یاسای خانەنشینی یەکخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ ی عێراق

د. بایەزید حەسەن
هەروەکو ئەم یاسایە بە ناوەکەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەکانی پێشووی عێراقیشی کە نزیکەی لە ١٠ یاسا زیاترە، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی  مووچەی خانەنشینی پلە بالاکان کەمبکرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەکانیش زیاد بکرێت و دادپەروەری بەرقەرار بێت و هەموو هاولاتییەکیش کە خانەنشین دەبێت مافی پارێزراو بێت .                         ئەم یاسایە لە ١ / ١ / ٢٠١٤   کەوتۆتە بواری کارپێکرنەوە . لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا نزیکەی ١٧ یاسای خانەنشینی هەیە و کاریان پێدەکرەێت و پێویستە هەموو ئەو یاسایانە لە یەک یاسای خانەنشینی هەرێمدا کۆبکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یان سوود لە یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق ژمارەی ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ وەربگیرێت  بۆ دانانی یاسایەکی خانەنشینی گشتی بۆ هەرێم یان ئەم یاسای خانەنشینی یەکخراوەی عێراق وەک بنچینە وەربگیرێ و هەندێک گۆڕانکاری کەمی تێدا بکرێ کە لەگەڵ واقیعی کوردستاندا بگونجێ بەمەرجێک ناوەرۆکەکەی بپارێزرێت و مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەوانەی هاوتاکانیان لە عێراق کەمتر نەبێت .
گرنگترین خاڵە گرنگەکانی یاسای خانەنشینی یەکخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ عێراقی فیدراڵ  خراونەتەڕوو  ، وردەکارییەکانی ماددە و بڕگەکانی ئەم یاسایە لەم نوسینەدا ناکرێت باس بکرێن چونکە نوسینەکە دوورودرێژ دەبێت . لەو خالانەی لەم نوسینەدا خراونەتەڕوو ، لە کۆتایی هەر خاڵێکیاندا لە ناو کەوانەدا ماددە  یان ماددە و بڕگەی یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق نوسراوە ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی وردەکاری ماددەکە یان بڕگەکە بزانێ لە دەقی یاساکەدا بە ئاسانی بیدۆزێتەوە :
١-  هەموو فەرمانبەرێک کە لە وەزیفەدا بێت مانگانە  ٢٥ % ی مووچەی دەبڕڕێت و دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی نیشتیمانی ، لەو ٢٥ % یە ، فەرمانبەر ١٠ % مووچەی دەدات کە لە مووچەی مانگانەی دەبڕڕێت و حکومتیش ١٥ % ی بۆ دەدات  ( ماددەی ١٧ /  بڕگەی یەکەم ) .
٢-  فەرمانبەر لە تەمەنی ٦٣ ساڵی خانەنشین دەکرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتەکەی  بەلام  ئەگەر فەرمانبەرەکە تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو کرد  ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێ ماوەیەک کە لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت خزمەتەکەی بۆ درێژبکاتەوە  ئەویش بە رەچاوکردنی جۆری پسپۆڕی وجۆری وەزیفەکەیی و پێویستی فەرمانگەکە بەو فەرمانبەرە ( ماددەی ١٠ / بڕگەی یەکەم ) .
٣-  فەرمانبەر ئەگەر تەمەنی گەیشتە پەنجا ساڵی دەتوانێ داوای خانەنشینی بکات یان ئەگەر خزمەتی لە ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت  ( ماددەی ١٢ / یەکەم ) .
٤-  فەرمانبەرێک لەسەر کار لابرا بێتیان دەرکرابێت یان وەزیفەکەی جێهێشتبێت یان دەستی لەکارکێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی  بێبەش ناکرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناکرێت تاکو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەکات و بەلایەنی کەمەوە خزمەتی  لە ٢٠ ساڵ کەمتر نەبێت ( ماددەی ١٣ ) .
٥- ئەگەر فەرمانبەرێک لە کاتی خزمەتی وەزیفیدا  تووشی نەخۆشیەک بێت چاکبوونەوەی نەبێت و لیژنەی پزیشکی بڕیایی یەکلاکەرەوەی دا کە بەکەڵکی وەزیفە نەماوە ، ئەوا فەرمانبەرەکە خانەنشین دەکرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتە وەزیفییەکەی  و ئەگەر خزمەتەکەی لە ١٥ ساڵیش کەمتر بێت ئەوا بۆ دەگەیەنرێتە ١٥ ساڵ  ( ماددەی  ١٥ / یەکەم ، ماددەی ١٦ / یەکەم  ، دووەم ) .
٦-  هەر ماوەیەک بۆ مەبەستی خزمەتی خانەنشینی ئەژمار بکرێت ئەوا دەبێت  ئەو ماوەیە پارەی خانەنشینی بۆ درا بێت ، ئەگەر بۆی نەدرێت بە خزمەتی خانەنشینی ئەژمار ناکرێت ( ماددەی ٢٠ / یەکەم )
٧- ئەو فەرمانبەرەی دادەمەزرێنرێ یان دووبارە دادەمەزرێنرێتەوە دەتوانێ داوای ئەو خزمەتەی پێشووی بکات کە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت کردویەتی ، ئەگەر پارە خانەنشینی بۆ ئەوە ماوە خزمەتەی  نەدابێ ئەوا دەبێت بیدات . هەر ماوەیەکی خزمەتکردنی وەزیفی  کە داوا دەکرێت بۆ خانەنشینی ئەژمار بکرێت دەبێت پارەی خانەنشینی بۆ درابێت  ، ئەگەر پارەی خانەنشینی بۆ نەدرێت ئەوا ماوەکە بۆ خانەنشینی ئەژمار ناکرێت ( ماددەی ١٨ / دووەم ) .
٨- ماوەی  خزمەتی وەزیفی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی یان  ماوەی خزمەتی وەزیفی دوای تەواوکردنی  تەمەنی ٦٣ ساڵی بۆ خانەنشینکردن ئەژمار ناکرێت  ( ماددەی ٢٠ / یەکەم ، خاڵی د ، ‌ه ) ، بەلام ئەوەی تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو کردبێ و بە فەرمانی ئەنجومەی وەزیران خزمەتی وەزیفییەکەی بۆ ماوەی ٣  ساڵ یان کەمتر درێژرابێتەوە  ، ئەوا ئەو ماوە درێژکراوەی   بە خزمەت بۆ ئەژمارە دەکرێت ( ماددەی ١١) .
٩- ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت ، ئەگەر خزمەتی وەزیفییەکەی  لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت ئەوا  شایستەی مووچەی خانەنشینییە و ئەو مووچەیەشی بۆ خەرج ناکرێت  تاکو تەمەنی نەگاتە  ٥٠ ساڵ  ( ماددەی ٢١ / یەکەم ) .
١٠-  مووچەی خانەنشینی  بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەکرێت (ماددەی ٢١ / دووەم) :
 

ئەگەر  فەرمانبەرێک لە شەش مانگ  زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا بەیەک ساڵ بۆی ئەژمارە  دەکرێت ( ماددەی ٢١ / سێهەم ) . 
١١- کەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی  ( ٤٠٠ ) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی  مەعیشەتیشەوە ( ماددەی ٢١ / چوارەم ) و هەروەها  نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێک لە ١٠٠ % ی مووچەکەی  بنەڕەتییەکەی کە لە وەزیفەکەدا بووە  زیاتر بێت  ( ماددەی ٢١ / پێنجەم ) .
١٢ خانەنشینکراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەکەی کە بەپێی هاوکێشەکەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە ( ماددەی ٣٥ /دەیەم ) و بەم شێوەیەی خوارەوە :
ا-  بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی- ٥ % ی  مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ
ب- بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس -١٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.
ج- بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر -١٥ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. 
د- بۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا -٢٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.
ه- بۆ هەر ساڵێک خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی  ١ %  دەدرێت بە خانەنشین ( ماددەی ٣٥ / نۆیەم )  بۆ نمونە ، ئەگەر خانشینێک ٢٠ ساڵ خزمەتی فەرمانبەری هەبێت ئەوا مووچەی خانەنشینییەکەی بە رێژەی  ٢٠ % زیاد دەکات . ئەم دەرماڵەیە ئەوانە ناگریتەوە کە مووچەی خانەنشییەکەیان لەسەر بنچینەی کۆی مووچەی فەرمانبەری و دەرماڵەکان بۆ ئەژمار دەکرێ وەکو پارێزەران و دادوەران و مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنوس ........ .
١٣-  ئەوەی خانەنشین دەکرێت بە هۆی  تەواوکردنی تەمەنی ٦٣  ساڵی  ، ئەگەر خزمەتی لە ١٥ ساڵ  کەمتر بێت و لە ١٠ ساڵ کەمتر نەبێت ، ئەوا  مووچەکەی بۆ هەر ساڵێک لە ١٥ ساڵ تاکو  ١٠ ساڵ بەبڕی (٥٠ ) هەزار لە ( ٤٠٠ ) هەزارەکەی  کەم دەکات  واتە بۆ خزمەتی ١٤ ساڵ ( ٣٥٠  ) هەزار دینار وەردەگرێ  بۆ ١٠ ساڵ ( ١٥٠ ) هەزار دینار وەردەگرێ ( ماددەی ٢١ / شەشەم ) .
١٤-  ئەم یاسای  خانەنشینییە  بۆ ئەوانەش دەبێت کە  ( امر سلگە الائتلاف المو‌وقتە " المنحلە "  رقم ٩١ لسنە ٢٠٠٤  )  دەیانگرێتەوە واتە ئەوانەی کە لە دژی رژێمی سەددام جەنگاون  ( ماددەی ٢١ / دەیەم ، خاڵی ب ) 
١٥-  ئەو فەرمانبەرەی  خانەنشین دەکرێت لەسەر بنەمای گەیشتنی بە تەمەنی خانەنشینی یان لەسەر داوای خۆی کە مەرجەکانی تێدا بێ یان بەهۆکاری تەندروستییەوە  ، ئەگەر خزمەتی وەزیفی لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت ئەوا پاداشتی کۆتایی خزمەتی بۆ خەرج دەکرێت بەم  جۆرە دەبێت : 
 پاداشتی کۆتایی خزمەت = دوا مووچە لەگەڵ دەرماڵەکانی × ١٢ . (  ماددەی ٢١ / نۆیەم) 
١٦- ئەو فەرمانبەرەی خزمەتی وەزیفییەکەی لە ١٥ ساڵ کەمترە  و خانەنشین نابێت ، ئەوا پاداشتی خانەنشینی بەم جۆرە بۆ خەرج دەکرێت  :
پاداشتی خانەنشینی =  دوا مووچەی وەزیفی × ٢ × ژمارەی ساڵەکانی خزمەت 
 ( ماددەی ٢٢ / یەکەم ، ئەلف )
ئەگەر خزمەتی لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت ئەوا بە ساڵێک ئەژمار دەکرێت  ( ماددەی ٢٢ / یەکەم ، ب ) .
١٧-ئەگەر فەرمانبەرێک پاداشتی  خانەنشینی وەرگرتبێ لەبەر ئەوەی خزمەتی وەزیفی تەواوی نەبووبێت بۆ خانەنشینی ، ئەوا ئەگەر گەڕایەوە بۆ سەر وەزیفە دەبێ ئەو پاداشتەی وەریگرتووە بێگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت  و دواتر کە بەپێی یاسای خانەنشینی خانەنشین دەبێت ، ئەوا سالانی خزمەتی پێش وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی و سالانی دوای گەڕانەوەی بۆ سەر وەزیفەی  بۆ ئەژمار دەکرێت بۆ مەبەستی مووچەی خانەنشینی ( ماددەی ٢٣ / یەکەم ) .
١٨- فەرمانبەر دەتوانێ داوای ئەوە بکات کە ئەو خزمەتەی لە کەرتی تایبەت هەیەتی بۆی بخرێتەسەر ئەو خزمەتەی کە لە حکومەت کردوویەتی بۆ مەبەستی خانەنشین بە مەرجێک ئەو خزمەتەی کەرتی تایبەتی کە بۆی دەخرێتەسەر خزمەتی وەزیفییەکەی لە نیوەی خزمەتی وەزیفییەکەی زیاتر نەبێت  ( ماددەی ١٩ / سێهەم ) .
١٩- ئەنجومەنێک دروست دەکرێت بە ناوی ( ئەنجومەنی ووردبینی کێشەی خانەنشینان ) بۆ تەماشکردنی سکالای ئەوانەی تانەیان لەسەر بڕیارەکانی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی هەیە یان خۆیان بە ماف خوراو دەزانن ( ماددەی ٢٩ / یەکەم ) 
٢٠-  بڕگەی شەشەمی ماددەی ٣٥ ی ئەم یاسایە کە تایبەتە بە خانشینکردنی باڵوێزەکان و ماددەی ٣٧ کە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەکان ( سەرۆککۆمار ، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ،  وەزیر ، جێگری وەزیر ، راوێژکاران  ،بەریوەبەری گشتی . . . هتد  ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی ٣٨  کە تایبەتە بە ( خانەشینکردنی   بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەکان ) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و کاریان پێناکرێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین. 
٢١- ئەم یاسایە نزیکەی ١٠ یاسای پێشووی خۆی کە تایبەتن بە خانەنشینی هەڵوەشاندۆتەوە و تەنیا ٣ یاسا نەبێت کە هەڵینەوەشاندونەوە (  ماددەی ٣٨ / یەکەم ، دووەم )،  ئەوانیش ئەم یاسایایەن :
ا- یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦  ی هەموارکراو 
ب- یاسای دەزگای زیندانە سیاسییەکان ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٦ 
ج- یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی کردارە جەنگی و هەڵە سەربازی و کردارە تیرۆریستییەکان ژمارە ٢٠ ی ساڵی  ٢٠٠٩  .
٢٢- ئەو فەرمانبەرەی وەزیفەکەی بەجێهێشتووە یان دەستی لەکارکێشاوەتەوە یان خانەنشین کراوە و هیچ مووچەیەکی خانەنشینی لە بری ئەو خزمەتە وەزیفیەی کردویەتی  بۆ نەبڕاوەتەوە ، دەتوانێ ئەم خزمەتە وەزیفییەی  بخاتەسەر ئەو خزمەتەی دواتر لە کەرتی تایبەت کردویەتی  بۆ مەبەستی خانەنشینی بە مەرجێک پارەی هەموو سالەکانی کارکردنی بۆ خانەنشینی لە کەرتی تایبەت دابێت کە  ١٠ % ی مووچەی مانگانەکەی بووە    ( ماددەی ١٩ / سێهەم ) .
٢٣-بۆ ئەوەی مافی ئەوانە نەخورێت کە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە خانەنشین بوون ، ئەوا  مووچەی خانەنشینیان بە گوێرەی ئەم یاسایە دووبارە بۆ ئەژمار دەکرێتەوە ( ماددەی ٣ ) .
٢٤- بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بە زیاد بوونی هەڵاوسانی ساڵانە مووچەی خانەنشینی زیاد دەکرێت بەمەرجێک ئەو زیادکردنی مووچەیە لە رێژەی هەلاوسان زیاتر نەبێت  ( ماددەی ٣٦ ) .
---٢٢ / ١ / ٢٠١٨ 


23/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر