قولو قەولی پارتی
عەبدولرەزاق شەریف
ئەمساڵو چەند مانگێ پێش گەیشتن بە 30ی حوزەیران، كە تیایدا بارزانی ویلایەتی سەرۆكایەتی تەواو دەبوو، سەرۆكایەتی پەرلەمان سەردانی هەموو حزبەكانی كردو سەرنجو بۆچوونەكانی بۆ چارەسەركردنی سیاسیو یاسایی ئەو پرسە كەڵاڵەكرد، لە سەردانی تایبەتیشدا بۆلای بارزانی پێشنیازیشیان بۆ كرد، ئەگەر خۆی پرۆژەیەكی بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە هەبێت، بەناوی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باشترە ببێت بە بناغەی یاسایەكی نوێو ڕێگەچارەسەر، بەڵام نەخۆیو نەحزبەكەی ئامادەی هاوكاریو بەیاسایی چارەسەركردنی ئەو مەسەلەیە نەبون.
بەڵكو پێداگرییان كرد لەسەر ئەوە دەكرد، كە ئەوە پرسێكی سیاسیەو پێویستە سەركردایەتی حزبەكان چارەسەری بكەن، هەموو مەبەستەكەش ئەوەبوو سەركردەی حزبە سیاسیەكان بۆ دوو ساڵیتریش بارزانی بەسەرۆك ئیقرار بكەنەوە.
كەمتەرخەمترین هێز بۆ دەستگرتنو هاوكاریكردنی ئەوانیتر بۆ چارەسەر، پارتی خۆی بو، چوونكە لە بنەڕەتدا، ئەوان هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان نەدەویست، بەڵكو مانەوەی مەسعود بارزانییان لەسەر كورسییەكەی مەبەست بوو، كە هەندێكیان دەیانوت، بۆ دوو ساڵیتر و هەندێكیتر بۆ خولێكو دوو خولی تری پەرلەمانی، لە نەكردنیشیدا ژێر بەژێر ئاماژەی شەڕی ناوخۆو تێكدانی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستانیان ئەدا بەگوێی فاعیل خێرو هاموشۆكەراندا.
یەكێتی هەرزوو رایگەیاند، 30ی حوزەیران دووبارە ناكەنەینەوە، بەدوایدا 3 هێزەكەی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو، كە لەو سەروەختەدا، لە یەكێتی كەوتبوونە تەقە، پێشوازییان لەو بڕیارەی یەكێتی كرد.
30 حوزەیرانو درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك، ئەوەندە رەشو نمایشو بانگەشە كرا، پارتی خۆشیان لەترسی ڕایگشتی دەیانوت، نابێ دووبارە ببێتەوە، كە پێشیان دەوترا چون؟ دەیانوت، خۆتان بیكەن، ئێمە نازانین!! دەیانوت، دەزانین نایاساییە، دواتریش نە خۆیان، نەحزبەكانیتر ڕێگەچارەیەكیان لەدەرەوەی پەرلەمان بۆ نەدۆزرایەوە.
كە یەكێتیو یەكگرتو و كۆمەڵو گۆڕانو بزوتنەوەی ئیسلامی، وەك زۆرینەی پەرلەمانی پرۆژەی هەمواری یاساكەیان بۆ دەنگدان ئامادەكرد، پارتیو سەرۆكەكەی وەك كودەتاو دەچوون لە یەكڕیزی نیشتیمانی زۆرینەی پەرلەمانیان ڕەتكردەوە، بەدوایدا هەموو مەسەلەكەیان لە پرسێكی سیاسیو یاساییەوە بۆ پرسی كۆمەڵایەتیو بەشەخسەنەكردن گۆڕی.
لەشەوی كۆبونەوەی پێنج قۆڵیدا لەپەڕەی رەسمی حزبەكەیەوە، پارتی هێرشیان دەكردە سەر ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانو لە هەوڵی پەرتكردنی حزبەكانی خاوەن پرۆژەكە بوون لەنێوان خۆیان و ناوخۆیی، حزبەكانیاندا، بارزانی بە فێلو تەڵەكە ئیمزای خەڵكیان كۆدەكردەوە، بانگەشەیان دەكرد كە فڵانو فیسار بەمانەوەی دووساڵی بارزانی رەزامەندبوون، كە لە بنەماداو تا ئێستاش قسە لەسەر هەمواری یاساكەبوو، نەك مانەوەی بارزانی كە خۆشیانو هەموو سیاسیو یاساناساكان لەوە ببونەوە كە 10 ساڵی رەبەق سەرۆكایەتی كردووەو بۆ سومعەی سیاسیو یاساییو دیموكراسی هەرێم جوان نییە بۆی درێژ بكرێتەوە.
پارتی هەموو ڕێگەو چارەسەرەكانی لەكاری پەرلەمانیەوە خستەسەر لاڕێی دەمارگیری حزبیو هەموو كێشەكانی ئەم هەرێمە كە وەك (گرێ كوێرەی پشتوێنی ناو قەد ئاڵۆزكابوو) بەستەوە بەیەك دوو بارەگای سوتاوی حزبەوە كە ئەویشیان بۆ دیزە بە دەرخۆنەكردنی مەسەلەكە لە لێكۆڵینەوەی قەزایی دوورخستەوە، بەمەش ئەوەندەیتر دۆخەكە ناجێگیرو ئاڵۆزتربوو، نە پرۆژەی گەڕانەوە بۆ بەرەی كوردستانی، نە پێشنیازی دەوڵەتی سوڵتانی، نەیانتوانی لە دەرەوەی پەرلەمانو ئیرادەی خەڵك پرۆسەی یاساییو ڕێچكەی دیموكراسی بووەستێنن، ئەوەی توانییان بیكەن بەهێزی سەربازی، پەكخستنو هەڵپەساردنی پرۆسەی سیاسیو دەزگا شەرعیو یاساییو دیموكراسیەكانی هەرێمی كوردستان بوو، كە وەك كودەتاو نەخشەی بێگانەو ستراتیژی پارتی بۆ لەناوبردنی كیانی سیاسی كورد پێناسە كرا، كە زۆرجار پارتی لە مێژووی خۆیدا بە پاساوی مانەوەی پارتی دەستی بۆ بردووەو لەگەڵیاندا خۆشە بووە، سەركردایەتی پارتی خۆشیان بە بێدەنگ بوونیانو قایلبون بەم بارودۆخە، ئەوەندەیتر ئەم پێناسەیەیان سەلماندووە.
تەنگژەی سەرۆكایەتی هەرێمو بۆشایی یاساییو پەكخستنی پەرلەمانو حكومەتو دادگاو ژیانی دیموكراسی، بەدیفاكتۆكردنی هەژموونی دەسەڵاتی رەهای پارتی بەسەر ناوچەكانی هەولێرو دهۆكدا، پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەلایەن بارزانییەوە، ئەوەندەیتر ژیانی سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرانترو سەختترو نالەبارتر كردووە، ئاییندەی میللەتەكەمانیان خستۆتە مەترسییەوە.
هەموومانو ئیدارەی حزبو حكومەتەكەی هەولێریش لە بێدەنگیداین، كە ترسی رەشەبای بەدوادا دێت، یان لەچاودێریەكداین كە بەشنەی مووبادەرەیەكی بارزانی خۆی دڵەڕاوكێ بڕەوێنێتەوە، بەو مەبەستە دەیان سەردانی شەخسیو حزبیو دەوڵەتی لەئاستی ناوخۆو دەرەوەدا بۆ بارەگای بارزانی كراوە، سەدان ووتاری لەسەر نووسراوە، ئێستا سەركردایەتی سیاسی پارتی لەبەردەم ئەو بوارەدایە كە دەبێ قوڵی خۆی دەربخات.
پارتی یان ڕازییە بە برەوپێدانی ئەم گەمەیەو مانەوەی لەسەر كەلاوەی ئەو حكومەتەو لەتێكی ئیدارە، كە خۆی خولقاندویەتی، یان بەڕێكاری یاساییو دیموكراسی رەفتار دەكات، بەئازایەتی شەڕوكینەسزێك، نیشتیمانو ئاشتی خوازێك لە قەڵەمڕەوی خۆیدا پاوانی دەزگا شەرعیەكانی هەرێم هەڵدەگرێتو لای كەمی ئاسوودەیی بۆ ئێستاو ئاییندە دەگەڕێنێتەوە.
ئەگەر یەكەمیانی دەوێت، كە ئێستا پێوەی دیارە، پێیوایە، بە دوو تەقو تۆقی شنگالو مەخموور پارسەنگی لارو جڵەوی ڕوو لە هەڵدێری ئەسپی شۆڕشو قوربانیەكانی كوردو میللەتەكەمان لەبەرچاو بزر دەكات، دەبێ سوود لە مێژووی خۆیو رابردووی وەربگرێت، كە نەڕەحم دەكاتو نە بەئارەزوی ئەوان دەنوسرێتەوە.
خۆ ئەگەر دووەمیانە، ئەوا دانوسانو سەردانو جەولەی مەكۆكیو هامۆشۆی حزبو لایەنە سیاسیەكانی ناوێ، كۆبونەوەی یەكو چەند قۆڵیش پێویست نییە، ووتارێكی حەماسیو پڕ لێبوردەیی بارزانی بەسە بۆ ئەوەی دۆخەكە بچێتەوە پێش 12ی ئۆكتۆبەرو بروسكەیەكیش بۆ سەیتەرەكانی تخونی حزب كافییە بۆ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی.
23/11/2015
وتارەکانی تری نوسەر