پێش رەخنەو سەرنجەكانم دەبێ دەستخۆشی لە رێكخەرانی دیدارەكەی یەكگرتو بۆ مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدینو كۆمەڵێك رۆژنامەنوسو رۆشنبیر بكەم، كە بەلای هەموانەوە هەنگاوێكی باشو نوێ بو و ئەم جۆرە دیدارانە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە راستییەكانو مەودای بیركردنەوەو هەڵوەستەكردنیشمان فراوانتر دەكەن. موراجەعەی روداوەكانی رابردو و قسەكردن لەسەریان بێ سود نین، چونكە هەر هیچ نەبێت تەڵخی وێنەكەمان بۆ رونتر دەكاتەوەو تێدەگەین كە كەسایەتییە سیاسییەكانو حزبەكانیان چۆن بیردەكەنەوەو دەكرێ لەمەودای دورو نزیكدا، چییان لێ چاوەڕوان بكرێت! بۆ ئەوەی راشكاوانەو راستگۆیانە قسەكانم بكەم، دەبێت ئەوە بڵێم كە ئەو دیدارەم لە پرسیارەكەی ئاسۆس هەردییەوە بینی هەتا كۆتایی.
تێبینی ئەوەم نەكرد لە هەمو ئەو پرسیارانەی كە ئاڕاستەی مامۆستا كران كەسێك رازی بێت لە قسەكانی مامۆستا یاخود لە هەڵوێستی یەكگرتو بەرامبەر روداوەكانی پەكخستنی پەرلەمانو بارودۆخی كوردستان، ئەمەش ئەوە دەردەخا كە ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان بەرامبەر هەڵوێستەكانی ئەو حزبە هەیە، كە دیارە ئەمەش تەنها لای خەڵكو ئەو رۆشنبیرانە نییە، بەڵكو ئەمە یەكگرتوشی كردوە بە دوبەش، هەرچۆن یەكێتیشی لەسەر ئاستی سەركردایەتی نەك جەماوەرەكەی كردوە بەدو بەش، بەڵام جیاوازییەكەیان لەوەدایە كە خەڵك تێدەگا بۆچی سەركردایەتی یەكێتی بونەتە دو بەش، بەڵام لەوە تێناگەن بۆچی دەبێت یەكگرتو كە پێشتر ئۆپۆزسیۆنو خاوەن پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو بەرەی چوارقۆڵی بو ئێستا باس لە واقعی كوردستانو ئەمری واقیعو (انصر اخاك ڤالما او مڤلوما) دەكات. باشە خۆ ئەگەر مەسەلە براو برایەتییە؛ خۆ دەبێت بۆ كۆمەڵی ئیسلامیو بزوتنەوەو گۆڕانیش حسابی برایان بۆ بكەنو هەڵوێستەكانیان لەگەڵ یەكبخەن، خۆ ناشكرێ قسەكەی حەمەی حاجی مەحممود راست بێت كە دەڵێت هەمو شەریكن، واتە شەریكە دزن، دەنا بۆچی لە حكومەت ناكشێنەوە، كە هەم یەكگرتو و هەم لایەنەكانی تریش رەتیان كردەوەو داوای بەڵگەیان كردو پەنایان بۆ یاساو دادگا برد. ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەهەمو شێوەیەك دژی زوڵمو ستەمە، دژی ناعەدالەتیو تەنانەت دژی تەخشانو پەخشانكردنی پارەو سەروەتی تایبەتی مرۆڤەكانیشە، چ جای سەروەتو سامانی گشتی خەڵك كە بە "برای شەیتانەكان" ناویان هاتوە. مامۆستا لەبری ئەوەی ئایەتو فەرمودەكانی خوداو پێغەمبەرو پیاوچاكان بهێنێتەوە بۆ ئیسلاحی لادەرو زاڵمو ستەمكار، هەوڵی ئەوەیدا زاڵمو مەزڵوم بخاتە یەك خانەوەو پێمان بڵێ كە لایەنێك زاڵمی تەواو نییەو لایەنەكەی تریش مەزڵومی تەواونییە، كە ئەمە بۆخی تێكەڵاوكردنی كارتو چەواشەكارییەكی گەورەیە، چونكە مامۆستا خۆی دەڵێت كە خەڵك بەدڵنیاییەوە مەزڵومە، كەوایە خۆ دەبێت زاڵمێكیش هەبێت، خوداو ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش داوامان لێدەكات كە راستییەكان وەكو خۆی بڵێینو بگێڕینەوە.
بەندە وەك هاوڵاتییەك گەر بمەوێت تەنها بە قسەی مامۆستا بكەم؛ دەبێت بگەمە ئەو ئەنجامەی كە هەمو لایەنەكان زاڵمو خراپن، بە دەرەجەی جیاجیا. هەموشمان وا باشترە كە رازی بین بە ئەمری واقیعو ملكەچی بین، چونكە رێگای ترمان نییەو دەگەینە براكوژیو شەڕو ماڵوێرانی، دوریش نییە بگەینە ئەو باوەڕەی كە ئۆپۆزسیۆنی جاران بەپلەی یەك زەرەری گەورە دەكەن، چونكە كۆمپانیاكانی نەوتو كۆمپانیا حزبییەكانیانو ملیارەكانیان مایەپوچ دەبنو ئەزمونەكەشمانو دەسەڵاتەكەشمان شكست دەخواتو بەرەو دیكتاتۆریەتو قۆرخكاری تاكلایەنانە جێپێكانی قایم دەكات.
پاش روداوەكانی 17ی شوبات لە بەغدا دكتۆر مەحمود عوسمان وتی: بە كاك مەسعودم وتوە بۆچی وا ئەكەن ؟ كوردستان بەرەو كوێ دەبەن ؟ نەوشیروان چ زەرەرێك دەكات ؟ ئەو خۆیو قەمصەڵە شڕەكەیەتی، چی هەیە بیدۆڕێنێ، بەڵام ئێوە خاوەنی ئەم هەمو كۆمپانیاو نازو نیعەمەتەن بۆ لەدەستخۆتانی دەدەن ؟ رۆژگار هاتو رۆژگار رۆی نە نەوشیروان دەستی برد بۆ چەكو نە پارتیش وازی لە شەڕانگێزیو پاوانخوازی هێناو ئەو خەمخۆریو دڵسۆزییەی لای خەڵك هەیە بۆ نیشتمانەكەی، پارتی وەك خاڵی لاواز دژی لایەنە سیاسییەكانی تر بەكاری دەهێنێتو تیاشیدا هەتا ئەمڕۆ سەركەوتو بوە.
مامۆستا لە بۆچونەكانیدا موەفەق نەبو، چونكە هەر خودی ئیسلام پێمان دەڵێو هانمان دەدات " من رأی منكم منكرا فلیغیره بیده، فإن لم یستگع فبلسانه، فإن لم یستگع فبقلبه، وژلك أچعف الإیمان"، هەروەها دەفەرموێت؛ "الساكت عن الحق شیگان أخرس". واتە ئەوەی راستی نەڵێت، ئەوە شەیتانێكی لاڵە. ئەمە جگە لە دەیانو سەدان ئایەتو فەرمودەی تر كە هەموی جەخت لە هەمان مەبەستی سەرەوە دەكاتەوەو دڵنیام مامۆستا هەموی لەبەرەو لە هەموان باشتر دەتوانێ بەكاریان بهێنێو بیانخاتە رستەو باسەكانییەوە.
پێموایە ئەو سیاسەتەی بەشێكی سەركردایەتی یەكێتیو بەشێكی یەكگرتو بەرامبەر پارتی گرتویانەتەبەر پشتگیرییەكی ژێربەژێرە لەو زوڵمو ستەمەی لە خەڵكو لە دیموكراسیو لەبەهاكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێو بەهیچ شێوەیەكیش خزمەت بە ئاشتەواییو سەقامگیری نیشتمانیو دادی كۆمەڵایەتی ناكاتو درێژە بە ئازارو مەینەتییەكانی كۆمەڵگاكەمان دەداتو پێ بزانن یان نەزانن ستەمكار بێ باكو چەقاوەسوتر دەكەن.