پاش هه‌ر قه‌یرانێك له هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك پرسیاری بێ وه‌ڵام سه‌رده‌ردێنن، ده‌ڵێم بێ وه‌ڵام، چونكه به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌ك شرۆڤه‌كار و چاودێری سیاسی و ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تییه حزبیه‌كانیش قسه ئه‌كه‌ن، دوور و نزیك ناچنه‌وه سه‌ر هۆكاری كێشه سه‌ره‌كییه‌كان، كه نه‌ك ته‌نیا به‌رۆكی حزبێكی دیاریكراو، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و حزبه‌كانی كوردستان و كایه‌كانی نێوان ئه‌وان و هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی جیاجیا ده‌گرێته‌وه. كێشه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان باڵه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، كێشه‌یه‌كی نوێ و له‌ناكاو نه‌بووه و ته‌نها كێشه‌ی یه‌كێتیش نیه وه‌ك حزب، به‌ڵكو كێشه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری حزبه‌كانی كوردستانه، به‌گه‌وره و بچوكیانه‌وه و له‌وانیشه‌وه شۆڕبۆته‌وه بۆ بیر و هۆش و هزری كۆمه‌ڵگا.
ڕاگه‌یه‌نراوی باڵی جێگرانی سكرتێری گشتی، كاردانه‌وه‌یه‌كی دره‌نگ وه‌ختبوو. بۆ داگرتنی ئه‌و باره قورسه‌ی سه‌رشانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و مێژووه به‌دبه‌خته‌كه‌ی كورد، كه پڕه له نادادپه‌روه‌ری و ناڕوونی و پیلانگێڕی و پاشقوڵگرتن له یه‌كتر، لێوانلێویشه له له‌خۆباییبوون و گوێنه‌گرتن له ڕه‌خنه و بۆچوونی جیاوازی كادیران و خه‌ڵكی دڵسۆزی حزب.
وه‌ڵامی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیش، دیسانه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه ئه‌و برایانه دوورن له شیكردنه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌ی كێشه‌كان و نایانه‌وێ ده‌ست بخه‌نه سه‌ر برینه قوڵه‌كان، كه ئه‌ویش بێباكی و دووركه‌وتنه‌وه‌یانه له گیانی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و پشتگوێ خستنی به‌رنامه و ئامانجه سه‌ره‌تاییه‌كانی حزب و له‌بیركردنی شه‌هید و قوربانیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ره فراوانه‌كه‌یان.
گه‌ر كێشه‌ی كورد و یه‌كێتی زاراوه‌ی هه‌ڤاڵ بێت له جیاتی جه‌ناب و ناو و پۆستی سكرتێری گشتی، كه ته‌نیا ده‌بێ بۆ مام جه‌لال ڕه‌وابێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌ڵێم ناهه‌قی و زوڵمێكی گه‌وره ئه‌كه‌ن له خودی ئه‌و كاریزما گه‌وره‌یه‌ی كورد و عێراق و ناوچه‌كه، به‌هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌شه‌وه، كه به‌درێژای خه‌باتی سیاسی خۆی ئاڕاسته‌ی كراوه.
ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و تێڕوانینانه، لاسایی بیركردنه‌وه‌ی پارتییه بۆ كورسیه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، كه ده‌بێت هه‌ربۆ مه‌سعود بارزانی بێت، گه‌ر ماوه‌ی یاساییشی به‌سه‌رچووبێت! ئه‌و ده‌وروبه‌ره نزیكه پێی وانییه به‌جێهێشتنی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی كورسی و پۆست شكۆ و گه‌وره‌یی ببه‌خشێت به خاوه‌نه‌كه‌ی، به‌ڵكو پێیانوایه بادانی قۆڵی ئه‌وانیتر و یاسا شكێنی و عینادیی سیاسی گه‌وره‌یی به كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌به‌خشێ و ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیشیان درێژتر ئه‌كات.
پێغه‌مبه‌ران هاتنه دنیا و ماڵئاواییانكرد، دیكتاتۆر و شه‌ڕخوازان، سه‌ركرده و زانایان و گه‌روه بیرمه‌ند و ریفۆرمخوازان ڕۆڵی خۆیان بینی و دنیایان به‌جێهێشت، ئه‌وه‌ی له دوایان به‌جێما، كرده‌وه باش و خراپه‌كانیانه و به‌هۆیانه‌وه له دوو ده‌رگای جیای مرۆڤایه‌تیشه‌وه چونه‌ته مێژووه‌وه.
نه گاندی و نه ماندێلا و نه زۆری تر له پیاوچاكان، به‌هۆی مانه‌وه له پۆسته‌كانیان، له ده‌رگا زێڕینه‌كان نه‌چوونه مێژووه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه كرده‌وه و ڕه‌فتاره جوانه‌كانیان بوو، كه ئه‌و نه‌مریه‌ی پێ به‌خشین.
بۆیه، هه‌ر حزبێك پێی وابێت كه ته‌نیا یه‌ك كه‌س شایه‌نی سه‌رۆكایه‌تیه، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و جۆره حزب و سه‌رۆكانه خزمه‌تی حزب و گه‌له‌كه‌یان نه‌كردوه و حزبێكی دروستیشیان له‌دوای خۆیان جێنه‌هێشتوه، ئه‌مڕۆبێ یان سبه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كانیان ده‌ته‌قنه‌وه.
كێشه و گرفتی گه‌و‌ره‌ی حزب و كۆمه‌ڵگاكه‌مان، خۆی له نه‌بوونی ڕاده‌ی كه‌میی دادپه‌روه‌ری ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ش له ڕێی پره‌نسیپ و یاساوه په‌ره‌ی پێ ئه‌درێ و ڕۆئه‌چێته ناخی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه، كه ئه‌وه‌ش لاوازبوو ئه‌وا نه‌سه‌روه‌ت و سامانی وڵات دیار ئه‌مێنێ و نه یاسا سه‌روه‌ر ئه‌بێت و نه‌هیچ كێشه‌یه‌كی حزب و حكومه‌ت و حاڵ و گوزه‌رانی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر ئه‌بێت.
پرسیار له هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌یه، كامیان به‌دوای قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانه‌وه نابن؟ كام باڵ و كام سه‌رۆك هه‌وڵی هێنانه‌پێشی بنه‌ماڵه و خزم و كه‌سوكار و ئه‌ڵقه‌ی نزیكی خۆی نادات له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكه دڵسۆزه‌كه‌ی حزب و هاوڵاتیان؟ كامیان به‌كرده‌وه هه‌وڵی به‌دامه‌زراوه‌كردنی حزب و حكومه‌ت ئه‌دات؟ گه‌ر كه‌سێك یا حزبێكی وا شك ئه‌به‌ن، با هه‌موومان له ده‌وری كۆببینه‌وه و پشتگیری بكه‌ین!