نەوشیروان مستەفا وەک پێوەر

د.هەژار عوسمان مەعروف
پارە و پلە و پایە و خۆدەرخستن و چێژوخۆشیە مادییە جۆراوجۆرەکانی تاک ( سێکس، خواردن و پۆشاکی نایاب و جۆراوجۆر، ڤیلا و باخ و گەشت و گوزاری وڵاتان و ....) لە نیشانە و سیما زەق و دیارەکانی ئەم  ڕۆژگار و ئەم دونیایەن.

بێگومان هەمو ئەمانە لە ژیانی ئاسایی زۆربەی مرۆڤەکاندا هەن و ئامادەن و دەشێ ببنە بنەمای بەختیاری و ئاسودەیی مرۆڤ ، بەڵام جیاوازیەکە لە چەندێتی و چۆنێتیی بەدەستهێنانیان دایە و لە وەدایە  کە ئایا کەسەکە بۆ بەدەسهێنانی هەمو ئەوانە زیانی بە نیشتمان و خەڵک گەیاندوە؟ ئیمڕۆ لە هەرێمی کوردوستانا سەدان دۆلارملیۆنێر و دەیان دۆلارملیاردێر هەڵتۆقیون کە هەمویان بەرهەمی ناسروشتیی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامن.

هەمو ئەمانە پارتی و یەکێتیان بەکارهێناوە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان بە شێوازی  نایاسایی و فرت و فێڵی جۆراوجۆر، هەر ئەمانەش بون پێشمەرگە پێڵاولاستیک لە پێکانیان فێری بەرتیل و دیاری و پاداشت و شیرینی و کۆکردنەوەی سەرمایە کرد و کردیانن بەم سیاسی- سەرمایەدارانەی ئێستا.

بە دەگمەنیش سەرمایەدارێکی کوردی دوای ڕاپەڕین نابینی پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی دروستکردبێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ناوخۆی هەرێم لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی ، لە هە مو هەرێمدا پرۆژەیەکی کەرتی تایبەت نابینی کە هەزاران ئیشکەری کورد  کاری تێدا بکەن، پرۆژەیەکی خێرخوازیی کەرتی تایبەت نابینی کە خزمەتی منداڵان و بێنەوایان و کەمئەندامانی دەرونی و جەستەیی بکات، یا پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری و کولتوری نابینی لە لایەن سەرمایەدارانی دوای ڕاپەڕینەوە دروستکرابێ و بەردەوام بێ.

ئەمێستا زۆر سەیرە بەلامەوە خەڵکێک هەبێ شوێنی پەیمان و پرۆژەی سیاسیی سەرمایەدارانی کورد بکەوێت کە زۆرینەیان ڕوت و قوتن لە هەمو هەستێکی نیشتمانی و مرۆڤدۆستی. زۆرینەی ئەوانەی شیوەنی بەکوڵیان بۆ مردنی نەوشیروان مستەفا دەکرد لە بەر ئەوە بو کە نە لە ژیانا و نە دوای مردنی خاوەنی هیچ سەرمایەیەکی ماددی نەبو، تاقە خولیای ئەو خزمەت بو بۆ کورد و کوردوستان.

بۆیە چۆن لە دونیای زانستدا پێوەرەکانی وەک مەتر و ئینج و کیلۆگرام و لیتر و... هەن و شتەکانیان پێدەپێوین، دەبێت ئاوایش لە دونیای سیاسەت و خەباتکردن بۆ کورد و کوردوستان یەکێ لە گرنگترین و بنەماییترین پێوەرەکان ئەوە بێت کە کەسەکە و خزمە نزیکەکانی خاوەنی چەند پارە و موڵک و پرۆژەی ئابورین؟ دەبێت کەسەکە بە (یەکەی نەوشیروان) بپێوین و پرسیاری لێبکەین تۆ لە پارە و سامانداریدا لە سەدا چەندی نەوشیروان یت؟ ئەوانەی لە سەر حسابی کورد بون بە فرەملیۆندار و فرەملیارداری دۆلار ئەگەر بۆ کورد وازیان لە نەوەدوپێنج لە سەدی سەرمایەکەیان هێناو لەو پێنج لە سەدەی ماوەتەوە بەشێکی زۆریان بۆ خەباتی سیاسی خستەگەڕ ئینجا دەتوانین لە نیازپاکییان دڵنیا بین، بەڵام هێشتا ئەمەش بەس نیە بۆ ئەوەی ببنە سەرکردە و سەرۆک و ڕابەر.   


16/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر