قسەیەک بۆ وتن

عەبدولرەزاق شەریف
لەساڵیای کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا
 

مێژوی حیزبایەتی و کاری حیزبی لە کوردستانی باشوردا، سەدەیەکە و لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەدا ( کۆڕەک )،  وەک ڕێکخراوێکی سیاسی لە  ۱٠ ی ٦ ی ۱۹۷٠ دێتە بون ، دوای پێنج ساڵ لە کاری نهێنی و لە ناواڕاستی ساڵی هەفتاو شەشدا، شۆڕشی چەکداری بەرامبەر حوکمدارێتی بەعسی عێراقی ڕادەگەیەنێت، دوای نزیکەی پانزە ساڵ خەباتی قورسی شار و شاخ، لەناو ئەو نیمچەبەرەیەدا، کەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە خۆی حەل دەکات و لە ساڵی ۱۹۹٠ ەوە، ئیتر ناوەکەی و کۆی ئەدەبیاتی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەبێت بە مێژو، کارەکتەرەکانیشی لەناو  ( ینک ) دا، درێژە بە کاری سیاسی خۆیان ئەیەن.

 

نیو سەدەیە و هەزاران کتێب و نامیلکە و گێڕانەوەی بیرەوەری و وتار لەسەر ئەو بیست ساڵەی خەباتی کۆمەڵە نوسراوە، تا ئێستاش زۆر نهێنی کاری سیاسی و چەکداری کۆمەڵە گفتوگۆ و گێڕانەوەی جیاوازی لە بارەوە ئەکرێ و زۆریش بە پەنهانی ماوەتەوە و قسەی لەسەر نەکراوە.

 

 سەخت و دژواری خەباتی کۆمەڵە وایکردبو زۆر کەسی نیشتیمان پەروەر، ئامادەی خۆ ڕێکخستن نەبن لە ناویدا، لە بەرانبەردا، بە ڕەخنە، یان بە تۆمەت، بەهانە بۆ بەشدارینەکردن بهێننەوە . زۆریتریش بەشدار بون و بەرگەی ئەو فیداکارییەیان نەدەگرت و لە کۆڵدانیاندا، دیسان بە ڕەخنە یان بە تۆمەت هەڵبەستن، بەهانەیان بۆ خۆیان و خەڵک دەهێنایەوە . زۆریتریش جیاوازی بیرکردنەوە، ڕەفتار، شێوازی کارکردن و سەرکردایەتیکردنیان لەگەڵ کۆمەڵە هەبو، دیسان بە تۆمەت و ڕەخنە، بەهانەیان بۆ بەردەوام نەبون یان جیابونەوەی خۆیان ئەهێنایەوە . ئەمانە و وێڕای هێرشی هەمەلایەنەی دەسەڵاتدارانی عێراق، بە هەمو جۆرەکانی شەڕی دوژمنکارانە، کە سڵی لە بەکار هێنانی هیچ پێوەرێکی نا ئینسانی و نا ئەخلاقی و نایاسایی نەدەکردەوە.

 

زۆر قسە ماوە لەو مێژوە نەکراوە، ڕەنگە ئەم ستونە کردنەوەی دەرگایەک بێت بۆ باسی زیاتر، بەڵام پێویستییەکی ئەمڕۆیە بۆ خوێندنەوەی ئایندە، لە کۆی دە بۆ پانزە ملیۆنی دانیشتوانی عێراق لە بیست ساڵەی خەباتی کۆمەڵەدا، کورد لای کەمی دو بۆ سێ ملیۆن کەس بوە، لەم ژمارەیە لە هیچ وێستگەیەکی خەباتی کۆمەڵەدا، بە شاخ و شارەوە بە بەردەوامی ئەندامەکانی لە پێنج هەزار کەس تێنەپەڕیون، ئاخر ئەندامێتی کۆمەڵە بە پێی پەیڕەوەکەی کە پابەند بونی تەواو هەبو پێیەوە، دەبوایە چوار ساڵ لە هەلەقەی ڕۆشنبیریدا، دۆست و پاڵێوراو بویتایە، دوای هەڵسەنگاندنی ئەو چوار ساڵە شەرەفی ئەندامێتی لە بەرزترین ئۆرگانەوە ئەبەخشرا . لەبەر نهێنی پارێزیش، داتایەکی ورد نەبو . بەڵام بە خوێندنەوەی من هەزار بۆ هەزار و نیوی لە چیا چەکدار و ئاشکرا و ئەوانیتر بە نهێنی لە گوندەکان و شارەکاندا بون.

 

ئەوەی مایەی سەرنج و خوێندنەوەیە، ژمارەی شەهیدەکانی زیندان و شاخ و شاری کۆمەڵەیە کە ئەم ژمارەیە ئاشکرایە و داتایەکی تا ڕادەیەک دروستی هەیە، لە هەمو وێستگەکانی خەباتی کۆمەڵەدا و لە هەمو ئۆرگانەکانیدا، ژمارەی شەهیدەکانی لە ژمارەی ئەندامەکانی زیاتر بون. لە مەکتەبی سیاسی یەوە بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی هەتا بە شانە و پۆلێکی ڕێکخستن دەگات، بەراورد بە زیندوەکانی، شەهیدەکانی زیاتر بون، ئەمە جگە لەو هاوڵاتیانەی بەهۆی خزمایەتی یان بەهۆی ناڕاستەوخۆ لەو کاروانی خەبات و بەرگرییەدا تیا چون . کە دە هێندەی ژمارەی ئەندامەکانی کۆمەڵە بون.

 

ڕاستیەکیتر هەیە، کە من هیچ لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر نەبینیوە و نەخوێندۆتەوە ، ئەوەش دەور و کاریگەری کۆمەڵەیە لەسەر کەلتور و زمان و ئەدەب و ئەخلاقی سیاسی کۆمەڵی کوردەواری، کە زەحمەتە ئێستا بڕوا بە کەسێک بهێنی بڵێی هاوڕێی کۆمەڵە لەسەر ئەوەی تەرمی هاوڕێیەکی شەهیدیان دەست دوژمن نەکەوێ ئامادەی بەخشینی چەند ڕۆحێکیتری خۆیان بون . خۆشبەختانە نامەکانی زیندانی هاوڕێکانیان پارێزراوە و شایەتی زۆر لەو گیانفیداییەن، ڕاستە هەندێ کەس بیرەوەری خۆیان نوسیوە و ئاماژەیان بەو گیانی قوربانیدانە داوە، بەڵام لە بارەی ئەو تەقینەوە ڕۆشنبیری و کەلتورییەی تەمەنی کۆمەڵەوە هیچ نەنوسراوە.

 

بابەتێکی گرنگتر هەیە کە پەیوەستی دۆخی ئێستایە و بوە بە پرسیار، ئایا ئەم مەسولانەی ئێستا، لە کۆمەڵە نەبون ؟ ئەی فایلدار و خائین لە کۆمەڵەدا نەبون ؟
بە دڵنیاییەوە، رژێمی بەعسی عێراقی بە هەمو هێز و دەسەڵات و پارەی خۆی لە هەوڵی کڕینی ویژدانی ئەندامەکانی کۆمەڵەدا بو، گەر بە گریمانە پرسیارەکە بە جۆرێکیتر بکەین : گەر حکومەتی ئێستای عێراق نیو ئەوەندە هەوڵی کڕینی ئەو ویژدانانەی سەرکردە و ئەندامی حیزبەکانی ئێستای کوردستان بدات چەندیان کەرەستەی خۆ فرۆشتن و خاک فرۆشتن و هاوڕێ و هەڵوێست فرۆشتنن ؟ وەڵام با لای ئێوە بێت.

 

سەبارەت بە وەڵامی یەکەم، نەخێر مەسولەکانی ێێستا تاک و تەرا نەبێت ئەندامی کۆمەڵە نەبون و لە کۆمەڵە نەبون، زۆریان لەو پۆلێنبەندیە بون کە سەرەتای ئەم نوسینە ڕونمکردۆتەوە کە بە ڕەخنە و تۆمەت بەهانەیان بۆ بەشدارینەکردن و ساردبونەوەی خۆیان ئەهێنایەوە، ئەو تاک و تەرایەش هەرگیز کادر یان خاوەن ڕا و بۆچونی خۆیان نەبون، سەبارەت بە فایلدارەکانیش ڕاستیەکی مێژویی هەیە کە لە دوای ڕاپەڕین، دەرفەتێ بۆ لێکۆڵینەوە لەو فایلانەی دەسکەوتبو ڕەخسا، ئەوەی لە کۆمەڵەدا و خیانەتیکردبو، دەیان بون، بەر سزای قورس کەوتن، کەمێکیان بە تەدەخولی ئەوسای خاوەن بڕیارەکانی  یەکێتی ڕزگاریان بو، نەوشیروان مستەفا لە کۆنگرەی یەکی ( ی ن ک )دا، ئەم مەسەلەیەی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند و بەرپرسیارییەتیەکەی خستە ئەستۆی خۆی . سەبارەت بە وەجبەی دوەمی فایلدارەکان، کە دوای ڕوخاندنی بەعس و لە بەغدا ، ئاشکرا بون، هیچ لێکۆڵینەوە نەکرا و گومانلێکراوان کە لە کۆمەڵە بون بە پەنجەی دەستێک دەژمێردران و بە بڕیاری پلنیۆم بەخشران.

 

دواجار و پێش مەرگی کاک نەوشیروان لە چەندین بۆنەدا، پەشیمانی لە حەلکردنی کۆمەڵە دەرئەبڕی، بەڵام وەک فیشەکێکی تەقێندراو گەڕانەوەی نەبو، هەندێکیش ئەڵێن باش بو کۆمەڵە بە جوانی نێژرا ، پەشیمانی کاک نەوشیروان و خۆزگەی بۆ حەلنەکردنی کۆمەڵە، وەک ئەوخۆزگەیە بو لە دوای مەرگی خۆی وتمان خۆزگە لەگەڵ ناشتنی کاک نەوشیرواندا، بزوتنەوەی گۆڕانیشمان بناشتایە. 


10/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر