بە هۆی سیاسەتی
برسیکردنی زۆرینەی گەلەکەمان بینیمان پێش مامۆستایانی پەروەدە و زانکۆکان ،لە
دەڤەری دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی دەیان جار ئەم دەستە و توێژانە گردبونەوەیان
ئەنجامدا و هەندێکیشیان دیداری تایبەتیان لەگەڵمەسعود بارزانی سازکرد و هەمو ئەوانە داوای چارەسەریان لێکرد: کەمئەندامان
و خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە دێرینە خانەنشینکراوەکان (پۆلیس
و پێشمەرگە و ئاسایش کە ئێستا موچەخۆرن ناوێرن خۆپیشاندان و مانگرتن بکەن چونکە یاسای
توند هەیە بۆ سزادانیان)، خانەنشینانی مەدەنی ، بەڵێندەران کە حکومەت ناتوانێ
چەکەکانیان بە پارە بۆ بگۆڕێتەوە،پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، کارمەندانی
بەڕێوەبەریەتەکانی ئاو و کارەبا و باج و
زانکۆ و قوتابخانەکان و.... دڵخۆشکەربو کە لە هەمو ئەو چالاکیانەدا هیچ توندوتیژیی
جەستەیی یا زارەکی بەرامبەر هیچ دەسگایەکی حکومەت، هیچ بنکەیەکی حیزبی، هیچ کەس و کەسایەتیەک
نەکرا. بەشداربوانی ئەو چالاکیانە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرو سی ساڵەوە یە، کەواتە
دەسەڵاتی کوردی ناتوانێ بڵێت هەمو ئەوانە هاندراون و خەڵەتێنراون و هەرزەکاری
بێئەزمونن. دروشمی سەرەکیی زۆربەی بەشداربوان سیاسی نیە بۆ نمونە بڵێن با حکومەت
هەڵوەشێتەوە یا پەرلەمانێکی تازە هەڵبژێرێتەوە، دروشمەکانیان نان و شیر و دەرمان و
پۆشاک و نەوت و ... بۆ خۆیان و منداڵەکانیانە. ژنان بەشداریەکی کاریگەریان هەیە لە
خۆپیشاندانەکان، سەدان ژنی بەتەمەنی وام بینیوە لە ژیانیاندا بەشداریی هیچ
چالاکیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان نەکردوە کەچی ئێستا لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانن . ئەگەر
ئەوانەشی بخەیتە سەر کە لە ڕاگەیاندنی بیسراو و بینرا و نوسراو لە سەر کاغەز و لە
ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و ڤایبەر و فەیس بوک و... ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر حکومەت
دەربڕیوە ئەوا لەسەرەتای ئەم قەیرانی
داراییەوە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی دو ملیۆن هاوڵاتی کوردوستان. مەسعود بارزانی بە
گرژی و هەڵچونەوە بە هەمو ئەو هاوڵاتیانەی کوردوستانی گوت (با هەڵپەڕکێی خۆیان
بکەن...). بەڕاستی غەمبار و نائومێدی کردین.بەڵام با خۆی و هاوپەیمان و
نیوهاوپەیمانە ئاشکرا و نهێنیەکانی دڵنیابن
غەمباری و نائومێدیمان وزە و ورەی زۆرترمان دەداتێ کە لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە
و بەردەوامبین لە دەربڕینی ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانمان بەرامبەر بە حکومەتە
شکستخواردوەکەی هەرێم کە هەردو حیزبی پارتی و یەکێتی کۆڵەکەکانی پێکدەهێنن. خەڵک
چاوەڕێی ئەوە لە مەسعود بارزانی دەکات هەرچی زوترە لە پەیامێکی تەلەفیزۆنی و ڕادیۆیی و نوسراودا ڕاستەوخۆ کەسی خۆی داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی
کوردوستان بکات.