لە نەبوونی پزیشکی دەروونی, تراژیدیا دەخولقێت

بڵێسە جەبار فەرمان

هەموو سۆشیال میدیا و میدیاکان باس لە تراژیدیای مەرگی بڕیار ئەکەن. هەموو وێنەی بڕیاریان لە واڵەکانیان داناوە و هەیە باس لە ژانی جەرگ سوتان دەکات, هەیە باسی وەفا و خۆشەویستی منداڵێک بۆ باوکی دەکات, هەیە باس لە ئازار و مەینەتی نەبڕاوەی گەلێک دەکات,
هەیە باس لە لەخۆبوردەیی و فیداکاری گەرمیان دەکات, لەڕاستی دا بێجگە لەمانە دەبێت باس لە نەبوونی پزیشکی دەرونی و چارەسەری دەرونی بکرێت.

گەر دوای شەهید بوونی ئاسۆی باوکی بڕیار, بایەخ بە باری دەرونی ئەو منداڵە بدرایا لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە بێگومان ئەو تراژیدیایە ڕووی نەدەدا.

لە هەموو جیهان دا دوای لەدەست دانی کەسانی نزیک, جێماوەکان لە لایەن دکتۆری دەرونیەوە چاودێری دەکرێن.
ئێستاش دوای تەواو بوونی پرسەی بڕیار, دایکی و براکانی بە ئازارەکانیانەوە تەنها دەمێننەوە و بێ هیچ جۆرە چاودێریەکی دەرونی.
بە وشەی خوا سەبوریت دات و خۆڵ مەیل بڕە لە گەل ژانی لەدەست دانی ئازیزانیان تەنها دەمێننەوە.
خاک هەرگیز مەیل بڕ نیە ئەوە ئێمەین ڕادێین بەو ئازارە. خوا سەبوری نادات, ئەوە ژیانە ناچارت ئەکات بەردەوام بیت.
ڕاستە پزیشکانی نەخۆشخانەی شار هەمیشە لەخۆبوردانە لە خزمەت هاوڵاتیان دان و لە کەیسی بڕیار دا ڕۆڵێکی جوامێرانەیان هەبووە و درێغیان نەکردووە, بەڵام پزیشکی دەرونی بۆ بەجێماوان گرنگە و دەبێت لە لایەن حکومەتەوە بۆ منال و خێزانی شەهیدەکان پزیشکی دەرونی دابین کرێت, تا فێربکرێنەوە ژیان بژین.

26/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر