خه‌یاڵ و خرخاڵ
عەبدولرەزاق شەریف
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێش سه‌فه‌ر و فڕینی بۆ "میونخ" قاورمه‌ی دیزه‌یه‌كی چاكسازی بۆ خوانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌رهێناو هه‌ڵیكوڕوزاند، هه‌ر ئه‌وه‌بو، كه پێنج ساڵ پێش ئێستا، له گه‌ڕانه‌وه‌ی له "ڕۆما" بۆی هێناین و له نیشتنه‌وه‌دا، به‌ده‌رخۆنه‌یكرد.
پووچبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی فودانی له‌یستۆكی گوتاری چه‌ند ساڵه‌ی چاكسازییه‌كانی بارزانی ، هاوشانی فشبونه‌وه‌ی شیشڵدانی بانگه‌شه‌كانی بو، كه بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له سه‌ری ڕه‌شه‌وه هه‌ڵیئه‌یا. ساڵانێكه و به‌ته‌ن، ئه‌م بڕیار و به‌ڵێنانه به ئێمه ئه‌یا، كه ناڕه‌زاییه‌كانی شه‌قام توند ئه‌بنه‌وه، ئه‌و زیاتر ئه‌یا، دواجاریش، كورد وته‌نی: به‌هه‌مان تاس و حه‌مام، وسڵ ده‌رئه‌كا.
ئه‌ویش وه‌ك ئێمه، له‌پێش سه‌فه‌ره‌كه‌یدا، ڕاگه‌یاندن و لێدوانی حكومه‌ت و حیزبی باڵاده‌ست و كه‌ناڵه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتی توركیای له‌سه‌ر پشتیوانیكردن و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بینی و بیست، نوێنه‌ره‌كانی قونسوڵخانه و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ نارد و بڵاویشیانكرده‌وه، ڕاوبۆچوونی كوڕه خاڵه‌كه‌ی خۆیشی كه به‌پۆستی پارتی و پۆزی بارزانی وه‌زیری دارایی عێراقه، بیست، له‌م سه‌فه‌ره‌ی ئه‌وروپاشدا و له (كۆنفرانسی ئاسایش له میونخ)ی ئه‌ڵمانیادا، دروستتر هه‌ستی به لێدان و جوڵه‌ی ئه‌وانیتر كرد، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دیداری مێركڵ، لابردنی وتاره‌كه‌ی له ئه‌جێندای دانیشتنی رۆژی دواتردا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌مسكرد، حه‌تمه‌ن به‌دیقه‌ته‌وه گوێشی بۆ قسه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵخستووه، كه وتی: " تاكو ئێستا هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد له‌لای من باسی جیابوونه‌وه‌ی له عێراق نه‌كردووه".
خۆ ڕه‌نگه په‌رچه‌كردار و گوفتاری هاوشێوه، له‌به‌رامبه‌ر بانگه‌وازی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌لایه‌ن یارونه‌یاری كورده‌وه ئاسایی بێت و ئومێد و نائومێدی له‌سه‌ر بنیات نه‌نرێت، به‌ڵام بێده‌نگیی بارزانی جێگه‌ی پرسیاره، له‌وه‌ش زیاتر كاتێك سه‌رك وه‌زیرانی عێراق، ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ته‌ختی كۆنفرانسه‌كه ڕوویتێده‌كات و ده‌ڵێ (سه‌ركرده‌ی درۆزن ئه‌وه‌یه، كه لای گه‌له‌كه‌ی باسی ڕیفراندۆم ده‌كات و به‌ڵام ئه‌ڵێ ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێكردن نیه)، ئه‌مجاره بارزانی نه‌ك هه‌ر بێده‌نگ ده‌بێ، ڕۆژی دواتر ده‌ستده‌خاته ناوده‌ستی حه‌یده‌ر عه‌بادی و كۆئه‌بێته‌وه و ئومێدی كورد بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات به خه‌یاڵ و شكۆی خۆیشی له‌به‌رچاوی هه‌موو دنیا ده‌كات به خرخاڵ، بانگه‌شه و هاشوهوشه‌كه‌ی لای خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت به ده‌له‌سه و به فیشاڵ.
16/02/2016
وتارەکانی تری نوسەر