نازانم به‌پێی چ پێوه‌ر و شیركردنهوهیهك باوه‌ڕ به‌خۆم بهێنم كه ئه‌م داوایه‌ی حكومه‌ت یاخود راستتر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كه له‌لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كردیان بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، راچلهكین و بهئاگاهاتنهوهیانه له ئاست هه‌ستیاری بارودۆخه‌كه و تێكچونی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان له هه‌رێمی كوردستان.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه له‌م كات و ساته پڕ نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌دا پێیان وایه گه‌ر بانگه‌وازێكی له‌و شێوه‌یه رابگه‌یه‌نن ئه‌وا ئیتر باری سه‌رشانیان و ناڕه‌زایی هاوڵاتیان سوكتر ده‌بێت و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش وه‌ك جوجكی تازه هه‌ڵهاتو كێبڕكێیان ده‌بێت بۆ چونه ژیار باڵی دایكیان و چاوه‌ڕێی قرته‌قرتی لێ ده‌كه‌ن.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه پاش ماندوبون و بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئیتر ده‌بێت زانیاری و داتا و ژماره ئاشكرا بكه‌ن و بیده‌ن به لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌ڵام ئاخۆ ده‌یانه‌وێ زانیاری و ژماره‌ی كام ساڵ و كام مانگ و كام رۆژ ئاشكرا بكه‌ن و بۆچی پێشتر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و یاسایی ئه‌م زانیارییانه‌یان بڵاونه‌كردۆته‌وه كێ رێگر بووه له ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره ئاساییه؟ ئایا بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و رونی له داهاته‌كانی هه‌رێم پێویستی به كۆبونه‌وه‌ی لاینه سیاسییه‌كانه؟ ئایا ئه‌مه كاری خودی حكومه‌ت و داموده‌زگا چاودێری و یاساییه‌كانی نییه؟!
وه‌زیرێكی به‌ڕێزی پارتی پێی وایه كه ته‌نها پارتی ئاگاداری مه‌له‌فی نه‌وت نییه، به‌ڵكو به‌به‌رده‌وامی جێگره‌كانی سه‌رۆكی كابینه‌كانی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌رێم هه‌مویان یه‌كێتی بوون و ئه‌وانیش ئاگادار و به‌رپرسن! پرسیار لێره ئه‌وه‌یه ئایا پرسی مه‌له‌فی نه‌وت كه پرسی قوتی خه‌ڵكه پرسی ته‌نها لایه‌نێك یان دوو لایه‌نی سیاسی و پرسێكی نیشتمانی نییه؟ كێ ئه‌و مافه‌ی به‌م لایه‌نه سیاسیانهداوه كه پرسیێكی ئاوا هه‌ستیار و چاره‌نوسساز به‌و شێوه تاریكه دیزه بهردهخۆنه بكه‌ن؟!
كه‌ی ره‌وایه جه‌نابی وه‌زیر دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریكه دز بۆته مایه‌ی ئه‌ستۆپاكی حزب و حكومه‌ته‌كه‌تان! ئه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان كه خاوه‌نی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ن، ئه‌ی ژێرخانی ئابوری هه‌رێم، ئه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌كوێی ئه‌م پرسه‌ن؟ له‌كاتێكدا پارتی تاك لایه‌نانه په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردی به‌و شێوه‌یه له‌كه‌دار و رسوا ده‌كات و هه‌موو هاوڵاتیانی ده‌خاته خراپترین دۆخ و قه‌یرانه‌وه، ئا له‌وكاته‌دا باس له كۆبونه‌وه و بیروڕاگۆڕینه‌وه ده‌كات و گاڵته به عه‌قڵ و هه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات، عه‌قڵێكی له‌و شێوه‌یه زۆر دوره له هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر.
پێم وانییه هیچ عاقڵێك نه‌زانێت كه ناشه‌فافی و ناعه‌داله‌تی و په‌كخستنی دام و ده‌زگا شه‌رعییه‌كان، گیرفانی ده‌سه‌ڵاتداران و حزبه‌كانیان به‌رینتر و قه‌ڵه‌وتر ده‌كات. هه‌ر بۆیه ئاسایی بونه‌وه‌ی بارودۆخ و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و رونی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی لهقازانجیان نابێت و تابۆیان بكرێت درێژه به‌م بارودۆخه خوازراوه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن و دیسانه‌وه ده‌ڵێم لای ده‌سه‌ڵاتداران جارێ زۆر زووه بۆ چاره‌سه‌ر.
ئه‌و زۆردارانه پاره و ده‌ستكه‌وته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك مه‌ستی كردوون بیر له ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایی هاوڵاتیان ناكه‌ن و مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كانیش به هه‌ند وه‌رناگرن و بایه‌خی پێ ناده‌ن.
كاتێكیش كار له كار ده‌ترازێت سنوری ده‌ربه‌ده‌ریی وڵاتانی دراوسێمان بۆ ئاوه‌ڵا ده‌بێت و جامانه‌و جبهخانهكانمان لێ ده‌بێت به ته‌وق و بیانوو به‌هانه‌ی ئاشبهتاڵهكانمان دوباره ده‌كه‌ینه‌وه و دهرسو عیبره‌تیش له‌مێژوو وه‌رناگرین!