لەكەیەوە خەڵكتان كردۆتە كۆیلە..كە بۆخۆیان بەئازادی لەدایك بوون !

نەوزادی موهەندیس

مێژووی كۆیلایەتی  زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین  و پێش مێژووی نوسین ولەزۆرێك لە كەلتورەكاندا باوی هەبوە، دوای ئەوەی لە سەردەمی بەردینی نوێدا پێش 11هەزار ساڵ كشتوكاڵ داهێنرا دیاردەی بە كۆیلەكردنی بە كۆمەڵ سەریهەڵدا لە ئیمپراتۆریەتە كۆنەكانی  سۆمەر و میسر وچین و ئەكەد و ئاشور و بابل و ئێرانی كۆن و یۆنانی كۆن و هند و ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و خەلافەتی عەرەبی ئیسلامی و سوڵتانەكان و هەروەها شارستانێتیەكانی پێش كۆلۆمبۆس لە دۆزینەوەی ئەمریكاكاندا.

 
بەم شێوەیە ئەوەی دەردەكەوێت كە لانكەی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوە و گەشەكردنی كۆیلایەتی  لە ڕۆژهەڵاتی دوور و نزیكدا بوە،پێش ئەوەی بگاتە ئەوروپا و ئەمریكاكان. جا كۆیلایەتیش  لەكۆنداچەند شێوەیەكی هەبوە و لە ئێستاشدا هەیەتی وەك:كۆیلەی لە جیاتی قەرز وكۆیلەی سزا لەسەر تاوان و بەكۆیلەكردنی دیلی جەنگ و ئاوارەبوونی منداڵ و لەدایكبوونی منداڵی كۆیلە لە دایك وباوكێكی كۆیلە و جیوازی چینایەتی.

 
لەم سەردەمەی ئێستاشدا،كەسەردەمی پێشكەوتن و داهێنان و بەجیهانیبون و نەمانی سنورە دەستكردەكان و دروشمی بریقەداری مافەكانی مرۆڤ بەرزكراوەتەوە،كەچی بەچەندین و بەدڕندانەترین شێواز مرۆڤەكان دەكرێنە كۆیلە و دەچەوسێنرێنەوە و ناچاری كاری قورسدەكرێن لەلایەن سەرمایەدار و كۆمپانیاكانەوە و تەنانەت تەكنیك و داهێنانیشی تیادا بەڕێوەدەچێت لەوانە:

 
لە سیستەمی حوكمڕانی تاكڕەو و خۆسەپێنەكاندا یان سیستەمی شمولی و سەربازیەكاندا،ئەوا هەموو گەل و كۆمەڵگا دەكرێتە كۆیلەی سیاسەت و بەرنامە ی سەركردە و دەزگا چەوسێنەرەكان و هەموان لە پێناو حەز و ویست و ئارەزوە كەسی و بنەماڵەیەكانی ئەواندا دەكرێنە كۆیلە.
دیاردەكانی بەكۆیلەكردن و بە سوخرە گرتن و ئەنجامدانی كاری قورس و تاقەت پڕۆكێن لە زۆر شوێنی دونیادا پەیڕەو دەكرێن بەتایبەتیش لە كیشوەری ئاسیا و ئەفریقیادا و هەژاری و بێدەرەتانی مرۆڤەكان دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی و دەسكەوتی ئابوری خۆیان.
دیاردەی ئاوارەبوون و كۆچكردنی زۆرەملێ‌ یان بە ئارەزو و ویستی مرۆڤەكان لەدونیای دواكەوتووی باشوری دونیاوە بۆ دونیای پێشكەوتوی باكوری زەوی شێوازێكی تری كۆیلایەتیە و لەو پێناوە و بۆ گەیشتن بە بەهەشتەكەی سەر زەمین جۆرەها مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە مرۆڤەكانەوە دەكرێت.
دیاردەی كۆیلایەتی خۆشی دەبینێتەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی و هەڕەشەكردن و بەكارهێنانی ژنان و كچانی گەورە و منداڵیش بۆ كاری سێكسی و ئاڵوگۆڕ و كڕین و مامەڵە پێوەكردن.
دیاردەی كۆیلایەتی ،بڵاوبۆتەوە لەڕێگەی كڕین و فرۆشتن بە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤەوە لەلایەن باند و گروپە مافیاكانەوە لەسەرتاسەری جیهاندا و زۆرجاران لەڕێگەی فرتوفێڵ و فریودان یان نەخۆشی و یارمەتیدانیانەوە.
كۆیلایەتی لەڕێگەی ڕفاندنی منداڵانی بێ دایك و باوك یان منداڵانی تر بۆتە دیاردەیەكی ترسناك لە جیهاندا.
بەزۆر كردن بە چەكدار لەلایەن گروپە چەكدارە تیرۆریستی و توندڕەوی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانەوە بۆ منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ.
كۆیلایەتی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و حیزبایەتیش جۆرێكی ترن لە كردنی كۆیلەی مرۆڤە ئازادەكان.لەڕێگەی دیاردەی پاشگەزبونەوە لە بەڵێن و ڕێكەوتنەكان وبەڵێندانی درۆ و دەنگ و زیمەت كڕین و تەكەتولی ناڕەوا و تەزویركردن و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان و ...هتد.
بەم شێوەیە كۆیلایەتی دیاردەیەكی مێژووكردی مرۆڤ تۆخكەرەوەی درێژخایەنە و تائێستاش بەردەوامی هەیە و هیچ یەكێك لە ئاین و مەزهەبەكان بەتەواوەتی ڕەتیان نەكردۆتەوە و نەیانتوانیوە ڕێگەی لێبگرن و قەدەغەی بكەن.بەداخەوە شارستانێتی مرۆڤایەتی بە ئارەق و بە ماندووبوون و خوێن و فرمێسكی كۆیلەكان دروستبون و مرۆڤایەتی ئێستا قەرزارباری كۆیلەكانە بەهەموو جۆرەكانیەوە.
كۆیلەكردن یان كۆیلایەتی بەكورتی بریتیە لە بەكارهێنانی توانا و هێزی جەستەیی و فكری مرۆڤە ئازادەكان و لێسەندنەوەی ئیڕادە و ویستە ئازادەكانیان و بەكارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی سەركردە و بنەماڵە و كۆمپانیا و حیزب و گروپ و مافیاكان.چەوساندنەوە و بەكارهێنانی توندوتیژی و برسیكردن و هەژارخستن و دواكوتوویی و نەخوێندەواری و نەخۆشی و داگیركاری و جەنگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانیش ئامڕازێكن بۆ بەكۆیلەكردن .
ئەوەتا ڕێكخراوێكی تیرۆریستی وەكو داعش بەئاشكرا و لەبەرچاوی هەموو مرۆڤایەتیدا ، دەزگای كۆیلایەتی دامەزراندوە لەساڵی 2015دا و نرخی بۆ مرۆڤە ئازادەكان داناوە بۆ مامەڵەپێوەكردنیان دوای گرتنیان بەدیل لەجەنگە ناڕەواو سەپێنراوەكاندا بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

 
منداڵانی تەمەن 1-9 ساڵان بە 200 هەزار دینار
ژن و منداڵ تەمەن 10-20ساڵان بە 150 هەزار دینار
ژنان لە 20-30 ساڵان بە 100هەزار دینار
ژنانی تەمەن 30-40ساڵان بە 75هەزار دینار
ژنانی تەمەن 40-50 ساڵان بە 50هەزار دینار
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك دیل لەبەرامبەر چەند پاكەت جگەرەیەكدا فرۆشراون
وەك ڕاگەیەنراویشە كە زۆرێك لە ژنەكان بەوڵاتی سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو و توركیا فرۆشراون.

 
لە ڕێكەوتی 2/12/2019دا كە ڕۆژی (( ڕەتكردنەوەی كۆیلایەتیە)) كە نەتەوە یەكگرتوەكان واژۆی ڕێكەوتنی قەدەغەكردنی بازرگانی بە مرۆڤەكان وبەكارهێنانی كەسانی تر بۆ كاری جنسی كردوە، كە لە 2/12/1949دا دەرچوە.لەلایەن ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتیەوە لەیادی 71ساڵەی ئەو ڕێكەوتنەدا ئامارێك بڵاوكراوەتەوە و ئاشكرای كردوە كە 40 ملیۆن مرۆڤ لەهەموو جیهاندا بونەتە قوربانی((بەكۆیلەكردنی نوێ‌))كە ژنان و منداڵان ڕێژەی 71% لەو ژمارەیە پێكدێنن.
جا تاكو دیاردەی كۆیلایەتی بەهەموو جۆرەكانیەوە لە شارستانێتی و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكاندا باووبرەوی هەبێت و دەسكەوتی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لێوە دەستبكەوێت ئەوا نە مرۆڤایەتی ئازاد و نە كۆمەڵگاكان ئازاد دەبن.لەكاتێكدا كە پەروەردەگار هەموو مرۆڤەكانی بە ئازادی ئەفراندوە بۆئەوەی بە ئازادی بژین و بەئازای بیربكەنەوە و بەئازادیش مافەكانی خۆیان و چارەنوسیشیان دیاریبكەن.نەك بۆئەوەی ببنە كۆیلەی مرۆڤەكان. یەكێك لە بنەماو بیروباوەڕە مرۆڤدۆستەكان بریتیە لە نەهێشتنی دیاردەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن برای مرۆڤیەوە بەهۆی جیاوازی چینایەتی یان نەتەوەیی یان ئاینی و مەزهەبی  یان ڕەنگ و ڕوخساریەوە.
بەڵام بەداخەوە  لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا زۆرێك لەمرۆڤەكان بەویستی خۆیان ،خۆیان دەكەنە كۆیلەی پلە وپۆست و ئیمتیازات و ملكەچی نواندن بۆ هەندێك كەس و سەركردە كە هیچیان لەوان زیاتر نیە جگە لە فرتوفێڵ و ساختەكاری و دزینی سەروەت و سامان و گەندەڵی و قۆرخكاری و خۆسەپاندن بەزەبری هێزی مادی و مەعنەوی،بەهەڵفریواندن بە بەڵێن و پارە و پێدانی پلەو پۆست،بەڵام لەناوەڕۆكدا سەندنەوەی هەموو بڕیار و ویستە ئازادەكانێتی و بەكارهێنانێتی بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی.

 
بەداخەوە كۆیلەیەكی زەمەنە دێرینەكانی پێش زاین هیچ جیاوازیەكیان نیە لە كۆیلەیەكی سەدەی بیست ویەكی ئێستا،بەهەمان شێوەش چەوسێنەرێكی ئەو زەمانە ڕابوردوە ڕەش و نامرۆڤانانەی پێشوو هیچیان جیاوازی نیە لە چەوسێنەرەكانی ئەم سەردەمەی كە بەناو مافەكانی مرۆڤ و ژنان و دروشمەكانی یەكسانی ڕەگەزی و هاوڵاتیبون و سەروەربونی یاسایان تیادا بەرزكراوەتەوە،جگە لەوەی كە تەنها ئامڕاز و هۆكار و میكانیزمی بەكۆیلەگرتن و چەوساندنەوەكان گۆڕاون یان ناو و جێگە و زەمەنەكانیان گۆڕاون.

 
ئەوەی جێگەی تێڕامانە زۆرێك لەو چەوساوانەی قۆناغەكانی ڕابووردوو،دواتر كە بەشێوەیەك لە شێوەكان دەبنە دەسەڵاتدار یان سەرمایەدار بەهەمان شێوازی چەوسێنەرەكانی خۆیان و خراپتریش دەكەونە چەوسانەوە و بەكۆیلەكردنی مرۆڤەكانی برایان و ئیدی بەم شێوەیە ڕەوڕەوەی كۆیلایەتی بەردەوام بونی هەیە و دەبێت تا مرۆڤەكان بمێنن.جا لەم جۆرەدا شۆڕشگێڕەكان لە پێشەوەی هەموان دێن و كە تادوێنێ‌ خەباتیان دژی چەوسانەوە و زوڵم و زۆر وكۆیلایەتی دەكرد دوای سەركەوتن و دەسەڵاتگرتنە دەست ئەوكات خۆیان دەبنە چەوسێنەر و مرۆڤەكان دەكەنە كۆیلە.

 
بۆیە بۆئەوەی كۆمەڵگایەكی مرۆڤایەتی خاوێن و دوور لەكۆیلەبوون پێكەوەبنرێت دەبێت هەمیشە ئەو وتەیە لەگوێماندا بزرنگێتەوە  و بەڕووی زاڵم و چەوسێنەر و سەركردە و كۆمپانیا و سەرمایەدار و گروپە مافیاكاندا و لێپرسراوە گەندەلەكاندا بەرزبكرێتەوە كە گوتراوە ((ئەرێ‌ كەی مرۆڤەكانتان كردونەتە كۆیلە لەكاتێكدا بە ئازادانە لەدایك بوون))،چونكە مرۆڤی كۆیلە تەنها بونەوەرێكی جوڵاوی ئیشكەری بێ‌ بەخشش و دوور لەداهێنانە و تەنها وەكو ڕۆبۆتێك دەجوڵێنرێت و هەركاتیش نەخۆشكەوت و پیربوو یان توانا و وزەی كاركردنی نەما ئەوا بەئاسانی لەناو دەبرێت و لەكۆڵدەكرێتەوە،جا تا پەڵەی ڕەشی كۆیلایەتی لەتەوێڵی مرۆڤایەتی نەسڕێتەوە ئەوا هەرگیز كۆمەڵگایەكی ئازاد و پڕ بەرهەم و بەخشش نایەتە كایەوە و شەرمەزاریش ڕووی تەواوی مرۆڤایەتی بەرنادات.



26/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر