چیبکەین لە نائومێدیمان لە دەسەڵات ؟

د.هەژار عوسمان مەعروف


شکستی گشتلایەنەی حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتی و توڕەیی سەرجەم چین وتوێژەکانی لێکەوتەوە و بوبە هۆی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە ڕۆژی ٢٧ ی ٩ و خۆپیشاندانی مامۆستایانی زانکۆکانی کوردوستان لە ٢٩ی ٩ ، هەروەها هەڕەشەی بایکۆتی هەردو خوێندن و بایکۆتی کارمەندانی تەندروستیی لێکەوتەوە.


چالاکیە هاوبەشەکانی فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی زۆربەی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە دژی هۆشیار زێباری، هەروەها جموجوڵی حیزبە کوردیەکان لەدەرەوەی پەرلەمان بۆ تێگەیاندن و ئاگادارکردنەوەی بەغدا لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردوستان لە لایەن پارتیە وە و گەڕانیان بەدوای چارەسەرێک لە بەغدادەوە بێگوێدانە تۆمەتە پوچ و بێبنەماکانی پارتی گوایە ئەوانە دژی دەوڵەتی کوردین ، بەڵی ئەم خەباتانە بونە هۆی ئەوەی نێچیروان دوای سێ مانگ لە ٢٩ ی ٩ کۆبونەوەیەکی بێئەنجامی کابینەکەی ئەنجام بدات و مەسعود بارزانیش لە هەمان ڕۆژدا بە پەلە و بێپلان وبە قەرەباڵغیەکی خێڵەکیانەی بێسەروبەر بچێت بۆ بەغدا وکۆبونەوە لەگەڵ عەبادی و سەرکردە سیاسیە عەرەبەکانی تر بکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. بۆیە دەبێت جم و جوڵە سیاسیەکانی یەکێتی و گۆڕان گەرم وگوڕ تر بێت و تین و تاوەکەی کۆمەڵ و یەکگرتو و حیزبی شیوعیی کوردستان و زەحمەتکێشانیش بگرێتەوە ، هەروەها دەبێت خۆپیشاندانە جوان و ڕەنگاوڕەنگ و ناتوندوتیژەکان و هەر چالاکیەکی تری مەدەنی درێژەیان هەبێت و سەرجەم چینەکان بگرێتەوە .


ئاشکرایە ئەوە دەسەڵاتی ستەمکار و سەرکوتکەرانەی پارتی لە دهۆک و هەولێرە کە تا ئێستا نەیهێشتوە خەڵکی ئەو دو دەڤەرە بێنە سەرجادە نەک ڕازیبونیان بە حوکمی پارتی ، بۆیە دەبێت ڕێز و هاوسۆزیمان دەربڕین بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە نەک تانە و تەشەریان لێبدەین. وەک ڕاستیەکی مێژوییش هەر ئاوا بوە کە لە شوێنێکەوە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دەسپێدەکات و وردە وردە بڵاو دەبێتەوە بۆ شوێنەکانی تر، بۆیە نابێت ئێمە خەڵکی سلەیمانی و کۆیە هەڵخەڵەتێین و ساردبینەوەبەو بەهانە پوچانەی هاوبەرژەوەندەکانی پارتی لە حیزبەکانی تر کە گوایە هەتا هەولێر و دهۆکیش نەیەنە سەرجادەخۆپیشاندان لە دەڤەری سەوز سودی نیە، جگە لەوە ئەی سیستمی حوکم و بەڕێوەبردن لە دەڤەری سەوز زۆر ڕەوا و دیموکراتی و پاک و بێگەردە کە شایەنی ئەوە نەبێت خۆپیشاندن لە دژی بکەین؟ من دڵنیام هەمو سەرکەوتنێکی بچوکی ئێمە لە سلەیمانی و کۆیە ورە و هیوا و بوێریی خەڵکی هەولێر و بادینان بەرزتردەکاتەوە و لە ئەنجامیشدا لەهی و لافاوی زێی بچوک و زێی گەورە هەر یەکدەگرن و ستەمی حوکمی یەکحیزبیی پارتی و حوکمی بنەماڵەکان بە هەمو ڕەنگەکانیانەوە ڕادەمالن، ئەمە نەک هەر حوکمی مێژوە بەڵکو حوکمی سەردەمی ئینتەرنێت و بچوکبونەوەی دنیایە بۆ گوندێکی گەردونی .


02/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر