دوو نامە : کور و باوک و دوو هەرەس،

د. بورهان یاسین

هەڵبەتە دەنگوباس باش نیە، هی تۆش باش نییە، هی کەس باش نییە! ئەوەی کە نەدەبوو رویبدایە روویدا،بەڵام ساڵانێکە ئەم حاڵەتە پێشبینیکراو بوو، واتە دووبارەبوونەوەی نسکۆی ١٩٧٥ لە زەمەنێکی تردا وە لە فۆڕمێکی تردا: لە ١٩٧٥ باوک ئەندازیاری هەرەس بوو، بەڵام لە ٢٠١٧دا کوڕ ئەندازیاری هەرەس بوو، بە یەک دانە هەوبەشی گەلێک گرنگ ئەویش ئیدارەدانی سیاسەتی نیشتمانی و نێونەتەوەیی زۆر ئاڵۆز بە زهنیەتی سەرۆک خێڵ. پارادۆکسێکی گەورەیە ئەوەی کە جگە لەوەی لەیەکچونێکی زۆر لە نێوان ئەم نسکۆیە و نسکۆی ١٩٧٥دا هەیە، بەڵام جێگای تێڕامانێکی زۆرە کە بە تایبەتی دوو نامە و دوو هەرەس لەسەر دەستی باوک و کوڕ ئەم دوو رووداوە دەکا بە یەک. لەسەر ئەم رەهەندەی نسکۆ هیوادارم بتوانم وتارێکی تایبەتی بنووسم، بە ناوی باوک و کوڕ: دوو نامە و دوو نسکۆ. هەڵبەتە ئەو نامەیەی بۆ کوڕ نووسراوە لە ٢٣/٩/٢٠١٧ بۆ هەموومان ئاشکارەیە، بەلام کەمتر ئاشکرایە کە لە نامەیەکی زۆر تایبەتیدا لە ساڵی ١٩٧٣ (واتە دوو ساڵ بەر لە هەرەسی ١٩٧٥) سەددام حوسەین لە نامەیەکی زۆر گرنگ و تایبەتیدا مەلا مستەفا لە رێکەوتنی ئێران و عێراق (واتە دوو ساڵ دواتر رێکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥) زۆر بە راشکاوی ئاگادار دەکاتەوە، کاتێک لە نامەکەدا بە راشکاوی بۆی دەنووسێ کە "ئیوەی کورد کارێکی ئەوها مەکەن کە لەسەر بەشێک لە سەروەری عێراق سازش بکەین بۆ پشتشکاندنی ئێوە"! چۆن باوک نامەی سەددامی بە جددی نەخوێندەوە و بە جوانی تێینەگەیشت، هەروەها کوڕی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای نەخوێندەوە و بە جوانی تیینەگەیشت. . . بەڵام پرسیاری گەورە، لە راستیدا هەرە گەورە، ئەمەیە: ئایا ئێستا، هەر لەم چرکەساتەدا، دوای ئەم هەرەسە چی؟ بە ئەزمونی خۆمان لە شیوازی کاری سیاسی هێزە کوردییەکان، بەڵام بە گشتیش مێنتاڵیتی (زهنیەتی) سەرکردە تاکڕە و ستەمکارەکان بەردەوام کێشەی ئەوەیان هەیە کە نەک هەر سیاسەتەکانیان زۆر جار بە کاریسە و شکستی ئەرزهەژێن تەواو دەبێ، بەڵکو لەولاتریش شکستەکە گەورەتر و کاریسەویتر دەبێت کاتێک ئەم سەرکردەیە )یا سەرکردانە) شکستەکە قەبوڵ ناکات، بەڵکو لەمەش ئەولاتر هەوڵ دەدات شکستەکە بکات بە سەرکەوتن بۆ خۆی، بۆ مانەوەی خۆی. ئەمە رێک ئەو چرەکەساتەیە: تا ئێستا لەیەکچونێکی زۆر هەبووە لە نێوان شێوازی مامەڵەی سەددام حوسەین لەگەڵ قەیرانی کوەیت، کە بۆ عێراق بە کاریسە تەواو بوو، وە لەگەڵ ئەو شێوازەی مامەڵەی مەسعود بارزانی لەگەڵ مەسەلەی ریفراندۆمەدا. . . ئەوەی کە ماوە لەم لەیەکچوونەدا ئەوەیە کە مەسعود بارزانی نوێنەرەکانی بنێرت و لە ژێر "خێمەی سەفوان" لەگەڵ نوێنەرانی عەبادیدا کۆببێتەوە و کاغەزێکی سپی بە ئیمزای بارزانی بخرێتە بەردەست عەبادی: هەمووشی لە پێناو مانەوەی بارزانی و حوکمی دوو بنەماڵە. ئاخر نوێنەرانی سەددام لە ژێر خێمەکەی سەفوان بە هەموو شتێک رازیبوون تەنها و تەنها بەرامبەر ئەوەی کە سەددام لە بەغدا لە حوکم بمێنێتەوە. . . لەسەر بنەمای ئەم یەکچوونە هێزەکانی تر بە تایبەتی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و گۆڕان دەبێت زۆر بە پەلە و بە وردی و بە هەوڵێکی دیپلۆماسی و سیاسی چڕکراوە رێگە لە مەسعود بارزانی بگرن کە نوێنەرەکانی بنێرێت بۆ کۆبوونەوە لە ژێر "خەیمەی سەفوانی دووەم" بۆ ئەوەی لە پیناو مانەوەی خۆی ئەوەشی ماوەتەوە تەسلیم بە بەغدای بکات. بۆ ئەم رێگرییە، نەک هەر نەوەی نوێ و کۆمەڵ و گۆڕان دەبێ بە ئەرکی بە پەلەی خۆیان هەڵبستن بەڵکو هەموو رەوشەنبیران و دڵسۆزانی کوردستان پێویستە خۆیان بەرپرس ببینن بەرامبەر بە ئەرکێکی ئەوها گەورە و گرنگ.
هەڵبەتە هەر بۆ بیرهێنانەوەش، بەر لە ٢٥/٩ ، واتە بەر لە رۆژی دەنگدان، لە پۆستێکی فەیسبوکدا لێکچواندنی قەیرانی کوەتم لەگەڵ هەوڵەکانی بارزانی بۆ سازدانی ریفراندۆم (بە هەر نرخێک بێت) کردووە، بەڵام ئەوەی کە هیوادارم ئەوەیە کە دەبێ رێگە بە بارزانی بگیرێ کە دیسان تاکلایەنە لەگەڵ عەبادیدا بچێتە ژێر (خێمەی سەفوانی ٢) و بەم شێوەیەش شتێکی زیاتر لەوەی تا ئێستا روویداوە لەدەست دەدەین و دەرفەتی کۆتاییهاتنی ئەم سیستم و فەرماڕەواییە گەندەڵ و مافیا ئاسایەس لەدەست دەدەین: ئەمە
چرکەساتەکەیە




PM:10:45:20/10/2017