پەیوەندییە تەلەفونیەکەی بایدن و کازمی

بورهان شێخ رٶوف
لە وتاری ھەفتەی پێشووم ئاماژەم بەوە دابوو کە تا ئێستا سەرۆکی نوێی ئەمریکا جۆزیف بایدن بە ھیچ کلۆجێک باسی عێراقی نەکردووە لە وتارو لێدوانەکانیدا ، ھەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە گۆڕپانێکی کراوەی ململانێی درێژخایەنی ئەمریکاو ئێران بووە ، بۆیە ئەم حاڵەتە بووبووە مایەی ڕەخنەو گلەیی و گازندەی زۆر لە ڕووی ناوخۆیی و دەرەوەش ، کە لێکدانەوەی زۆری ھەڵدەگرت.

شەوی ٢٤/٢/ ٢٠٢١ شەوێکی گرنگ بوو بۆ عێراق و کازمی ، چونکە سەرۆکی نوێی ئەمریکا بایدن یەکەم پەیوەندی تەلەفونی لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیش لەگەڵ کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا ، ھەروەکو کازمی لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر ڕایگەیاندووە  ( لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا لە گەڵ سەرۆکی ئەمریکا جوزیف بایدن باسی پێشخستنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا و بەھێزکردنی ھاوبەشی بۆ خزمەت کردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات و کارکردن بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەردەوامبوونی ھاریکاری بۆ بەگژاچوونەوەی داعش ،ھەروەھا پێداگیریمان کردەوە لەسەر درێژەدان بە دیالۆگی ئیستراتیجی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا لەسەربنەمای سەروەری نیشتمانی عێراقی).

پێگەی عێراق بۆ ئەمریکا گرنگە ھەر ئەوەش وایکرد سەرۆک بایدن لە جیھانی عەرەبیدا کە زۆریان بە تەمای ئەوە بوون پەیوەندییان پێوە بکرێت ، عێراقی ھەڵبژارد چونکە عێراق ھاوبەشێکی گرنگی شەڕی تیرۆر و داعش بوو لە گەڵ ئەمریکا ، سەرباری ئەوەی  عێراق گیرۆدەی کێشەگەلێکی خوڵقێنراو ی ناوخۆیی و دەرکیشە ، بەڵام ھێشتا لە سەرەتای ڕێگەیەکی سەختی بەرەو دیموکراتیزە بوون و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەستەڵاتە.

لەوەش گرنگتر پەیوەندییەکەی بایدن بە کازمیەوە لەوەناچێت پەیوەندییەکی ئاسایی و سەرپێی و ڕێکەوت بێت ،  بە قەد ئەوەی کە حسابی وردی بۆکراوە ، بەڵکو دەخوازێت لەیەک کاتدا مەسجگەلێکی ڕوون و ڕاشکاو بگەینێت لەوانە:-
١. بەردەوامی ھاریکاری ئەمریکا بۆ عێراق .
٢. ئارەزووی تەواوی ئەمریکا  بۆ کۆمەکردنی عێراق بۆ تێپەڕاندنی زۆرێک لە کێشە ھەنووکەییەکانی .
٣. داننان بە ڕۆڵی میحوەری عێراق .
٤. متمانەدانی بایدن بە کازمی و تیمەکەی و ڕێزگرتن و سەرسامبوونی بە ھەوڵەکانی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و بە تایبەتی ھەوڵەکانی بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی  ھەڵبژاردنێکی ی پێشوەختە بە شێوەیەکی پاک و بێگەردو دوورلە دەستوەردانی دەرەکی و  تاقمو میلیشیا چەکدارەکان کە مسۆگەری سەردەمێکی نوێ لە عێراق بکات کە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دڵخۆش بکات .

کازمی لە ئایاری ٢٠٢٠ متمانەی پێ بەخشرا لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو حکومەتێکی ڕاگوزەر بۆ ئەوەی زەمینەسازی بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد بە یاسایەکی ھەڵبژاردنی نوێ , بەگژاچوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس و نوێکردنەوەی سیستمی تەندروستی ، چاکسازی لە ھێزەکانی ئاسایش و سنوردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە، چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای بوودجە ، پاراستنی مافی ئازادی خۆپیشاندان و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی، ھاوسەنگکردنی پەیوەندییە دەرەکیەکانی عێراق ، سەربەخۆبوونی دادگاکان و سزادانی تاوانباران ، بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و داننانی سنورێک بۆ بە فیڕۆدانی سامانی گشتی عێراق .
ئیستا لە دوای نۆ مانگ لە دەستبەکاربوونی  ئەگەر ئاوڕێک لە کارەکانی حکومەتەکەی کازمی بدەینەوە بە خێرایی دەکرێت بزانین لەو ئامانجانەی کە دانرابوو بۆ حکومەتەکەی چەندی جێبەجێ کراوە ؟

ھەرچەندە کازمی کۆت و بەند و لەمپەری  گەورەی بۆدروستکرا بوو  لە لایەن ناوەندە دەستەڵاتدارەکانی عێراق کە خۆی لە میلیشیاتی چەکدارو تاقم و دەستەی مافیای گەندەڵەوە  دەبینێتەوە ،  جگە لە وڵاتانی ئیقلیمیش ، بەڵام لە ھەندێک سیکتەردا سەرکەوتنی بەدەستھێناوە ئەگەر کەمیش بێت لەوانە :-

١. ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر ھەنگاویش نراوە ، ئازادکردنی ٤٧% لە گیراوانی سیاسی خۆپیشاندانەکان .
٢. ڕاھێنانی ھێزە کانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی ھێمنانە لە گەڵ خۆپیشاندەران .
٣. دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی لەگەڵ خۆپیشاندەران لە ھەموو پارێزگاندا لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی .
٤. گفتوگۆی ئیستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا بۆ چۆنیەتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
٥. سیاسەتی ھاوسەنگی و میانڕەوی و  کرانەوە  لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی سعودیە و کردنەوەی خاڵە سنووری عەرعەر و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئوردن و تورکیا .

28/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر