هاوهەستی و هاوسۆزی (Empathy)

د.هەژار عوسمان مەعروف



تۆ خۆت کرێچی نیت و پارەت بەشی ساڵێک هەیە  پێی بژیت، خۆت بخەرە شوێنی موچەخۆرێکی بچوکی کرێچی کە پارەی پاشەکەوتی نیە وخاوەنی ٥ منداڵە، یا خۆت بخەرە جێی کرێکارێکی ژن و منداڵدار کە  گەر ڕۆژێ ئیشی نەبێت  پارەی نیە خێزانەکەی بەخێوبکات، یا خۆت بخەرە  جێی دەرچویەکی زانکۆ کە پێنج ساڵە دەسی دەسیی پێدەکەن بۆ دامەزران و هێشتا دانەمەزراوە و لە بازاڕی ئیشدا، هێشتا ئیشێکی بەردەوام و تێرکەری دەست نەکەوتوە. باوکت پاسەوانێکی خانەنشینە و دو مانگە موچە کەمە کەمکراوەکەیان نەداوەتێ  و ڕۆژانە هاوپۆلەکەت بە فیزەوە  بە وەنەوشەکەیەوە دێت بۆ قوتابخەنەکەت و زانیاریت هەیە کە باوکی کۆنە جاش بوە و دوای ڕاپەڕین بەهۆی یەکێ لە حیزبەکانی  دەسەڵاتەوە بوە بە ملیۆنێر. خۆت بخەرە جێی ئەو کوڕە هەرزەکارەی دایکی نەخۆشیی دڵی هەیە و ئەگەر عەمەلیاتەکەی بە خۆڕایی لە نەخۆشخانەی حکومەتدا بکرێت دەبێت ٦ مانگ لە سەرەدا چاوەڕێ بکات و لەوانەیە لەو شەش مانگەدا بمرێ و فریای عەمەلیاتەکە نەکەوێت ، بەڵام ئەگەر  بیست هەزار دۆلاری هەبێت ئەوا دەتوانێ بەو پارەیە لە ماوەی دو هەفتەدا لە  نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت عەمەلیاتەکە بکا و لە مردن ڕزگاری بێت. ئەم نمونانە زادەی خەیاڵ نین و ڕۆژ نیە دەیان چیرۆکی وا نەبیسین و نەبینین.

 
ئیمڕۆ و ئەمێستا مرۆڤی بە شعور و بەویژدان ئەگەر بە هاوسۆزی خۆی بخاتە جێی ئەو نمونانەی سەرەوە کە مشتێکن لە خەرواری پتر لە چەند ملیۆنێک هاوڵاتیی زوڵملێکراو و برسی و بێئیشکراوی ئەم هەرێمە، ئەوا دەبێت بە ڕەوا و دروست و پێویستی بزانێت کاتێک برسیان و چەوساوان و بێکاران ، هەروەها تێرە  بەویژدان و بەهەستەکان بە شێوەیەکی ناتوندوتیژانە خۆپیشاندان  بکەن ، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات داوای  ڕەسمیی خۆپیشاندانیانی قوبوڵ نەکرد. 

 
زۆربەی بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی لە ڕۆژی ٧ ی ١٢ ی ٢٠٢٠ وە دەستیان پێکردوە هەرزەکار و گەنجن . هەمو  پزیشکێکی دەرونیی وەک من دەزانێت کە  لە هەر سەد خۆ پیشاندەری ئاوا هەرزەکار و لاو و مێرمنداڵ پێنج شەشێکیان پڕوزە و کەف و کوڵن و بڕێک بە توندوتیژیی زمانی و یا تەنانەت توندوتیژیی جەستەیی  داواکانیان و ئەوەی لە دڵ و دەرونیان پەنگخیواردۆتەوە دەردەبڕن، لە دۆخێکی ئاوادا ئەوە ئەرکی ئاسایش و پۆلیسە ئەم جۆرە کەسە توندانە هێور و ئارام بکەنەوە نەک لولەی تفەنگەکانیان تێبکەن و ئەوەندەی تر بیانهوروژێنن و ڕقیان هەڵبسێنن، ئەمە یەکێکە لە هۆ گرنگەکانی هەڵمەتبردنی خۆپیشاندەران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و دەسگا حکومەتیەکان. بۆیە من بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانم کە دەسەڵاتی کوردی کەسانی چەکدار دەنێرێتە سەر جادە بۆ بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا ڕەوا و دروست و ناتوندوتیژ و ئاشتیخوازن. دەبێت کەسانێک بنێردرێن بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ خۆپیشاندەران کە ئاستێکی ڕۆشنبیریان هەبێت و پێشتر خولی ڕاهێنانی تایبەت بەم بابەتەیان کردبێت و لە دارێک زیاتر بۆ بەرگری لەخۆیان هیچ چەکێکی تریان پێ نەبێت. ناشرینترین دیمەن ئەوەیە کە چەکدارێکی حکومەتی هەرێم پەنجە لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژ و بێچەک ڕاوەستاوە ، وەک ئەوەی لە سەنگەر دا بێت بەرامبەر داعش!

 

09/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر