گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس
مێژووی ململانێ‌ و گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران دوورو درێژن،لەوكاتەوە دەستیپێكردوە كە ئەمریكا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وەكو جەمسەرێكی كاریگەری  سەرگۆڕەپانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی دونیای ئەوكاتە و تاكو ئێستاش دەركەوتووە،تەنها ئەو كاتانە دۆستی دەوڵەتی ئێرانی پاشایەتی حەمەڕەزاشای ئێران بوو تاسەرەتای ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابووردوو ،ئاشكرایە لەساڵی 1953دا هەربەهەوڵی ئەمریكا بوو كە توانرا  كودەتا بەسەر هێزی محمد موصدق بكرێت و حەمەڕەزا شا بگەڕێنرێتەوە سەر تەختی شاهانشاهی ئێران و ئیدی ئێران و شاهانشاكەی خۆیان بەقەرزباری ئەمریكا دەزانی و هەمیشە ملكەچ و گوێڕایەڵ بوون،بەڵام كاتێك حەمەڕەزا شا هەستی كرد كە نرخی نەوت نزمە و كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكانیش كەوتونەتە دوژمنایەتیكردنی ئێران و داهاتی نەوتەكەی و گەرەكیانە بێهێزی بكەن،كەوتە دژایەتیكردنی ئەو كۆمپانیایانە و دواتریش ئەمریكا و ئەوەبوو ئەنجام بەڕووخاندن و سەرەونگومكردنی خۆی و ڕژێمەكەی كۆتایی هات لەساڵی 1979دا، ئیدی ئەمریكا و ئێران دوای ئەو مێژوەش و دوای ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی ئێرانی شیعە مەزهعەبی توندڕەو وخاوەن خەون و خەیاڵی فراوانخوازی و ناردنەدەرەوی شۆڕشەكەی بۆ ناوچەكە و دونیاش هێندەی تر پەیوەندیەكان ساردووسڕبونەوە و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی ئەمریكا پیلانی ڕووخاندنی ئەو ڕژێمەش دابنێت لە ڕێگەی هەڵایسانی جەنگی 8ساڵەی عێراق ئێران و سەپاندنی گەمارۆی 30 ساڵەی سەری.بەم شێوەیە دەبینین كە مێژووی پەیوەندیەكانی ئەمریكا و ئێران هیچ كات پەیوەندیەكی دۆستانەی گەرموگوڕ نەبوە بەدرێژایی 70 ساڵی ڕابووردوو.
هەربۆیەش ئەم باكگراوند و هەڵبەز و دابەزە بەردەوامەی پەیوەندیەكانی نێوانیان هیچ متمانەیەكی پتەوی نەهێشتوە لەنێوانیاندا،لەلایەك ئەمریكا هەمیشە ویستویەتی ئێرانێكی دەوڵەمەند و خاوەن نەوت و نفوز و پێگە و گرنگی جیۆسیاسی لەپاڵ یەكێتی سۆڤێتی جاران و ئێستای ڕوسیای میراتگری بلۆكی سۆسیالیستی لەخولگە و فەلەكی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی خۆیدا بسوڕێتەوە و نەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانیشی لەناوچەكەدا لە وڵاتانی دەوڵەمەندی كەنداو و ئیسڕائیل و میسر و ...هتد.لەلایەكی تریشەوە ئێران هەمیشە ویستویەتی خۆی وەكو وڵاتێكی زلهێزی ناوچەكە پیشان بدات و ململانێی لەلایەك لەگەڵ ئەمریكا و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ سعودیە و توركیا و میسر و ئیسڕائیلدا دەكرد بۆ ڕابەرایەتیكردنی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەرەكی بوو ببێتە پاڵەوان و یاریكەری سەرەكی سەر گۆڕەپانەكە و هەژموونی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و پلانەكانی خۆی بسەپێنێتە سەرهەموان.
ئێران مێژوویەكی دوووردورێژی هەیە لە ترس و تۆقاندنی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەوڵەمەند و هەمیشە وەك مەترسیەكی گەورە خۆی پیشانیان داوە و هەوڵی زۆریشی داوە بۆ دەستبەسەراگرتنی بەحرەین و 3 دورگەی ئیمارات و لەڕێگەی نفوزی مەزهەبی شیعەشەوە خۆی خزاندۆتە ناو كۆمەڵگا عەرەبیەكانی یەمەن و عومان و سعودیە و بەحرەین و كوێت و عێراق و سوریا و لوبنان و میسر و تەنانەت  مەغریبی عەرەبی و ..هتد.لەم چەند ساڵەی ڕابووردوودا بەئاشكرا و بەنهێنی پشتیوانی لەهەر هێزێكی تیرۆریستی یان بەناو مقاوەمەتی  شۆڕشگێڕی كردوە لە لوبنان و فەلەستین و سوریا و عێراق و یەمەن بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانی و هەموو جەنگ و ململانێكانیشی لەسەر زەمینە و ئاو وهەوا و لەناو گەلان و لەسەر حسابی ئەو وڵاتانە بەرپاكردوە دوور لە سنورەكانی خۆی.بەم شێوەیە ئەم ململانێ‌ مێژوویەی ئەمریكا و ئێران بۆتە مۆتەكەیەكی ترسێنەر بۆ سەر تەواوی ناوچەكە و گەرەكە چارەسەرێكی سیاسی یان سەربازی یەكلایی بكاتەوە و ئیدی ناوچەكە بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت دووربخرێتەوە لەو ململانێ‌ ناڕەوایە كە هەیە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئایا ئەم ململانێیە تاچەندی تر بڕدەكات؟ بەرەو كوێ‌ و بەچ ئاڕاستەیەك كۆتایی پێدێت؟ سەركەوتووی كۆتایی كام لا دەبێت؟ ناوچەكە چی بەسەر دێت؟ و زۆر پرسیاری تریش..
پاڵپشت بەو ڕاستیانەی كەلەسەر زەمینەی واقع  دەبینرێت و دەتوانرێت گریمانەی بۆ بكرێت،ئەوەیە كە ئەمریكا گەرەكێتی ڕێگا چارەسەری سیاسی پیادە بكات تائەوئاستەی بڕدەكات ،لەڕێگەی بەسەرداچوونەوەی ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا كە ئەمریكا تاك لایەنە هەڵیپەساردوە و ئێرانیش هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەكات.ئەمریكا گەرەكێتی گەر ڕژێمە ئیسلامیەكەی ئێرانیش بەتەواوەتی نەڕوخێنێت و بەدەردی ڕژێمی بەعسی صدامی عێراقی نەبات ئەوا چنگ و پەلی بكات و نینۆك و كەڵبەكانی كورتبكاتەوە،بەشێوەیەك چیدی توانای مەترسی و هەڕەشەی نەبێت لە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی،گەر ئێران ملكەچی نواند و بەمەرجەكانی ئەمریكا ڕازی بوو ئەوا دەتوانێت بەشێوەیەكی بێترس و بێهێز و لەخولگەی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكادا بمێنێتەوە و نەبێتە مەترسی زیاتر،گەر بەپێچەوانەشەوە بەڕەقی و بێ‌ بەرنامە و غروری سیاسی مامەڵەی كرد،ئەوا بەدڵنیایی ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە مسۆگەرە گەر بەجەنگی گەرمیش نەبێتـ،ئەوا ئەمریكا لەڕێگەی سەپاندنی گەمارۆ ئابوریە توندەكانی سەر كەرتەكانی نەوت و غازی سروشتی و بەگشتی كەرتی وزە و دواتریش كەرتی دارایی و بانكی و دواتر كەرتی سەربازی و ئەمنی و پیشەسازی و دەریایی و ..هتد.ئیدی ئێران ملكەچ دەكات.
جا بەم شێوەیە بەبێ‌ بوونی داهات و بڕینی شادەماری داهاتەكانی ئێران كە نەوت و غازی سروشتیە ناتوانێت خۆڕابگرێت و مەرگ و ڕووخاندنی خۆی مسۆگەر دەكات و بەم شێوەیە لەهەردوو باردا ئێران گەورەترین زیان بەر هێز و نفوز و ناو وناوبانگی دەكەوێت گەر ڕازیبێت یان ناڕازی و ئەمریكاش وەك زلهێزێكی دونیایی گەورە و بەتوانا و خاون نفوز و دەسەڵات و تەكنەلۆجیای نوێ‌ سەركەوتنی گەورە مسۆگەر دەكات. ڕەنگە جەنگی ڕاستەوخۆی گەرم نەكرێتە سەر ئێران وەك ئەوەی كە ڕوویدا لەگەڵ عێراقدا لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێكی پان وپۆڕ و گەورە و خاوەن سنورێكی فراوان و خاوەن گەلانێكی زۆرینە مەزهەب شیعەی خاوەن بیروباوەڕی توندڕەو و دەمارگیرن بۆ دەسەڵات و مەزهەبەكەیان،بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێكهاتەی گەلان و كۆمەڵگای ئێرانیش یەك و یەكگرتوو نیە و گەلانی جیاواز لە فارس و كورد و ئازەر و توركومان و عەرەب و بەلوش و ..هتد.دەژین و ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە لەجەنگ و لە ژێر باری برسێتی و گەمارۆی ئابوریدا ژیان بەسەر دەبەن و چیدی توانای بەرەنگاری و برسێتی زیاتر ناگرن.
بۆیە ئەم ململانێیانە لەكۆتادا بەرەو ئاڕاستەی نەمان و سەرەونگومكردنی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی هەنگاو دەنێت و ناوچەكەش بەرەو ئارامیەكی كاتیش بێت دەچێت بەپێی پلانەكانی ئەمریكا و پاراستنی هاوپەیمانەكانی لەعەرەبەكان و لەپێش ئەوانیشەوە ئیسڕائیلە.
بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەی ناوچەكەوە بەگەورە و بچوكیانەوە بەهەژار و دەوڵەمەندیانە و بە بەهێز و لاوازیانەوە ململانێكانیان لەگەڵ ئەمریكای زلهێزی دونیا نەگەیەننە ئاستێك كە خاڵی نەگەڕانەوە تێپەڕ بكات چونكە هیچكات ناتوانن درێژە بەو ململانێ نابەرابەریە بدەن،چونكە ئەمریكا وڵاتێكی دوورە دەستە و هیچ جەنگێك لەسەر خاك و گەلانی خۆی ناكات و بەڵكو تەواوی خەرجی و كاولكاریەكان لەسەر حسابی گەلان و خاكی وڵاتانی ناوچەكەیە،بۆیە ڕاستترین سیاسەت و پلان بریتیە لەوەی كە خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان بگونجێنن لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و زلهێزەكانی تری ئەوروپا و ڕوسیاشدا،وازبێنن لە ململانێیەك كە كۆتایی شانۆگەریەكە بۆ هەموان ڕوونە و هەموو كودەتا و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەریەكانی ناوچەكە و ڕووخاندنی ڕژێمە دیكتاتۆریەكانی ناوچەكە هەموانیان بەقازانجی ئەمریكا تەواو دەبن و دەستی ئەمریكا و دامودەزگا جاسوسیەكانی ئەو وڵاتانەی لەپشتەوەیە.
ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگر هەیە كە بریتیە لەوەی ،لەم قۆناغەدا نە ڕوسیا و نەوڵاتانی ئەوروپاش ناتوانن بەر بەهەژموون و سیاسەتەكانی ئەمریكا بگرن و بەتایبەتیش لەسەردەمی سەرۆك ترامپدا كە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت پێشبینی هەنگاوە چاوەڕواننەكراوەكانی بكات و وەكو ئەمریكیەكی ڕەسەن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندا دەكات و سیاسەتی ((دار و گوێزەرەكەی ئەمریكا))پیادە دەكات ،دارەكە بۆ ئەو سەركردە و وڵاتانەی ململانێی لەگەڵ دەكەن و گەرەكیانە لەخولگەی بەرژەوەندیەكانی دەربچن و گوێزەرەكەش بۆ ئەو وڵات و سەركردانەی كە ملكەچدەكەن و گوێڕایەڵن بۆ ئەمریكا.جا گرەوی بردنەوە تاسەر لای هیچ كام لە سەركردەی ئەم ناوچەیە نیە،چونكە ئەمریكا لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیدا پشت دەكاتە نزیكترین دۆستی خۆی و تەنها وتەنها بەرژەوەندیەكانی خۆی دەپارێزێت و مامەڵەش لەگەڵ دیفاكتۆ و ئەمری واقیعدا دەكات و هیچ كات دۆست و دوژمنی تاسەری نەبوە و ناشبێت. جاهەق وایە هەموو سەركردەكانی ئەم ناوچەیە ئەم ڕاستیە هەرگیز لەبیر نەكەن و خۆیان و سێبەرەكانیان لەبەرامبەر ئەمریكادا لێ‌ گەورە نەبێت ،چونكە هەموانیان هەر لەڕێگەی ئەمریكاوە هاتونەتە سەر دەسەڵات و پشتیوانیان لێكراوە ،نەك بە دەنگ و پشتیوانی گەلەكانیان و لەبەرئەوەی هیچ كام لەو سەركردانە ڕێزی دیموكراسی و مافی گەلەكانیان و دادپەروەری كۆمەڵایەتیان لەلا نەبوە و تەنها بڕوایان بە بەكارهێنانی هێز و تۆقاندن و ترس و گرتن و كوشتن و ڕاوەدونانی سیاسی هەبوە ،هەربۆیەش لە نزیكترین هەلدا گەلەكانیان پشتیان تێدەكەن و ئاواتەخوازن هێزێكی دەرەكی ببێتە فریادڕەسیان و هاوكاری بكەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە دەسەڵاتدارە تاكڕەو و زاڵم و چەوسێنەرەكانیان، ئتترین ئەمریكاش دەتوانێت لە كورتترین ماوەدا و بە دەرزیەكی بچوك میزڵدانە فوتێكراوەكەیان بتەقێنێتەوە و پوچەڵ بكاتەوە.وەكو دەڵێن  ((پەند بۆ ئەو كەسانەیە كە پەند وەردەگرن)).


13/05/2019