بەڵێ بۆ پێكەوەیی !

عەبدولرەزاق شەریف
حیزب‌و كارەكتەرە حیزبییەكانی ئەم هەرێمە پێكەوە پیروخەڕۆ بوون، هەم خۆیان، ئێمەومانانیش وەك كاروانچییەكە رەش‌و سپی خۆمان ئەناسینەوە. گرەوكردن لەگەڵ ئەواندا لەسەر گاڵ‌و پەموەكە، بەدڵنیاییەوە گاڵ ئەهێنێ. گفت‌و بەڵێن بۆ سازان‌و چاكسازی مێژویەكە، هیچی لێ سەوز نەبوە‌و نابێ.

بانگەشەی كاری پێكەوەیی، یەكڕیزی‌و لێبوردەیی بەدروشم‌و پراكتیك، تۆزی لەسەر نیشتووە‌و داهێنانێكی نوێ نییە، هەمو ئەو خەنجەرانەی لەپشتەوە لە یەكتری دراون، لە تیرۆر‌و پەلاماردانەوە هەتا راو و روت‌و تاڵانی، لەوكاتانەدا بوە كە دەستەكان لەناو یەكتریدا بون. كە شانزەی  ئۆكتۆبەر روئەدات، لە پانزەدا پارتی‌و یەكێتی بە سەرەگەورەكانیانەوە لە دوكان پێكەوە لە داوەت‌و كۆبونەوەدا بون، هەفتەی دوای ئەوەش بەمەبەستی یەكڕیزی، عێزەن لە كۆبونەوەدا بون.

نوێترین كۆبونەوە بۆ كاری پێكەوەیی، گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ئایندەیە، بەهەمان تاس‌و حەمامی جاران، بە شكاندنی ئیرادە‌و شكۆی ئەوی تر دەستی پێكردوە. یەكەمین (پەڕلە)ی پارتی بە گرێی دەرونی (پەڕلەمان) دەستی پێكرد، بەوەی نابێ گۆڕان پشكی لەو سەرۆكایەتیەدا هەبێ، سەرۆكایەتی هەرێمیش كە گۆڕان بانگەشەی دەسەڵاتی "تەشریفاتی" بۆ ئەكرد، پشكی جێگرەكەی بۆ دانراوە، لێرەوە كاری پێكەوەیی دەستیپێكرد. بەگرتن‌و دەركردن‌و موچەبڕینی كادر‌و لایەنگرانی یەكتریدا رۆشتوە‌و دوا بەرهەمیشی، وەبیرهێنانەوەی سەركردەی حیزبەكەی دۆستە (رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت هەر بە تۆپزی ئاڵتم‌و ساتم دەكرێ)‌و شكاندنی هەیبەتی دادگا‌و شكۆی دكتۆرێكی دڵسۆزی سلێمانییە كە پارێزگارەكەی سەركردەیەكی حیزبەكەی خۆمە‌و سەرۆكی لیژنەی ئەمنیەكەشیەتی.

چۆن لەپێش رودانی گەردەلولی ناعەدالەتی‌و گەندەڵی‌و شكست‌و خیانەت (پێكەوەیی) تەكتیكە‌و ستراتیژی هاوبەش لەدژی ئەو چەمكە قێزەونانە ئامانجە !، لەدوای گەردەلولەكەش (ناپێكەوەیی) تاكتیكە‌و دادگایكردنی تاوانباران ستراتیژی هاوبەشە. دەكرێ لە یەك حیزبدا‌و لە یەك شارو لە یەك وڵاتدا هاونیشتمانی بین‌و لە پرۆسەیەكی شارستانیدا، ئێمە‌و ئەوان جیاوازبین‌و دەكرێت لەیەكتریش جیاببینەوە، ئەو جیابونەوەی كە (لەنین) لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەمافی فنلەندییەكانی دەزانی بەڵام لەبەر "یەكڕیزی" شۆڕشی كرێكاریی ئەیوت بانگەشەی بۆ ناكەین، ئەم وتەیەی لەنین لەسەروەختی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا كاتێك لەسەر ئەو بڕگەیە كۆك نەبون كە "هەمو پارێزگایەك بەوانەشەوە كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكخراون، مافی جیابونەوە‌و  هەرێمێكی سەربەخۆیان هەبێ)، نەوشیروان مستەفا وەبیر مەسعود بارزانی هێنایەوە (ئەوكات هەردوكیان نوێنەرایەتی كوردیان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا دەكرد)، دوای لێكتێگەیشتن بو بە مادەیەكی دەستورو مافێكی رەوای ستەملێكراوان، پێكەوە لە دەستوردا مافی "ناپێكەوەیی بونیان" لە عێراق‌و كوردستاندا چەسپاند.

راكردن بۆ پێكەوەیی لەگەڵ دو ناوەندی دەسەڵات، كە لە خراپەدا هیچ كەس باشتر لەخۆیان وەسفی نەكردون، كارو كردەوەی نیشتمانی نییە، بەڵكو كاری راستەقینە ئەوەیە ، تكاو داوا لە كارەكتەرە زیندوەكانی ئەوان بكەین بۆ لەگەڵ ئێمەبون، (ئێمەبون) بە دەنگ‌و رەنگە جیاوازەكانەوە وەك نیشتمان‌و هاونیشتمانیی، وەك بەرەیەكی دژ بە ستەمكاری‌و كۆنەپارێزی، وەك حكومەت‌و حوكمداری تەندروست. بۆیە لەم قۆناغەدا، جیابونەوە لە پارتی‌و یەكێتی وەك دەسەڵاتی بنەماڵە‌و حیزب‌و حوكمڕانی، باشترین بژاردەی پێكەوەییە.


22/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر