پێویستە یەكێتی و گۆران ئاگایان لەم یاریەی پارتی بێت
عیماد عەلی
پێش ئەوەی بە چری بچمە نێو ناوەرۆكی باسوخواسەوە، دەبێت هەر لە سەرەتاوە زۆر بە راشكاوی بڵیم، زەرورە كە هەندێك كادری یەكێتیی خاوەن پشتخانی جۆربەجۆر ، بە تەنها لە چاو و هەڵوێست و رەفتاری كۆن و مێژووی نەوشیروان موستافەوە، گۆران بە گشتی نەخوێننەوە و، بە هەمان شێوە هەندێك لە هەڵسوراوانی كورتبینی گۆران، بەتەنها لە چاو ململانێ و ركابەری و رەفتار و هەڵوێست و مێژووی مەلا بەختیارەوە، یەكێتی بە گشتی نەخوێننەوە و، دەبێت هەر لایەكیان لەم كاتە زۆر هەستیار و چارەنوسسازەدا وا تەماشای ئەویتر بكات، كە نە نەوشیروان موستەفا و نەش مەلا بەختیار لە ساحەی سیاسی كوردستان و هەردوو حزبەكەدا هەن و تەنها بەرژەوەندی هەردوولا و گەلی كوردستان بزوێنەریان بێت و فشارە هەمەجۆرەكانیان بەو ئاراستەدا بێت، تاوەكو پێشتر پارتی زەفەریان پێ نەبات .
پاش ئەم هەموو كات كوشتن و مەیلساردی و بێهیواییە، وا لەپاش دواكۆبونەوەی پارتی و یەكێتی، ئەمرۆ پارتی بانگەشەی ئەوە دەكات كە رەنگە گفتوگۆی لایەنەكان بگاتە دەرئەنجامێك، ئەمیش بە پشتبەستن بە جۆرێك لە راوبۆچونی تازەی یەكێتی و نیمچە قایلبونی بە هەندێك بۆچون و، بەوەی كە جۆرە گۆرانكاریەك لە هەڵوێستی لایەنەكان و بە تایبەتی پەیوەندی گۆران و یەكێتی روویداوە و تا رادەیەك بێهودەبونیان لە رێكەوتنی نێوانیان پێوەدیارە و، بەو پێیەی راوبۆچونی تازەی یەكێتی كە لە سۆنگەی كێشە و بێشە نێوخۆییەكانیەوە مامەڵە هەمەجۆرەكانی لەگەڵ گۆران و پارتی رێكدەخات و، تەماشای پرس و كەیسەكان لە چەندین روانگەی جیاجیای پشت بەستو بە بۆچون و عەقڵیەت و پشتخانی سەركردەكان و جۆری روانینی كەسە دەسترۆیشتوەكان بۆ پرس و پەیوەندیەكانی لەگەڵ لایەنەكاندا دەكات و، دیسان بە پێی پەیوەندیە حزبی و شەخسیەكان و لەسەر رێژەی قازانج و زیانی تەسكی شەخسی و ململانێی باڵ و كەسەكان و بە تایبەتی پەیوەندیان لەگەڵ گۆران و پارتیدا، مامەڵەكانیان رێكدەخەن و ریزبەند دەكەن، پارتی زۆر گەشبین بووە و ئەم خۆشنودیەی راگەیاندووە . بۆیە دەبێت یەكێتی و گۆران ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن :
1-دەبێت یەكێتی و گۆران باش بزانن فراوانبونی درزی نێوانیان لە قازانجی مانۆر و بۆچون و یاریەكانی پارتی دەكەوێتەوە و تەنها هەردوولایان بە تایبەتی و گەلی كوردستان بە گشتی زیان دەكەن .
2- مانەوەی رقو كینەی نێوان سەركردەكانی یەكێتی كۆن( واتە یەكێتی و گۆرانی ئێستا و كادرە حازربەدەستەكانیان ) و دوور كەوتنەوەیان لە لێبوردەیی و موكوربون لەسەر دژایەتی شەخسی و حزبی، تەنها لەسەرحسابی بەرژەوەندیە گرنگەكانی یەكێتی و گۆران دەكەوێتەوە و لەدەرئەنجامدا بەزەرەر بۆ گەلی كوردستان بە گشتی دەكەوێتەوە .
3- فرەلێدوانی و هەڵوێستی زۆر و جۆراوجۆری كادران و هەڵسوراوە سەرەرۆكانی یەكێتی وگۆران و لەبەرچاونەگرتنی وەزعی نێوخۆی یەكێتی و گۆران و نەخوێندنەوەی خۆمەڵاسدان وسیاسەتەكانی پارتی، جگە لە دروستكردن و فراوانبونی خاڵی لاوازی هەردولا و دووركەوتنەوەیان لەیەكتر هیچ شتێكی تری لێ سەوزنابێت و جگە لە هەردوولا هیچ لایەك زیان ناكات .
4- زۆر پێویستە و بە تایبەتی لەم كاتەدا، سەركردایەتی هەردوو لایەن بە بیروعەقڵێكی ستراتیجیانەی یەكجار زیرەكانەوە بیربكەنەوە و رەفتار و مامەڵە بكەن و خۆ بەدوور بگرن لە رهەڵویشت و قسە و بۆچونی كرچ و كاڵی خەڵكانێك كە واقیع وەك خۆی ناخوێننەوە و بەرووكەشانە لە پرسەكان دەروانن و یاریە هەمەجۆرەكانی لایەنە نێوخۆیی و دەرەكیەكانیان پشتگوێ خستوە( بە تایبەتی سیاسەتی پارتی لە پەرتكەوزاڵبە و ئامۆژگاریەكانی توركیا و ئێران لەمەر پرسە نێوخۆییەكانی كوردستان ) بە روونی نابینن و نازانن هەڵوێستی یەكانگیری پارتی لەگەڵ هەرلایەكیاندا بێت قازانجەكەی كاتیە و، ئەگەر لە زەرەری كاتی لایەكەیتر بێت، لە زەرەری دوور مەودای هەردولایاندایە و، ەر درزخستنە نێوانیان بە تەكتیك و مانۆری پارتی و دوور خستنەوەیان لە رێككەوتنەكەی نێوانیان بۆ دواجار بە پاشكۆیەتی هەردولایان بۆ پارتی دەكەوێتەوە . پێویستە هەردوولا بە وردی سیاسەتی خۆیان و پارتی لێكبدەنەوە و دوور بن لە قسەی نەستەق و باق و بریق و هەڵخەڵەتێنەری پارتی بۆ ئەم قۆناغە و، خۆیان لە مەلەزاتەكان و دەمچەوركردنە هەمە چەشنەكان بە دوور بگرن .
ئەوەی روونە بۆ هەردوولایان تاقیكرایەوە، كە پارتی تاوەكو سنوری بەرژەوەندیەكانی خۆی لە گەڵ هەر لایەكیانە كە رێككەوتنی لەگەڵ بكات و پەیوەندی باش بێت لەگەڵیدا، ئەمە هەم لە رێكەوتنە ستراتیجیەكەی لەگەڵ یەكێتیدا و هەمیش لە رێكەوتنەكەی لەگەڵ گۆراندا بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم دەركەوت . وا ئێستا دیسان پارتی خەریكە ئەو یاریە لەگەڵ یەكێتیدا دووبارە دەكاتەوە . دەبێت یەكێتی بە تایبەتی لەم بارەوە وریا بێت و مێژووی باش لەبیر بێت و ئەوەش بزانێت پارتی نیازی ئەوەیە هەر جارە یەكێك لەم دوولایەنە لە بەرامبەر ئەویتر بەكار بێنێت . زۆر پێویستە دەرس و پەندیان وەرگرتبێت و هیچ لایەكیان نەیەكێتی و نەش گۆران، بە تەنها لە گفتوگۆكان بێ یەكتری هیچ هەنگاوێك نەنێن .
بۆیە بە باشی دەزانم بڵێم، لەم كاتەدا و پاش ساردبونەوەی نارەزایەتیەكانی خەڵك و بێهودەیی و درێژبونەوەی چاوروانی و زاڵبونی مەیلساردی، پارتی دەیەوێت بەم هەلقۆستنەوەیە مەرامەكانی بسەپێنێت و لەم بەینەدا یەكێتی دیسان لە خشتەبەرێت و دووری بخاتەوە لە گۆران . بۆیە زۆر پێویستە لەسەر یەكێتی و گۆران بەرژەوەندی تەسكی سەركردەیەك یان كادرێك یان هەڵسوراوێكی تازەپێگەیشتو فەرامۆش بكەن و نەهێڵن هەڵوێستی ئەم و ئەو زاڵ بێت بەسەرستراتیجی بیر و عەقڵباندا .
14/01/2017
وتارەکانی تری نوسەر