دیكتاتۆرو شۆڕشگێڕ

شێرزاد شێخانی

لەدەستپێكی حوكمی عەباسیەكاندا دوای روخانی دەوڵەتی ئەمەوییەكان،خەلیفەی دوەمی دامەزرێنەر ئەبو جەعفەری مەنسور ویستی  قازییەك دانێت بۆ دەوڵەتە تازەكەی،كەسێكی دەسنەكەوت لەئیمام ئەبو حەنیفە زاناترو شایستەتر بۆ ئەم ئەركە،بۆیە یەخەی گرت ببێتە قازی دەوڵەت ئەویش رەتیكردەوە..بەدەیان شێوە هەوڵیدا قەناعەت  بەئیمام بێنێ سودی نەبو،تا كار گەیشتە ئەوەی بیخاتە ناو زیندانە تاریكەكانەوەو ئەشكەنجەشیبدات، بەڵام ئیمام سوربو لەسەر رەتكردنەوەی داواكەی،چونكە ئەو لەترسی خوا ئەم پۆستەی رەفزكرد نەبادا هەڵە لەحوكمێكی بكات وئینسانێكی بێتاوان سزا بدات،تا رۆژێك ئەبوجەعفەر ناردی بەشوێنیا لەبەندیخانەوە بردیانەلای،لەناو مەجلیسەكەیدا بە ئیمامی وت" تۆ بۆچی ئەم ئەركە رەفز ئەكەیت،خۆ ئەمە خزمەتی ئیسلامە؟. ئەویش ئەڵێ"من بۆ ئەم پۆستە دەستنادەم".ئەبو جەعفەر پێی ئەڵێ" درۆ ئەكەی زۆر باش دەست ئەدەی" ئەویش وەڵامی ئەداتەوە" جەنابی ئەمیری موئمنین ئەوە تۆ بەزمانی خۆت بەمنت وت درۆ ئەكەی،تۆ كە خەلیفەی خوای لەسەر ئەرز چۆن پیاوێكی درۆزن ئەكەی بەقازی وچارەنوسی موسلمانانی تەسلیم ئەكەی"؟؟!!.
دەسەڵاتی دادوەری لەم كوردستانەی ئێمەدا زۆر دەمێكە بەحزبی كراوە، زۆر لەمێژە وەكو گشت بوارەكانی تری ئیدارەی هەریم غەرقی ناو گەندەلی بوەو خەڵكی درۆزنو بودەڵەو هەرچیو پەرچی بەڕێوەی ئەبەن،خەونی بونی دەسەڵاتێكی دادوەری عادیلانەو بێلایەنو ئازاو دلێر بەدرێژایی 25 ساڵەی حوكمی بنەماڵەی بارزانی هێشتا نەهاتۆتەدی..بۆیە كاتێك دەسەڵاتێك شەرعیەت ئەبەخشێت بەسەرۆكێكی غەیرە شەرعییەوە،چاوپۆشی لەم هەمو گەندەڵیو تاوانە قێزەونانەی دەسەڵاتێكی فاشی وحزبێكی ستەمكار ئەكات، زۆر ئاساییە پیاوی شۆڕشگێڕ پەلكێشی دادگا بكات، چونكە لەم وڵاتەدا كە هیچ بەهایەكی جوانی نەماوە،ئاسایە دەسەڵاتی دادوەریش ببێتە دەسەڵاتێكی  مشەخۆرو كاسەلێسو گەندەڵ و زوڵمو زۆرداری بگاتە ترۆپكەوە..بەهیتلەری دیكتاتۆریان وت"گەندەڵی سەرتاپای دەوڵەتەكەمانی داگییركردوە؟ئەویش پرسی"گەیشتۆتە دەسەڵاتی دادوەرییەوە؟وتیان جارێ نەگەشتوە.وتی" كەواتە دەوڵەت سەلامەتە!!.
دەسەڵاتێك بگاتە  ئاستی ئەوەی دەیان كەیسی كوشتنو تیرۆری رۆژنامەنوسو سیاسەتمەدارو تەنانەت كوژرانی گەنجان لەسەر فوول لایتێك دابپۆشێت،هەڵبەتە وەكو دەسكەلایەكی دەسەڵات ئامادەیە لەپێناو مەسڵەحەتی حزبێكی ستەمكار هەمو بەهای عەدالەت بخاتە ژێرپێیەكانیەوە،ئەو عەدالەتەی وەزیفەیەتی بیپارێزێت.
كاتێك لەژورێكی ئاسایشی هەولێر لەبەرامبەر دادوەری لێكۆلینەوە وەستام بەتومەتی نوسینی بابەتێكم لەسەر پارێزگاری هەولێر،هەستمكرد تەحقیقكردنەكەی حزبیانەیە نەوەك تەحقیقی دادوەری، چونكە پرسیارەكانی زۆر ئیستفزازی بون،بەڵام نەشترسام،چونكە خۆ من لەسەر دزیو كوشتن وحیزە فیعلیەك لەبەرامبەری نەوەستاوم، بەڵكو لەسەر قەزییەكی شەرەفمەندانەیە كە داكۆكیكردنە لەمافی میللەتەكەم، بۆیە وەڵامەكانم بەدڵی ئەو نەبو، حەواڵەی دادگای كەتنی كردم،لەوێش حاكم داوای تەنازولی لێمكرد بۆ پارێزگاری هەولێر بەڵام  رەتمكردەوە،ئەوەبو حوكمی یەك مانگ سجنیان بۆم بڕیەوە.لەمرۆژانەدا وتارێك بڵاو كرایەوە بەبەڵگەوە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو دادوەری تەحقیقەی من لەبەردەمی وەستام ئەندامی رێكخراوێكی حزبی پارتییە.ئەم بەسەرهاتەی خۆم بۆ ئەوە ئەگێڕمەوە تا خەڵك بزانێت چ جۆرە دادوەرێك ئەمرۆ چارەنوسی میللەتەكەمانی بەدەستەوەیە،هەر یەكێك لەم دادوەرانەشە ئەمرۆ داوای كاك نەوشیروان ئەكات بێتە بەردەمی لەسەر سیناریۆیەكی پاراستنی پارتی گوایە هەڕەشەی لەنوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی كردوە،ئەمەش لەكاتێكدایە حزبەكەی كاك نەوە هیچكات چەكدار نەبوەو سەروەرییەكانی بزوتنەوەكەشو قبوڵكردنی لەلایەن جەماوەرێكی زۆری هەرێمەوە لەبەر ئەوە بوە مۆدیلێكی تازەی حزبایەتی بێ چەكە، خۆ ئەگەر كاك نەوشیروان بریاری دابێت پارتی راماڵێ لەكوردستاندا وا بزانم چۆن ئەندازیاری راپەڕینە جەماوەرییەكە بو،ئاواش ئەتوانێت بەیەك هەفتە پارتیو بنەماڵەی بارزانیش ئاودیوی توركیا بكات وبیانێرێتەوە باوەشی ئاغا ئەردۆغانو حزبە كورد كوژەكەیەوە.
دوایین خەلیفەی ئەمەوییەكان ناوی مەروانی دوەم بو. زۆربەی مێژونوسان نازناوی " مەروانی كەر"یان پێبەخشیبو. لە تەفسیری ئەوەدا ئەڵێن"حاكمێكی ئەوەندە موراهیق وسەرشێتو كەمفامبو لەسیاسەتدا، بریارەكانی هەموی بێ سەروبەر بون،بیانگرن بیانكوژن بەملاو بەولایدا ئەدا بێ ئەوەی گوێ لەهیچ كەس بگرێت،ئەوەبو میللەت پشتی تێكردو لەئەنجامدا بەو كەرایەتییەی دەوڵەتی بابو باپیرانی خۆی روخاند،ئێستاش پارتی لەدوایین ساتەكانی حوكمی بنەماڵەكەیەتی،چونكە بریار كەوتۆتە دەست كۆمەڵێك موراهیق وسەرشێتو مەغروری ناو بنەماڵەو حزبەوە،بۆیە ئەبینین ئەوەی لەقتوی هیچ عەتارێكدا نیە ئەبێتە بریاری سەرۆكایەتی حزبەكەیان،هەر لەدەركردنی سەرۆكی شەرعی پەرلەمانو وەزیرو نانبڕینی خەڵك ودزینی سامانو تیرۆری نوسەرو رۆژنامونوسو ئازادی زەوتكردن تا رێكەوتنی گوماناوی لەگەل دوژمنانی میللەت،ئەوەتا دادگاییكردنی تێكۆشەرانی میللەتیشی هاتەسەر..عاقیبەتی هەمو ئەمانە لەئێستاوە دیارە بەرەو كوێ ئەیانبات..


02/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر