رِێککەوتنی سياسى ئەوجا حكومەتی هەرێمم !

نەوزادی موهەندیس
دوای زیاتر لە 3مانگ و نیو هێشتاش چارەنوسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیارنیە و هێشتاش گفتوگۆ بێزەنتیەكانی نێوان 3 لایەنە سەرەكیەكەی((پارتی و یەكێتی و گۆڕان)) بەردەوامن،بەبێ‌ ئەوەی تروسكاییەكی دڵخۆشكەر و مژەدەبەخشی خۆشی لەئاسۆدا بەدیاركەوتبێت.
هەموان دەپرسین ئایا هۆكاری ڕێكنەكەوتن و پێكنەهاتنی ئەم 3 لایەنە چیە؟ بەتایبەتیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی یەكەم و دووەمی براوەی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی 2018ی پەڕلەمانی كوردستان؟ بێ‌ متمانەییە لەنێوانیاندا؟ یان هەوڵدانە بۆ سەپاندنی ئەجێندای تایبەت بەسەر ئەوانی تردا؟ دەكرێت بوترێت حكومەتێكی شەراكەتی ڕاستەقینە؟یان زاڵبوونی لایەنێك بەسەر ئەوانی تردا؟ و دەیان پرسیاری تریش..
ئەوەی لەئەنجامی 3 گەڕی گفتوگۆكان دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە هیچ كامیان لەو سێ‌ لایەنە متمانەیەكی تەواویان بەوانی تر نیە و هەریەكە بە گومان و ترس و دوودڵیەوە دەڕوانێتە بەرامبەرەكەیان و هێشتاش هیچ كامیان كارت و داواكاریە ڕاستەقینەكانی خۆیان نەخستۆتە سەر مێزی گفتوگۆكان و هێشتاش لە قۆناغی زمان تاقیكردنەوە و نیەت خوێندنەوەی یەكتریدان و هیچ كامیان گەرەكیان  نیە تەواوی كارتەكانیان ئاشكرا بكەن و هەموانیان بەرزترین سەقفی داواكاریەكانیان پێشكەشدەكەن كە ئەمە لە سیاسەتی گفتوگۆكاندا تەنها بەركوڵ و دەستپێكە ،ئەگینا نیەتە ڕاستەقینەكان لەكۆتادا دێن كە زۆر كەمترن لەداواكاریە سەرەتاییەكان.
هۆكاری سەرەكی نەگەیشتنە ڕێكەوتن دوای زیاتر لە 3 مانگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەریەكە لە یەكێتی و پارتی دیدگا و تێڕوانین و خوێندنەوەی نوێیان هەیە بۆ  قۆناغی ئایندەی حوكمڕانی كوردستان و لەسایەی گۆڕانكاریەكان و ململانێكانی نێوانیان و گۆڕانكاری لەتەرازووی هێزەكان و ئاڵوگۆڕی نێو عێراق و تەواونەكردنی كابینە حكومیەكەی عادل عبدالمهدی و چەقبەستنی دۆخی كەركوك و جێگە ناكۆكەكانی تر ، هەموو ئەمانە هەردوولایانی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی كە ناكرێت بە ئالیەت و میكانیزمی كابینەكانی پێشووتر ئەم كابینە حكومیە نوێیە پێكبهێنن،بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لەسەرەتاوە داوای شەراكەتێكی ڕاستەقینەی كردوە لە حكومەتدا ،شەراكەتێك كە هەردوولا شەریكی ڕاستەقینە بن لە بڕیارەكان و بەرپرسیاریش بن لە ئێستا و ئایندە،یەكێتی گەرەكێتی حكومەتێكی بەهێزی سیاسی و ئابوری و جەماوەری و ئەمنی پێكبهێنرێت كە حكومەتی هەموان بێت بێ‌ جیوازی لە زاخۆوە تا خانەقین بەكەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە،یەكێتی دەیەوێت سەرجەمی كێشە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیەكان كە پەیوەندیان بەدواڕۆژی كوردستان و هەرێمەوە هەیە پێكەوە و وەك یەك پاكێج تەماشابكرێن و بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆو ڕێكەوتنی سیاسیان لەسەر بكرێت،یەكێتی دەیهەوێت كە لەهەرێم و كەركوك و بەغداد كورد پێكەوە كاربكەن و پێكەوەش ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و مەترسیەكانیش ببنەوە،چونكە ناكرێت لەهەرێمدا حكومەت پێكبهێنرێت و وەكو بەشێكی دابڕاو سەیربكرێت لە كێشە و ململانێكانی كەركوك و بەغداد،چونكە هەموو كات و بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد كەركوك جێگە و خاڵی ناكۆكی و پێكنەگەیشتنی كورد و بەغداد بوون،هەربۆیە كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لەكوردستان و دەبێت بەهەوڵی هەموو كوردیش لە بەغداد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە، بەم شێوەیە ناكۆكی لەتێڕوانین و لێكتێگەیشتن هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا و هەر ئەمەشە كە بۆتە خاڵی پێشنەكەوتنی گفتوگۆكان .
لەلای پارتی و گۆڕانیشەوە ئەوەی دەخوێنرێتەوە هێندە دوور نین لەیەكترەوە و دەكرێت دوای ڕێكەوتنی پارتی و یەكێتی بەئاسانی گۆڕان و پارتیش ڕێكبكەون،چونكە گۆڕان  چاوەڕوانی هەڵوێستی یەكێتی دەكات بە بەشداریكردن یان نەكردن لەحكومەتدا،چونكە گەر یەكێتی بەشداری نەكات ئەوا بەدڵنیایی گۆڕانیش بەشدار نابێت چونكە باش دەزانێت چارەنوسی ئەو حكومەتە بەبێ‌ بوونی یەكێتیەكی كارا و بەهێز سەركەوتوو نابێت و ئەنجامیش گۆڕان  تەنها بەشداریەكی شكڵی دەبێت بەبێ‌ دەسەڵات و لەبەرامبەر دۆست و لایەنگر و ئەندامان و جەماوەرەكەیدا تووشی ئیحراجیەكی گەورە دەبێت لەبەرئەوەی ناتوانێت لەناوچەی سەوزدا هیچ بەڵێنێك جێبەجێبكات بۆیە بەشدارینەكردنی گۆڕان یان بەشداریكردنی وەستاوەتە سەر كۆتا بڕیار و هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
بۆیە دەبێت كە  هەنگاوی یەكەم ڕێكەوتنێكی گشتگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەسەر هەموو مەسەلە گرنگەكان بكرێت ،ئەوكات بڕیار لەسەر بەرنامە و كار و نەخشە ڕێگاو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بدرێت،چونكە ناكرێت كابینەی حكومەت لەهەرێم پێكبهێنرێت بەبێ‌ بوونی مادە و بڕگەی تایبەت بە چارەسەركردنی ململانێ‌ و ناكۆكی و دواڕۆژی كەركوك و ناوچەكانی تر و ململانێ‌ و ناكۆكیەكانیش لەگەڵ بەغداد،چونكە گەر حكومەتی هەرێم خۆی بەخاوەنی كەركوك و هەموو ناوچەكانی تریش دەزانێت دەبێت بیخاتە نێو بەرنامەی كاری خۆیەوە،بۆیە پێش پێكهاتنی ئەم حكومەتە لەهەرێمدا گەرەكە ڕێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان پارتی و یەكێتی بەتایبەتی و دواتریش گۆڕانیشدا بكرێت،بۆئەوەی هەموان بەرچاویان ڕوونبێت لەسەر چ بەرنامە و نەخشە ڕێگایەك ڕێكەوتون و بۆ 4 ساڵی ئایندە كاری لەسەر دەكەن.
ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ ئەوەی هەڵەكانی ڕابووردوو و هەڕەشە و سیاسەتی خۆسەپاندن و تەریك و بێبەشكردنی لایەنێك دووبارە نەبێتەوە و لەنیوەی ڕێگادا حكومەت لێكبترازێت و جارێكی تریش حكومەت نەبێتە حكومەتی تاكلایەنە و حكومەتی خۆسەپاندن ،چونكە دەركەوت لەكوردستان و لە عێراق و لەناوچەكەشدا حوكمڕانی بەتەنها هێزێك ناكرێت چەندە بەهێز و خاوەن نفوز و پارە و دەسەڵاتیش بێت ،جا بۆ زامنكردنی سەركەوتنی كابینەی حكومەتی نوێ‌،ئەم ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتنە سیاسیە پێشوەختە گەلێك پێویستە.
هەربۆیە دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی براوەی یەكەم بەدید و تێڕوانینی كراوەتر و فراوانتر لە 4 ساڵی ڕابووردوو سەیری كێشە و ململانێ‌ و داواكاریەكانیش بكات و بەعەقڵیەتێكی كراوەتریشەوە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەكانی بكات نەك بە زمانی ژمارەی كورسی و براوەی یەكەم بدوێت،چونكە گەر ڕێكەوتنێكی سیاسی پێشوەختە ئەنجامبدرێت ئەوا پێكهێنان و دابەشكردنی پۆستەكان زۆر ساناتر دەبێت و بەدڵنیایش سەركەوتن زۆر نزیكتر دەبێت و چارەنوسی حكومەتەكەش ڕۆشنتر دەبێتەوە.بەڵام بەپێچەوانەوە ناكرێت هەموان لەسەر داواكاریە تەعجیزیەكانی خۆیان مكوڕبن و هەنگاوێك نەیەنە پێشەوە و سەقفی داواكاریەكانیان دانەبەزێنن و بەردەوامبن لەسەر عینادی سیاسی خۆیان و سەنگەر لەیەكتر بگرن،چونكە ناكرێت قۆناغی داهاتوو بەو هەموو هەستیاریەوە سەرقاڵی ئەم ململانێ‌ حیزبیانە بێت لەكاتێكدا هەموو ناوچەكە گیردۆدەی ململانێی توند بونەتەوە و زۆر نزیكیشە سەربكێشێت بۆ جەنگێكی گەرمی سەربازی و ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزە دونیایی و ناوچەییەكان،كە هەموانیشیان گۆڕەپانی ئەو جەنگە دەگوزانەوە بۆ سەر خاك و گەلانی كوردستان.بۆیە گەر هەموان گەرەكیان بێت كە حكومەتێكی بەهێز پێكەوەبنێن و شەراكەتێكی ڕاستەقینەش پیادە بكەن ئەوا دەبێت زیاتر نەرمونیان تر بن و ڕاستگۆیانە بێنە پێشەوە و متنمانەی زیاتریش بەیەكدی بكەن.


27/01/2019