كورد لە پاشەكشەیەكی مەترسیداری بەردەوامدایە !

نەوزادی موهەندیس
ئەوەی لەم كۆتایی ساڵی 2018دا دەیبینین و پێشتریش بۆ چەند ساڵی ڕابووردوو بینیومانە،ئەوەیە كە مەسەلەی كورد و سەنگ و قورسایی كورد لە ناوچەكە و لەسەر ئاستی دونیا و زلهێزەكانیشدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاشەكشەی بەردەوامدایە كە ئەمەش بۆخۆی مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی نەتەوەكەمان.
هەڵویستی وڵاتانی ناوچەكە هەر لە عێراق و سوریا و ئێران و توركیا و دواتریش زلهێزەكانی ڕوسیا و ئەمریكا و تەنانەت ئەوروپیەكانیش((جگە لە هەندێكیان)) هەموانیان وەك گەلەكۆمیەكی نێودەوڵەتی دژ بەكورد ڕەفتار دەكەن وەك سەردەم وساڵی 1916 و ڕێكەوتنی سایكس-بیكۆی شووم و هەموانیان لەخەمی ڕێكخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەكانیاندان و هیچ گوێ‌ نادەنە هاوپەیمانە كوردەكانیان كە لەڕۆژانی سەخت و دژواری دژ بە داعش و تیرۆریستان هەموانیان كوردیان بردە بەرەی پێشەوە و سەنگەری یەكەمی ئەو جەنگە و هەرچی قوربانی و خوێن و فرمێسك و كاولكاری كوردستانە بەسەر كوردیاندا هێنا تەنها بە ئافەرین و دەستلەپشدان و پێدانی هەندێك تەقەمەنی و چەك و چۆڵی بێئەرزش و فریودانیان بەبەڵێنە هەنگوینیەكانیان كە پڕاوپڕبوو لە ژەهری كوشندە.كوردیش بە ساویلكەیی لەلایەك و دڵخۆشبون و خۆشباوەڕی لەلایەكی تر و لەلای سێهەمیشەوە بەهۆی دڵسۆزی و تینوێتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەكاڵاوپێتاوەوە خۆی تەسلیم كردن و هەموو ئیدارە و ئیڕادەیەكی خۆی خستە خزمەت بەرژەوەندیەكانیانەوە.
ئێستاش كە لەكۆتایی جەنگی تیرۆیستان و داعش نزیكبونەتەوە و گەرەكیانە پێكەوە ڕێكەوتن بكەن و دۆخە نەخوازراوەكەی چەند ساڵی ڕابوودوو ئاسایی بكەنەوە و وەك جاران دۆست و هاوپەیمانی یەكتربن و هەموانیشیان لەسەر مێزی گفتوگۆكان كێك و دەسكەوتەكان دابەشبكەن لەنێوان خۆیاندا لەسەر حسابی كورد وكوردستان و ئەوەی كەتەنها زەرەرمەندی یەكەم و گەورە دەبێت تەنها كوردی بێ‌دەوڵەت و بێ‌سیادە و سەربەخۆییە.
ئەوەتا 7 ساڵە جەنگ لەسەر خاك و گەلانی سوریا و عێراق دەكرێت و هەموان ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و بەعس بە دیكتاتۆر و خوێنڕێژ و دژ بەگەلانی سوریا دادەنێن و هەوڵی زۆریاندا بۆ ڕووخاندنی كەچی ئێستا هاوكێشەكان هەڵگەڕاونەتەوە و هەموانیان پێیان باشە بەشار ئەسەد بمێنێتەوە و هەریەكە خەریكی ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانێتی لەگەڵ سوریا و هەشە هەڵپەی كردنەوەی سەفارەتەكەیەتی و هەشە  هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی سوریای كاولكراو دەدات . ئیدی ئەوەی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێ‌ویژدان و دوور لە عەدالەت و كەڕ و كوێرە بەرامبەر بە كورد و كوردستان و ئەمڕۆش دونیای و سەردەمی بەجیهانیبوون دووبارەكردنەوەی پەردەیەكی ڕەشی بێویژدانی سیاسەتی دوێنێی شووم و نەگریسە بەرامبەر بەكوەردی هەژار و بێ‌خاوەن و بێ‌ دەوڵەت.
