تەڵەکانی دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو خاوەنەکانیان

عەبدولرەزاق شەریف
هەروەک چۆن پارتی دیموکرات و کوڕو کورەڕەزاکانی مەلا مستەفای بارزانی لەشۆڕش و دوای شۆڕش لەپێش مەرگ و دوای مەرگی نەیانتوانی و نەیانویست مەلا مستەفا وەک رەمزێک و پیاوێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەموو گەلی کوردستان بناسێنن، بەهەمان شێوە حزبەکان و نەوەکانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفاش نەیانتوانی.

‎بڕوانن ئەو سێ سەرکردەیە، سەدان دەستکەوتی گەورە و وێنەی جوانیان لە بەرگریکردن و شۆڕش و پێشمەرگایەتی بە میللەتەکەمان بەخشی، بەڵام نەوەکانیان و باڵادەستەکانی حزبەکانیان سیحری ئەو مێرخاسانەیان بەسەر گۆڕەکانیاندا قڵپ کردەوە، لە پێناوی چیدا ؟ ئەو دەسەڵاتە مەعنەوی و پارەیەی لە پاشیان بە جێما !! حەتمەن مانگە شەوی ئاسمانی ئایندەی مەسعود بارزانیش لە ئەنگۆرەی ئێستاوە دیارە .

‎قورسە بۆ ئێستا و کەسێکی ناحزبی وەک نوسەری ئەم دێڕانە بڵێ (مەلا مستەفاهەژارانە ژیاو کوردانە بەرگریکردو پیاوانە مرد، مام جەلال مامۆستاو هونەرمەندی هەستانەوە و بەرگریکردن و سەرکردایەتیکردنی کورد بوو، نەوشیروان مستەفا تاقانە پیاوی ئەفسانەیی مێژووی کوردایەتی بوو).

‎کاک کۆسرەت قسەیەکی هەیە ( گەر کوڕەکانمان جێگەمان نەگرنەوە هەموومان وەک خایین ئەچینە لاپەڕەکانی مێژووی کوردەوە ، مەلا مستەفاش بۆیە وایکرد )، رەنگە ئەمە بیرکردنەوەی هەموویان بێت، من پێچەوانەی ئەم تەرحە پێموایە وەفای کوردو رەوایی مەسەلەکەی ئەوەندە گەورەیە کە ئەم لۆژیکە رەتکاتەوە، ئەوەی پرسیار ئەخاتە سەر مێژووی ئەو سەرکردانە نەوەکانی خۆیان و سەرکردایەتی حزبەکانیانە .

‎ ئەوەی من لەم نووسینە مەبەستمە تەنیا نەوشیروان مستەفایە، چونکە لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو هەوڵانە بووم کە بۆ مردنی مەعنەوی ئەو زاتە لەلایەن نەوەکانی و سەرکردایەتی حزبەکەیەوە ئەدراو بەردەوامیشە، بۆ ئەوانیتریش با نزیک و ئاگادارەکان مردنیان بنووسنەوە.

‎پرسیارێک پێویستی بەبیرکردنەوەیە، ئایا چەند کەس لەو هاوڕێیانەی لەگۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا ناڕازی بوون ، دوای جێهێشتنی گردەکە سەنگەریان بۆ ناو حزبەکانی تر گواستەوە؟

‎ئەوەی سەنگەری گواستەوە تەنیا کوڕەکان و سەرکردەکانی گۆڕان خۆیان بوون و بە ئاشکرا ئەمدیوکردن و ئاودیوکردنیان بۆ یەکێتی و پارتی ئەبینرێ، ئەوەی بە نائومێدی و بڕوای پتەویشەوە مایەوە ئەو ناڕازیانە بوون. ئەوەشی کە لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕانی ئێستاوە پەلاماری ئەدرێ هەر ئەەو ناڕازیانەن، بەمانایەکی تر (فکری نەوشیروان مستەفاو هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفان) .

‎کەس نیە لەناو گۆڕاندا بووبێت و نەزانێ نەوشیروان مستەفا میدیای گۆڕانی دروستکردو بە ئیمزای خۆی هەر سێ ئۆرگانی (تەلەفزیۆنی ک.ن.ن، سایتی سبەی ، ژوری رۆژنامەوانی و رادیۆی گۆڕان)ی کرد بەپێکهاتەی ئەو میدیایە، هەر خۆشی ناوی میدیای گۆڕانی لێنا، ئەی خێرە لەدوای مردنی عەرابەکانی تەوریسی سیاسی، سایتی سبەی و تەلەفزیۆنەکە ئەبەخشن بەکوڕەکان و ئەڵێن بزوتنەوەکە بۆی نیە تەدەخولی بکات وئەوانە موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان بووە و ئێستا هی کوڕەکانیەتی؟.

‎هەر لەو ئاڵوگۆڕەدا ، ناڕاستەوخۆ یەکەم راپۆرتی تەشهیریان لەسەر کاک قادری حاجی عەلی بڵاوکردەوە کەهێشتا لەناو گۆڕاندا، لەکاردا بوو، ئاشکراشە لەسەرکردە لەپێشینەکان و هاوڕێی نزیکی کاک نەوشیروان بوو، یەکەم کاردانەوەو وەڵامدانەوەی هەوادارەکانی کاک قادریش راپۆرتێکی سۆشیال میدیا بوو لەسەر شەخسی کاک نەوشیروان . کاتێک لە کۆبوونەوەی جڤات، روو لە رێکخەری تازە داوای لێپرسینەوەو راگرتنی ئەو شەڕە نائەخلاقیەمان کرد، لەجیاتی بەدواداچوون و لێپرسینەوە، برەویان پێداو تا ئێستاش بەردەوامەو هەموو هاوڕێکانی تری کاک نەوشیروانی گرتەوە. کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبوو بڵێین: کوڕەکانی کاک نەوشیروان تەدەخولی کاری سیاسی و کای رێکخراوەیی بزووتنەوەکە ناکەن.

‎کەسێکیش نیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و شۆڕشی نوێدا، نەزانێ نەوشیروان مستەفا پارەی شەخسی وموڵک و ماڵی نەبووە، هەرچییەکیشی بەدەستەوە هەبووبێ بەخوێنی پێشمەرگەو رێکخستنەکان، بۆ شۆڕش و بزوتنەوەکەی پەیداکردووە، بە دە ملیۆن دۆلارەکەی مام جەلال و گردی زەرگەتەو سواڵ و سەدەقەکەشیەوە، ئەی خێرە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا کوڕەکانی روونکردنەوە لەسەر موڵکەکانی ئەدەن و وەک میراتی خۆیان و مافی خۆیان پێناسەی ئەکەن، رێکخەری تازەش لە کۆبوونەوەی جڤات پشتڕاستی قسەکانیان ئەکاتەوە، عەرابەکانی بەدەوڵەمەندکردنی کوڕەکانیش ئەڵێن خۆیان هەر پارەداربوون و کۆمپانیای وشە بەهەموو مومتەلەکاتەکانیەوە (کەگۆڕان هەر ئەوانەی هەیە ) مافی شەرعی خۆیانە، کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبووبڵێین: کاک نەوشیروان مردو خاوەنی یەک دۆلار و یەک مەتر زەوی نەبوو لەدنیادا.

‎کەسێکی تر نیە نەوشیروان مستەفای بەنووسین و فکرو خەبات ناسیبێ، نەزانێ چەند دژی بەماڵباتکردنی حوکمدارێتی و تەوریسی سیاسی بووە، گوتارو کردارو نووسینەکانی لەوبارەوە ئاشکرایە، ئەی خێرە رێکخەری تازە و هەندێ خوازەڵۆکی سیاسیی لەدوای مەرگی خۆی، کوڕەکانی وەک نوێنەری ماڵی کاک نەوشیروان ئەناسێنن و تەنزیر بۆ بەهێزی ئەوان و هاوبەشی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکەیان ئەکەن، کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبوو بڵێین: لەمێژووی حزبی سیاسیی کوردستاندا، نەریتی تەوریسی سیاسی لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و حزبەکەی کۆتایی هات.

‎سەرکردەکانی گۆڕان و نەوەکانی چییان بەکاکە نەوە بەخشی و چییان لێسەندەوە؟

‎بەوەڵامێکی سادە، (کارگەیەکی چیمەنتۆو بازاڕێکی بازرگانی و سەدان دۆنم زەوی و چەند ئاپارتمانێک )یان کرد بەماڵ لەسەر خۆی و کوڕەکانیشیان کرد بەدوو کەسایەتی سیاسیی لاوازو خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی و هیچی تر .

‎ئەوەی لێشیان سەندەوە، گەورەیی و جوانییەکانی بوو، کەدەکرا کورد وەک نەتەوە لەناو گەلانی جیهاندا، وەک سەروەتێکی پڕ بەها شانازی پێوە بکات و هەمیشە بڵێ : ئێمە خاوەنی سەرکردەیەک بووین هەمو تەمەنی بەگەلەکەی و نیشتیمانەکەی و مرۆڤایەتی بەخشی و پانۆرامای ژیان و تێکۆشانەکەی وێنە راستەقینەکەی مەسەلە گەورەکەی نەتەوەکەمانە.

‎لێسەندنەوەی ئەم پێناسەیە، بۆ هەموو سەرکردە مێژووییەکان ، مانای ئەەوە نیە وانەبوون، بەنەمری هێشتنەوەی هەندێکیش هەر بەمانای ئەوە نیە کەدروست وابوون، بەڵام ئەوە خێزان و هاوڕێکانیان و دەسەڵات و حوکمڕانییە کە لەڕێگەی ئەرگۆمێنت و بەڵگەو هەقیقەتی مێژوییەوە پێناسەکەی بۆ رای گشتی ئەسەلمێنێت، بەداخەوە پاوانکردنی میراتی ماددی و مەعنەوی سەرکردەکانی کورد لەلایەن نەوەکانیان و حزبەکانیانەوە، نەک رای گشتی ناوخۆو دەرەوەی بەبڕواو متمانە نەهێناوە، لەناو خۆی حزبی بەجێماوی سەرکردەکە خۆشیدا، گومانی دروستکردووەو بڕوای بە رێبەرەکەیان لەقکردوە. رەنگە ئەمە بۆ نەوشیروان مستەفا لەهەمویان دروستتر بێت.

‎لەکۆنگرەی سێ و ئەوکات لە ناو ( ی. ن. ک )دا، ئەندام بوم، بەحزوری مام جەلال و لەسەر مینبەری کۆنگرە وتم ( تکاتان لێدەکەم با مام جەلال وەک یاسر عەرەفات لێنەکەین، مرد و هەمو فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان بەجیاو پێکەوە بۆ پارە و سەروەتی بزوتنەوەکەی ئەگەڕێن و ئەوەی دیاریشە لای خێزانەکەیەتی و کێشەی گەورەی بۆ دروستکردون، هەر لەوێدا پێشنیازم کرد مام موڵک و ماڵی یەکێتی روبەڕووی لیژنەیەکی سێ کەسی لەمتمانەپێکراوەکانی خۆی بکاتەوە، ( تۆمارەکانی کۆنگرەکە ماون )، بەداخەوە نەکرا، دوای نەخۆشکەوتنیشی و تامەرگیشی و ئێستاش بوو بەکێشەیەکی گەورەی یەکێتی و میللەتەکەمان. لەنەخۆشکەوتن و مەرگی کاک نەوشیروانیشدا، هەمان تکام بەجۆرێکی تر لەکۆبوونەوەی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی حزبەکەی کردەوەو پێشم وتن کەنەوشیروان مستەفا بەفیزیکی مرد، بەڵام مردنی مەعنەوی و نەمری هەتایی ئەو بەدەست ئەم جڤاتەیە، تکام لێکردن ئەگەر هەڵەیەکیش لەخۆیەوە روویداوە سەبارەت بەموڵک و ماڵی گۆڕان ئەرکی ئێمەیە راستی بکەینەوە، بەداخەوە نەگوێچکەیەک بۆ بیستن نە زمانێ بۆ قسەکردن نەمابوو، هەروەک چۆن لەکۆنگرەی یەکێتی دوای ئەو قسەیە بەگۆڕان بوون تۆمەتبارکرام لەجئەاتی گۆڕانیش دوای ئەو قسەیە بە یەکێتی بوون تۆمەتباریان کردم .

‎ئێمە لەخەمی خەڵک و سەرکردەکانماندا بووین و ئەوانیش لە خەیاڵی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بوون .

جیاوازییەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی خودی نەوشیروان مستەفا خۆی بوو، خۆیشی لەو سێ چەمکەدا بەرجەستە ببوو کە تامردنی ئاڵاهەڵگری بوو، دوای مەرگ، جڤاتی سەرکردەکانی حزبەکەی یەکەم کارێک کەکردیان سڕینەوەی ئەو جیاوازییە بوو، بۆ روو سپیکردنەوەی خۆشیان خودی نەوشیروان مستەفایان تۆمەتبارکردو وتیان کارو کردەی خۆی بووە و هەر خۆی میراتی ماددی و مەعنەوی خۆی خستۆتە سەر کوڕەکانی و وەک شانازیش ئیلتزامی خۆیان بەو وەسیەتەوە دەرئەبڕن . ئەوان بەو سڕینەوەیە هەندێ دەستکەوتی پوڵ و پلەو پۆستیان بۆ خۆیان و نەوەکانی نەوشیروان مستەفا لای پارتی و یەکێتییەوە بەدەستهێنا، بەڵام بۆ هەتایە ئەفسانەی نەوشیروان مستەفایان کرد بەو کۆمیدیایە کە هەر کاتێک دوژمن و نەیارەکانی بیری نەوشیروان مستەفا بیانەوێت پێی پێدەکەنن. رەنگە ئێستا پارتی و یەکێتی بەهۆی شەراکەتی گەندەڵی حوکمدارێتی هاوبەشیانەوە لەگەڵ گۆڕانەکان، سێ لایەنە بێدەنگییان هەڵبژاردبێت، بەڵام لەمەودوا، وەی لەحاڵی ئەو گۆڕانەی باسی داگیرکردنی موڵکی گشتی و حوکمی ماڵباتی و تەوریسی سیاسیی ئەکات.

ئەو رێگەیەی گۆڕانخوازانیش کەگوایە هێندە قورسەو لەنیوەیدا هاوبیرەکانی نەوشیروان مستەفا بەجێیان هێشتووە،‎ جگە لەپاکژێک بۆ لەوەڕ هیچیتر نیە، پاکژێکی پڕ تەڵەی دەستی نەوەکان و لەژێر چاودێری خاوەن  تەڵەکاندایە.

10/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر