گرنگی یەك لیستی كورد..لەناوچە دابڕێنراوەكاندا لەچیدایە؟

نەوزادی موهەندیس

وەك ئاشكرایە ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 51% خاكی هەرێمی كوردستان یان كوردستانی باشوور دادەنرێت و گرنگیەكی گەورەی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆسەر هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە،چونكە ئەو ناوچانە هەموانیان هەر لە موصڵەوە تا مەخمورو كەركوك و توزخورماتوو و داقوق و خانەقین و ئەوانی تریش كە كەوتونەتە  ناو چوارچێوەی 4 پارێزگای گرنگی عێراقەوە لە موصڵ و كەركوك و صلاح الدین و دیالەدا،پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگ و كاریگەریان هەیە و لەڕووی ئابوریشەوە بەتایبەتیش لە نەوت و غازی سروشتیدا گەلێك دەوڵەمەندن و لەڕووی ئەمنیشەوە تەواوی ئەمنیەتی كوردستان دەپارێزن و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە باكگراوندێكی كوردانە و كۆمەڵایەتی توندوتۆڵ دەبەخشنە تەواوی هەرێمی كوردستان بەو پێكهاتە هەمەجۆرەی هەیانە لە عەرەب و توركومان و مەسیحی و هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی تریشەوە.بۆیە گەڕانەوەی هەرچی زووتری ئەوناوچانە هەیە بۆسەر هەرێمی كوردستان و بۆناو باوەشی دایكی كوردستان كارێگی لەپێشینەی هەموو سەركردایەتی سیاسی كورد و حیزبە سیاسیەكان و تەواوی كۆمەڵگای كوردەواریە.بۆیە دەكرێت هەموو ڕێگاكان و هەموو چارەسەریەكان تاقیبكرێنەوە و بگیرێنە بەر بۆ وەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانە.

 
لەئێستادا كە بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراقدا لە 1 نیسانی ساڵی 2020،ئەوا ئەركی هەموو حیزبە سیاسیەكانە كەتەواوی توانا و فشاری خۆیان وەكاربخەن دوور لەكەمتەرخەمی و خوێنساردی بۆئەوەی ئەو پڕۆسەیە گەر ئەنجامبدرێت ئەوا كورد براوەی یەكەم بێت لەوناوچانەدا،ئەوەش تەنها بە یەك و یەكگرتوویی و یەك لیستی و كۆبونەوەی هەموان دەبێت لە چوارچێوەی یەك لیستدا لەو ناوچانەدا ، خۆشبەختانە لە ڕێكەوتی 28/ئەیلولی 2019 دا و لەشاری هەولێر 9 حیزبی كوردستانی ڕێكەوتن لەسەر پێكەوەنانی یەك لیستی یەكگرتووی كوردستانی بەناونیشانی ((لیستی هاوپەیمانی كوردستانی)) لەهەر چوار پارێزگاكەی موصڵ و كەركوك و صلاح الدین و دیالەدا،بۆئەوەی ببنە لیستی گەورە چونكە هەڵبژاردنەكە بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ دەبێت كە لە قازانجی لیستە گەورەكاندایە. بەم كارەش ڕێگە دەگرن لە دووبارەبونەوەی هەڵەكانی ڕابووردوو كەزیانی گەورە بە كورد گەیشت لە ئەنجامی ناتەبایی و فرەلیستیدا.ئاشكراشە هەموو  ئەو ناوچانە و بەتایبەتیش كەركوك گرنگی و كاریگەری خۆی هەیە لە مێژووی خەباتی كوردایەتیدا و هەموو شۆڕشەكانی كورد لەسەر كەركوك و جێگاكانی تر نەگەیشتونەتە دوامەنزڵ و ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتە ناوەندیەكانی بەغداد.بۆیە سەركەوتن لەم هەڵبژاردنەدا و پێكەوەنانی حكومەتی ناوچەیی  بەڕابەرایەتی كورد و بە بەشداریكردنی نەتەوە و كەمایەتیەكانی تر ئەوا مسۆگەربوونی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە زامنتر دەكات وبۆ ئایندەش دەبێتە دۆكۆمێنتێكی مێژوویی بەنرخ كە دەكرێت كورد لە ئایندەشدا بەكاریبێنێت دژ بەنەیارەكانی هەروەك چۆن دوای نزیكەی 70ساڵ كورد ئاماری ساڵی 1957 بە بەڵگەیەكی مێژووی كوردبون و زۆرینەی كورد لە كەركوكدا بەرزدەكاتەوە بەڕووی نەیارەكانیدا.

 
بۆ سەركەوتن و سەرخستنی ئەو پڕۆسەیەش گەرەكە هەموان تواناكانیان یەكبخەن و دووربكەونەوە لە دوودڵی و دڕدۆنگی و ناتەبایی و بێمتمانەی لەناو ماڵی كوردا،چونكە كورد هەمیشە لاواز و بێدەسەڵات وشكست خواردو بوە گەر لەناوخۆدا دوژمن و ناحەزی یەكتر بوبن، بەڵام هەمیشەش سەركەوتنیان وەدەست هێناوە لە ئەنجامی یەكبون و یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی و یەك گوتاری نەتەوایەتیدا،ئەم هەڵبژاردنە بەتەواوی مانا جەنگ و شەڕێكی گەورە و یەكلاكەرەوەیە،چونكە لە جیاتی فیشەك و چەك بەكارهێنان ئەوا دەنگ و پەنجە مۆرەكان دەتوانن بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی كە مادەی 140ی دەستور دەیانگرێتەوە.و بەتایبەتیش كەركوك چونكە لەساڵی 2005وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەی تیادا ئەنجام نەدراوە.

 
سەركەوتنی كورد دەبێتە هۆكاری جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور كە زیاد لە 14 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە.

 
سەركەوتنی كورد زیاد لەنیوەی كورسیەكان كە 12 كورسیە دەبێتە هۆكاری ڕاوەستانی پڕۆسەی بەعەرەبكردن و بە تەشەیوعكردن و بە داگیركردن و بە وەدەرنان و ڕاگواستن و ترس و تۆقاندن لەوناوچانەدا.

 
دەبێتە هۆی ئەوەی كە شوناس و ناسنامەی كوردایەتی بەتۆخی بەبەری ئەو ناوچانەدا بكرێتەوە.

 
دەبێتە هۆكاری بوژاندنەوەی ئومێد و هیوا و بەهێزبونەوەی ئیڕادە و كوردایەتی.

 
دەبێتە هۆی حساب بۆكردنی كورد لەلایەن بەغداد و وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشەوە.

 
بەپێچەوانەشەوە گەر لیستە عەرەبی و توركومانەكان سەركەوتن وەدەستبێنن،ئەوا بەدڵنیای لە ئایندەدا كاردەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند لەڕێگەی ڕاپرسی گشتیەوە.وئەوكاتیش كورد كەمینەوە و بێدەڵات دەمێنێتەوە و ئازار و مەینەتیەكانی 100ساڵی ڕابوودوو دەچێژێتەوە.

 
لەبەر ئەم هەموو گرنگیانەی یەك لیستی و یەكبون و یەكگرتوویی كورد لەو هەڵبژاردنەدا گەرەكە كە كورد هەموو پێكەوە بكەونە خۆ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ڕێكەوتی 22ی تەموزی 2019 پەڕلەمانی عێراق كە هەندێك بڕگە و مادەی وەك مادەی 16 دژ بە بەرژەوەندی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی كوردە لەدەرەوەی ئەو ناوچانەدا لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە وەلانانی ناكۆكی و ململانێ‌ ناڕەوا و بچوكەكانی نێوماڵی كورد لە هەرێم و لەوناوچانە ولەبەغدادیشدا،چونكە كارێكی نالۆژیكیە كە لەپێناو دەسكەوتی بچوكی حیزبایەتیدا دەسكەوتە گەورەكان لەكیس بدرێت،ناكرێت لەپێناو پلەو پۆستێكی كاتیدا لەهەرێم و لە بەغداد خاك و ئاو و نەتەوە و مێژوو و جوگرافیای وڵاتەكەمان بۆ هەتاهەتایە لەدەستبدەین.

 
بۆیە ڕاسترین بڕیار ئەوەیە كەهەموان بەیەك لیست و بەیەك هێز و بەیەك دڵەوە بچنە ناو ئەو پڕۆسەیە و بەسەركەوتویش لێیبێنە دەرەوە.بەدڵنیایی سەركەوتن لەوناوچانەدا دەبێتە ڕێگەخۆشكەریش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشە كەڵەكەبوەكانی نێوان لایەنەكان لە هەرێم ،هەروەك چۆن كەشوهەوای تەبایی و پێكەوەیی لەناو هەرێمیشدا بە ئەرێنی كاریگەری دەخاتە سەر دۆخی ئەو ناوچانە لەلایەك و لەبەرامبەر بەغدادیش لەلایەكی ترەوە،بۆیە ناكرێت ئەم هەلە مێژوویە لەكیس بدەین و تا 4 ساڵی تر زەلیلی و بێدەسەڵاتی و كەنارخستن و دوورەپەێزی بچێژینەوە بەدەست شۆڤێنیزمە عەرەبە نەتەوەیی و مەزهەبی و كەمایەتیەكانی ترەوە.

 

30/09/2019



وتارەکانی تری نوسەر