ئەمریكا و ترامپی سەرۆكەكەی هەرزوو بەیداخی سپی هەڵكرد لەبەردەم بەرژەوەندیە ئابوریەكانی لەگەڵ توركیا و لەبەردەم هەژموونی بەهێزی ڕوسیا و ئێران لەسوریا و عێراقیشدا،سیاسەتە سەر كێشی و سەرشێتیەكانی ترامپی ئەمریكا هەموو ناوچەكە و دونیاشی توشی هەیەجان و شڵەژانی گەورە و چاوەڕواننەكراو كردوە.بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە ئەمریكا هەرچی پلانێكی پێشوەختەی هەبێت و نهێنی بێت ئەوەی كە دەخوێنرێتەوە تەنها بریتیە لە دەستهەڵگرتن لە كورد و كوردستان و وەكو دیاریەكی سەنگین و بەنرخ لەسەر سینیەكی زێڕین لەم سەری ساڵی نوێی 2019دا پێشكەشی توركیا و سوریا و ئێرانی دەكات و ئەو كوردەی ببوە قەڵغانی پارێزگاری لە خودی بەرژەوەندی ئەمریكیەكان و ئەوروپی و تەنانەت  ئیسڕائیلی هاوپەیمانیان و و سعودی و ئیماراتیەكانیش ،ئێستا بەتەنها و تەنها بەجێیدەهێڵن بۆ قەدەرێكی نادیاری خوێناوی و تاریك و ناڕوون.
 خۆشبەختانە كورد لە ساڵی 1991 وە دواتر ساڵی 2003وە ئەستێرەی بەختی كشاو ناو و ناوبانگی كەوتە سەر زاری هەموان و لەساڵی 2014شەوە لەقۆناغی جەنگی دژی داعش كورد هێندەی تر كەوتە بە دڵی زلهێزە  دونیایی و ناوچەییەكان و قوربانی زۆریدا لە پێناو ئاشتی و ئازادی جیهانیدا و هەر ئەمەش كورد و مەسەلەكەی كردە مەسەلەیەكی گەرموگوڕ و گەلێك بەناو دۆستی بۆ پەیداكرد، بەڵام بەداخەوە كورد و مەسەلەكەی لە ئێستادا بەم شێوەیە لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدایە،ئەوەتا لە عێراقدا ساڵ بەساڵ ڕۆڵ و كاریگەری كورد بچوك و بچوكتر و لاواز و بێهێزتر دەبێت و مافەڕەوا دەستوریەكانیشی پێشێل دەكرێت و بودجە و موچە و موستەحەقاتی دارایی نادرێتی.لەسوریا بە بەرچاوی هەموو دونیای دیموكراسیەوە هەنجەن هەنجەن دەكرێت و دوێنێ‌ عفرین و ئەمڕۆ مەنبەج و سبەینێش كوبانی و ئەوانیتر دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و سوپای سوریا ، لە كوردستانی باكوریش ماوەی زیاد لە 2 ساڵە دۆخی كورد پەشێو و لێكترازا و لاواز و پەرتوبڵاوبۆتەوە دوای شكستی هەدەپە و گیرانی دەمیرتاش و هاوڕێكانی و گرتنە بەری سیاسەتێكی دوژمنكارانەی ئەتاتوركیانەی توندی ئەردۆگان و سوپا و حكومەتەكەی، لە ئێرانیش ئەوە هەر باس ناكرێت كە ڕژێمی ئێرانی چۆن دژایەتی كورد و مەسەلەكەی دەكات بەشێوەیەك پارت و سەركردە سیاسی و جەماوەری كوردیش بچوكترین جوڵە و چالاكی سیاسی و عەسكەریان بۆ ناكرێت.ڕۆژانە چالاكوان و گەنجی كورد لە سێدارە دەدرێن و بەند و ڕاوەدوو دەكرێن.
بەم شێوەیە گەر كورد و مەسەلەكەی ئاوها پاشەكشە بكات و بچوك و لاواز و قەتیسبكرێت،بەڕاستی ئومێدی زۆر ناكرێت بۆ ئایندەیەكی ڕۆشنتر.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئایا بۆچی ئەم دۆخە هاتۆتە پێش ؟هەڵە و خەتای كوردە یان زلهێز و بەناو هاوپەیمانەكانە ؟
لەوەڵامدا دەكرێت بوترێت،كە كورد كەمتەرخەم نەبوە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی وەك هاوپەیمانێك یان شەریكێكی سەرسەختی دژی تیرۆریستان و ئەركە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانی بەوپەڕی باشی بەڕێوەبردوە،بەڵام نەیتوانیوە كە خوێندنەوەیەكی ڕاست و دروست و تێگەیشتنێكی واقعیانەی سیاسیانە بۆ ڕووداو و پێشهات و هاوپەیمانی و دۆستایەتیەكانی بكات و نەیتوانیوە بەباشیش بەرژەوەندی و ڕۆڵ وكاریگەری ئابوری  بخوێنێتەوە و كاریان لەسەر بكات، كورد بەهۆی پێگە جیۆسیاسی و ئابوری و ئەمنییەكەیەوە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیر و دابەشكردنەكەیەوە هەر ئەوەندەی بۆدەكرێت لەگەڵ 4 وڵات و ڕژێمی سەردەستی تاكڕەو و نادیموكراسی و دوژمن و داگیركەردا و هەرئەوەندەش دەتوانێت ڕۆڵببینێت لەچوارچێوەی سیاسەتە نێودەوڵەتیەكاندا كە قۆناغە سەختەكان تێببەپەڕێنێت و بتوانێت تاڕادەیەك خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیاسەت و دیدگا و بەرژەوەندی زلهێزەكاندا،بەڵام بەهۆی نەبونی دەسەڵات و دەوڵەتێكی سەربەخۆی كورد هەموانیان هێندە گرنگی پێنادەن و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و لەخزمەتی ستراتیژەكانیاندا وەك تاكتیك بەكاریدێنن،بۆیە گوناه و تاوانی گەورە ناكەوێتە ئەستۆی كورد خۆی بەڵكو گوناه و تاوانە گەورەكە دەكەوێتە ئەستۆی زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكە كە پابەندنین بەهاوپەیمانی و دۆستایەتی و بەڵێنەكانیانەوە بۆ كورد.
كورد ئەوەندە تاوانی هەیە كە لەناو خۆی خۆیدا یەك و یەكگرتوو نیە و دڕدۆنگ و لێكترازاو و خاوەن ئیڕادە و ویست و بڕیار و ناوەندێكی دەسەڵاتی یەكگرتووی بەهێز نیە و هەریەكە ولەبەشی خۆی و لەبەشەكەی خۆشیاندا هەریەكە سەرگەرمی حیزبایەتی تەسك و قێزەون و ململانێی ناڕەوایە و هیچ كات بەتەنگ مەسەلە گەورەكەی نەتەوە و نیشتیمانەوە نین و هەزاران بیانوی بێئەرزشیش دادەتاشن بۆ هەڵوێست و گوتار و كردارە دوور لە كوردایەتیەكانیان.
بەم شێوەیە دەبینین كە 100 ساڵە زەمەن وەستاوە و هیچ گۆڕانكاری و پێشكەوتنێكی وەدینەهێناوە بۆ كورد و كوردستان و هەر بەداگیر و دابەشكراوی ماوەتەوە 1916. ئەمریكا و ڕوسیا وەك دوو زلهبَزی دونیا هیچ كات بە ڕاستگۆیی و ڕاستەقینە لەپشت پشتیوانی مەسەلەی كوردەوە نەبوون لەهیچ پارچەیەكدا و نمونەی زیندووش ڕووخاندنی دەسەڵاتەكەی مەلیك مەحمود و كۆماری مهاباد و شۆڕشی ئەیلول و ئێستاش شۆڕشی كورد لە ڕۆژئاوادا و لەباكوریش هیچ كات بەئێستاشەوە پشتیوانیان لەشۆڕش و خەباتی كوردایەتی نەكردوە.
بۆیە ئەركی سەركردە و پارتە سیاسیەكانی كوردە كە بەشێوەیەكی نوێ‌ و واقعیانە پلان و بیر و نەخشەی خەباتی خۆیان دابڕێژنەوە دوور لەو سیاسەت و خەبات و ڕچە و ڕێبازە كلاسیكیەی كە 100 ساڵە بەرهەمی نەبوە،بۆئەوەی هەموو ئەو مەترسیە گەورانەی كەلەئەنجامی ئەم پاشەكەشە گەورە و پڕ مەترسیانەی هاتونەتە پێشەوە بڕەوێنەوە و ئایندەیەكی گەشتر و ڕووناكتر مسۆگەر بكەن بۆ ئێستا و نەوەكانی ئایندەش.


08/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر