسیەكان لێپرسراون لەم دۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیە ناجێگیر و هەژار و دواكەوتووەی كۆمەڵگای عێراقی و كوردستانیش.گەرچی هەندێك هێزی سیاسی نیەت و بەرنامەی كار و خزمەتكردنی ڕاستگۆیانەشی هەبوبێت بەڵام بەتەنها ناتوانێت جێبەجێیان بكات.
لەئێستاشدا كە هەموانیان نەیانتوانیوە كە زۆرینەی ڕەهای كورسیەكان وەدەستبێنن و بتوانن حكومەتێكی زۆرینەی بەهێز دوور لە ئیئتیلافیەكی لاواز پێكبێنن،هەموان تۆمەت بۆ یەكتر هەڵدەبەستن و گەرەكیانە شكستەكانیان بخەنە ئەستۆی یەكتری و جەماوەریش بە كەمتەرخەم و خوێنسارد و بێباك ناودەبەن،نازانن یان لەبیری خۆیان بردۆتەوە كە ئەوە جەماوەرە سەرچاوەی شەرعیەت و دەسەڵاتەكانە،نەك سەركردە و حیزبەكان،ئەوە جەماوەرە دەتوانێت هاوكێشە و هێزە سیاسیەكان قڵپبكاتەوە و بیانهێنێتە خوارەوە و فێری دیموكراسیەت و پیادەكردنی ڕاستەقینەشیان بكات نەك حیزب و سەركردەكان،ئەوە جەماوەرە سەرچاوە و ئیلهام بەخشە نەك سەركردە و حیزبی درۆینە و دروستكراو تەنها بۆ كۆكردنەوەی پلەو پۆست و دەسەڵات دامەزراون یان دروستكراون بە دەستلەپشدانی وڵاتان و هێزی دەرەكی.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا ڕوویداوە و جێگەی سەرنجە،ئەوەیە كە زۆرێك لە حیزبە كلاسیك و سەركردە بەناو بەهێزەكان دەنگ و كورسیەكانیان كەمیان كردوە لە عێراق و كوردستان و ئەوەشی مایەی شۆكبون و تێڕامانە ئەوەیە كە هەندێك حیزب و قەوارە كە تەنها تەمەنیان لە ساڵێك تێپەڕ ناكات و خاوەن هیچ ڕابووردویەكی سیاسی سەركەوتوش نین بونەتە خاوەنی 3 -4 كورسی كە بەهەق شایەنی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەركردنە،كە چۆن و بەچ هێز و پشتیوانی و مێژویەكەوە توانیویەتی كە ببێتە جێگە متمانەی ئەو جەماوەرە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی((200000 دەنگدەر))كە هێشتا تاقیان نەكردۆتەوە لەدەسەڵاتدا،كەلە كوردستان و عێراقیشدا نمونەیان هەیە،و توانیویانە جێگە بەهەندێك هێزی سیاسی و سەركردە لەق بكەن كە خۆیان بە جێگرەوە و بە نمونەی بێ‌ وێنە و تازەگەری لە ئۆپۆزسیۆندا پیشان دەدا،كەچی حسابەتەكانیان هەموو پێچەوانە بۆتەوە.
جا ئایا ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە بەم هەموو ڕاز و گلەیی و گومان و پرسیارانەوە،دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزی عێراقی بۆ ئایندە و لانی كەم بۆ 4 ساڵی داهاتوو؟ئایا ئەم هەموو حیزب و سەركردانە كە خۆیان بۆ پلە و پۆستی گەورە داناوە دەتوانن ڕێكبكەون لەگەڵ یەكتردا و بەمتمانەوە كار لەگەڵ یەكتردا بكەن؟ ئایا دەتوانن بۆ 4 ساڵی ئایندە نمونەیەكی ئومێد بەخش پیشانبدەن و جەماوەری عێراقی و كوردستانیش ئاشتبكەنەوە و خۆشگوزەرانیان پێببەخشن؟
یان ئەوەتا ئەم خولەش تەنها دووبارەكردنەوەی خولەكانی پێشترە وخولانەوەیە لە بازنەیەكی بۆشدا، دەبێت ئاوات بۆ ڕابووردوو بخوازین و چاوەڕوانی زەمانە بكەین بۆ وەڵام وەرگرتنەوەی پرسیارەكان!!!


17/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر