ئایا رێككه‌وتنی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه له قازانجی رۆژئاوای كوردستانه؟
عیماد عەلی
بەشی یەکەم..
ده‌كرێت له رووی هاوكێشه ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌كانوه، له دوو دیدگاوه ته‌ماشای ئه‌م جۆره رێككه‌وتنانه و به تایبه‌تی ئه‌مه‌ی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه بكرێت و شیبكرێته‌وه. یه‌كه‌م؛ هاوكیشه‌كانی په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌م پرسه له ناوچه‌كه به گشتی و، دووه‌میش؛ له رووی نێوخۆی خودی كوردستانی رۆژئاوا‌و په‌یوه‌نده‌یه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كانیه‌وه له لایه‌ك و له‌گه‌ڵ كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له لایه‌كی دیكه‌وه.
پێش هه‌موو شتێك هه‌ر رێكارێكی گه‌وره یان بچوك و هه‌ر هه‌نگاوێك به‌تایبه‌تی سیاسی بێت له كوردستانی رۆژئاوا بنرێت و به‌و مه‌رجه‌ی دوور بێت له بۆچون و دید و كاریگه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی توركیا، خۆی له‌خۆیدا و له‌ده‌رئه‌نجامدا له رووی دوارۆژی گه‌لی كوردستان به‌گشتی و به تایبه‌تی له رووی ستراتیجیه‌تی به‌دیهێنلنی ئامانجه‌كانیه‌وه قازانج به‌خشه. ئه‌وا ئه‌گه‌ر زلهێزه‌كانیش ده‌ستیان تیدا بێت و به‌دوور له هه‌ماهه‌نگی و ده‌ستوه‌ردانی توركیا بێت و به هه‌ماهه‌نگی و سه‌رپه‌رشتی وڵاته وڵاتانی وه‌كو ئه‌مریكا و به تایبه‌تی فه‌ڕه‌نساش بێت كه یه‌كتربڕێك له ئامانج و سیاسه‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا له ناوچه‌كه له‌ئارادایه، جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت.
دیسان له رووی بارودۆخه نێوخۆییه‌كه‌ی كوردستانی رۆژئاوا، ده‌كرێت له دوو دیدگایوه ته‌ماشای ئه‌م رێككه‌وتنه بكرێت، كه لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنیش له‌خۆ دگرێت.
ئه‌گه‌ر له ئه‌زمونی كوردستانی باشوور وردبینه‌وه و ناكۆكیه نێوخۆییه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و مه‌رحوم مه‌لاموسته‌فا له شه‌ست و چواره‌وه، كاریگه‌ریی لێكه‌وته خه‌ته‌رناكه‌كانی له‌سه‌ر ئامانج و ژیانی گه‌لی كوردستان به روونی دیاره و، ئه‌زمونێكی یه‌كجار تاڵ و نه‌هامه‌تی و قوڕبه‌سه‌ری و زیانی گه‌وره هێنه‌ر بووه بۆ میله‌ت و بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه گه‌وره‌كه و، درێژ بوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی پارتی و یه‌كێتی و لێكه‌وته له‌مێژینه و نوێكانی كه كاریگه‌ری سه‌لبی یه‌كجار گه‌وره‌ی بۆ كورد نه‌ك له كوردستانی باشوور به ته‌نیا به‌ڵكو بۆ كوردستانی گه‌وره به گشتی هه‌بووه و، و جگه له دووبه‌ره‌كی و ماڵوێرانی و زیان بۆ ره‌وتی تێكۆشان و هه‌وڵی كورد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی هیچی به‌دواوه نه‌بووه.
له روانگه‌ی ئه‌و دیدگایه‌وه ته‌ماشای وه‌زعی كوردستانی رۆژئاوا‌و و ململانێی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه به پێی ناكۆكی هه‌مه‌جۆری نێوان خۆیان له لایه‌كه‌وه و له لایه‌كی تره‌وه بوونی هه‌وڵی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی ئه‌وانه‌ی له پشت ئه‌نه‌كه‌سه‌ن له لایه‌كه‌وه و ئه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانی ستراتیجی ته‌ڤده‌من له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌گه‌ر بارودۆخ و دوارۆژی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی كوردستانی رۆژئاوا بخوێنینه‌وه ئه‌وا له زۆر لاوه به یه‌كجاری ره‌شبین ده‌بین و ترسه گه‌وره‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌زمونی یه‌كێتی وپارتی و فیفتی به فیفتی له‌وێش دووباره بێته‌وه، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م كێشه له‌به‌رچاو نه‌گیرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نێوخۆیی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له نه‌كرێت.
ئه‌گه‌ر توركیا به‌م شێوه‌یه‌ی تێدایه بۆی نه‌كرێت نارازیبونه‌كه‌ی وا بكات رێگری له‌م رێككه‌وتنه بگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا له‌م كاره به‌شدارن و خه‌ڵكی تریش ته‌مویلی هه‌نگاوه‌كان ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی ئه‌م ره‌وشه تازه‌یه‌ی به دوارۆژی سوریاوه ده‌بێت و هاوكێشه‌كان گۆڕانكاری له‌به‌رچاوی به‌سه‌ردا دێت( بێگومان له لایه‌كه‌وه پارتی و توركیا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له لایه‌نگیری ئه‌نه‌كه‌سه و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌یان بۆ سه‌ر ئه‌رزی كوردستانی رۆژئاوا قسوری ناكه‌ن و له لایه‌كی دیكه‌وه یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو هه‌وڵێكیان به‌پێی توانای خۆیان بۆ پشتگیری ته‌ڤده‌م ناوه‌ستێنن) و ئه‌مه‌ش واده‌كات دوو بۆچون و دیدگای جیاواز خۆی فه‌رز بكات و ته‌نانه‌ت ده‌كرێت دوو میحوه‌ری نێوخۆیی ئاشكرا به پێی ره‌وشی سیاسی وئیداری و كۆمه‌ڵایه‌تیش دروست بێت و له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ش ره‌نگ بداته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات له روانگه‌ی دوورمه‌ودای پرسه‌كه‌وه زیانی ئه‌م رێككه‌وتنه له‌قازانجی زۆرتر بێت.
به‌ڵام كه‌س نیه له تاكی كۆمه‌ڵگه مه‌یلی له یه‌كێتی و یه‌كبوون و یه‌كگرتوویی هه‌ڵویست و دیدبۆچونی كورد نه‌بێت له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا بێت، ئه‌وه‌ی خوازراوه و ئامانجی خه‌ڵكی دلسۆزی پرسی گه‌لی كوردستانه له هه‌ر شوینێك بێت یه‌كێتی پێكهاته و دیدوبۆچون وهه‌ڵوێسته له‌مه‌ڕ سه‌رجه‌م پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به‌ڵام پرسیاره‌كه له‌وێدایه، ئایا ئه‌وه‌ی تا ئێستا له رۆژئاوای كوردستان هه‌یه له‌و روحیه‌ته شۆرشگێری و ته‌باییه له‌ق نابێت و بارودۆخه‌كه ئاڵۆزتر نابێته‌وه؟ بێگومان زۆر سه‌خته به بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان واقیعه‌كه به یه‌ك ئاراسته‌دا بخوێنیته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێدایه كه گومان له به‌رده‌وامی یه‌كڕیزی و یه‌كێتیی هه‌ڵوێستی سیاسی و بۆچونه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌مه‌ڕ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی داهاتوو ده‌كرێت.
بەشی دووەم..
ئه‌وه‌ی زانراوه هه‌ردوو لایه‌ن ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه گه‌یشتونه‌ته لێكتێگه‌یشتنێكی مه‌بده‌ئی له‌سه‌ر پێنج خاڵی سه‌ره‌كی یان وردتر بڵێین دیدی سیاسی هاوبه‌ش، به‌ڵام چه‌ندین خاڵی قورسیان دواخستووه و، وه‌كو ده‌شڵێن شه‌یتان له دووتوێی درێژدادڕی و پانتایی فراوانی گفتوگۆی كێشه‌كاندایه.
له‌و دیده هاوبه‌شه باسكراوانه‌ی كه گه‌یشتون به لێكتێگه‌یشتن له‌و باره‌وه، ئه‌وه‌یه؛ سوریا خاوه‌نی شكۆ و سه‌روه‌ریه و ده‌وڵه‌ت سیستمی فیدڕاڵی به‌رجه‌سته بكات كه مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تێدا مه‌یسه‌ر بێت و، كورد به نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن یه‌كه‌یه‌كی جوگرافی سیاسی كامڵ له چاره‌سه‌ركردنی پرسه نه‌ته‌وه‌كه‌یدا دابنرێت و، به پێی په‌یمان و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ستووری داهاتووی وڵاته‌كه دان به مافه نه‌ته‌وه‌ییه شه‌رعیه‌كانی كورد داده‌بێت و بۆگه‌ڕاوه‌یه‌ك ( مه‌رجه‌عیه‌ت)ێكی كوردی پیكده‌هێنرێت كه نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م حزب و ره‌وته سیاسپه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له سوریا بكات و له‌كۆبونه‌وه‌كانی داهاتوودا رێكبكه‌ون له‌سه‌ر پێكهێنانی وه‌فدێكی هاوبه‌ش بۆ به‌شداریكردن له كۆر و كۆبونه‌وه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌رباره‌ی قه‌یرانی سوریا له جیهاندا ده‌كرێت و یه‌ك دید و هه‌ڵوێست بن له‌مه‌ڕ رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و وڵاته.
دیاره له‌م باره‌وه نوێنه‌ری ئه‌مریكا چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی پێ كردوون و تا ڕاده‌یه‌ك وا ده‌ركه‌وتووه كه به‌خۆی سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌كانی كردووه و فشاریشی هه‌بووه و دواتر فه‌ره‌نساش هاتۆته سه‌رخه‌ت و ئه‌ویش چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی هاوبه‌شی پێكردوون و رۆڵی ئه‌رێنی باشی هه‌بووه له گفتوگۆكانیاندا. زۆر خاڵی تریش تا ئێستا دواخراوه كه ئاڵۆزی و سه‌ختیی تێدا ده‌بینرێت، به‌ڵام كه ویست هه‌بێت چاره‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه. كه بارودۆخی ناوچه‌كه و كوردستان و به تایبه‌تی كوردستانی رۆژئاوا و خودی سوریاش ده‌خوێنیته‌وه، ئه‌وه‌ی دیاره و روونه كه ئه‌م دوولایه‌نه هیچیان له‌به‌رده‌مدا نیه جگه له گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌م بارودۆخه ناله‌باره‌دا و، ته‌گه‌ری سه‌ره‌كی و تا راده‌یه‌ك قورس و له‌وانه‌شه كه زۆر كاتی بوێت و ناكۆكی له‌سه‌ردا دروست بێت؛ پێكهاته‌ی به‌رێوه‌بردنی خۆسه‌ره كه هه‌ر یه‌كه‌و رای تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ چۆنێتی كاركردن و له باره‌ی پێكهاته‌كه‌یه‌وه له شاره‌كانی كوردستانی رۆژئاودا، بۆیه ئه‌م خاڵه دواخراوه. ئه‌نه‌كه‌سه رای وایه دووباره و له بنه‌ڕه‌تدا به‌ریوه‌به‌ری خۆسه‌ر پێكبهێنڕێته‌وه ، به‌ڵام ته‌ڤده‌م وا به‌باش ده‌زانێت فراوان‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تێدا بێت به ئه‌نه‌كه‌سه‌شه‌وه .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی توركیا دیسان وه‌كو پیشه و نه‌ریتی به‌رده‌وامی خۆی ده‌یه‌وێت رۆڵی دوژمنكارانه‌ی خۆی له‌م هه‌نگاوه بگێڕێت، له‌وباره‌وه پێشوازی له وه‌فدێكی ئه‌نه‌كه‌سی كردووه و ناڕازی خۆی له‌م كاره ده‌ربڕێوه و به ئاشكرا وتویه‌تی له هه‌وڵی روسیا و ئه‌مریكا بۆ شه‌رعیه‌ت دان به یه‌په‌گه رازی نابین، به‌ڵام له‌مباره‌وه رۆڵی ئه‌مریكا وفه‌ره‌نسا و ته‌نانه‌ت روسیاش له‌م كاته جێگه‌ی خۆشحاڵیه ، هه‌ر له‌و باره‌وه ئه‌نه‌كه‌سه‌ش لای خۆیه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كه له لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێت كۆبونه‌وه‌یه‌كیان سازكردووه و ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كورد و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێت بۆ رێككه‌وتن په‌یوه‌ندی به كاروباری نێوخۆیی خودی كورد خۆیه‌وه هه‌یه.
جگه له پێكهاته و چۆنێتی كاركردنی خۆسه‌ر، چه‌ند خاڵیكی دیكه جێگه‌ی مشت‌ومڕ ده‌بێت، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌تی په‌كه‌كه و ته‌ڤده‌م و هه‌روه‌ها چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ردوو هێزی سه‌ربازی هه‌ردوولا و تێكه‌ڵكردنیانه. ئه‌مه جگه له هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ داگیركردنی عه‌فرین له لایه‌ن توركیاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌ڤده‌م داوا ده‌كات لایه‌نه‌كانی دیكه له‌م گفتوگۆیانه به‌شدار بن و ئه‌نه‌كه‌سه ناڕأزیه له‌مباره‌وه له‌م كاته‌دا به‌شدار بن.
بۆیه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مشتومڕه له نێو خودی كورد، ئه‌گه‌ر كاتی زۆری بۆ ته‌رخان بكرێت یان زۆر كات به گفتوگۆی لاوه‌كی و ئه‌ته‌كێتی حزبی و سیاسی ته‌سك به‌فێڕۆ بدرێت هه‌زار و یه‌ك ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی توركیا و خه‌ڵكی تریش له ئارادایه و له‌مه‌ش وه‌كو پیشه‌ی هه‌میشه‌یی داره دووسه‌ر پیسه‌كه‌ی تێده‌خات و له هه‌موو لایه‌كه‌وه هه‌وڵی تێكدانی ده‌دات.
ئه‌وه‌ی پێویسته بزانرێت و ئاگاداری بن و به‌هۆشیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن ئه‌وه‌یه و زۆرێك له چاودێرانی ئه‌م پرسه وا ده‌بینن كه توركیا جگه له به‌كارهێنانی فرتوفێڵ و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و روسیا فشاری خۆی له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی یان وردتر بڵێین له‌سه‌ر باڵێكی نێو ئه‌م حزبه بدات كه له‌م ئه‌ركه تایبه‌ته‌ی نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی رۆژئاوا به‌شدار نیه بۆ ئه‌وه‌ی نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م راگرێت، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه ته‌سكه‌كان وای لێده‌كات ملكه‌چی توركیا بێت، یان ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م و ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌وه‌یان داناوه و ئه‌گه‌ر و شێمانه و هاوكێشه‌كانیان خۆێندۆته‌وه یان ویست و ئیراده‌ی به‌هێزی كوردی رۆژئاوای كوردستان وه‌كو هه‌میشه یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی شایانی وتنه لێره‌دا وامان لێده‌كه‌ن گه‌شبین بین، چه‌ندین فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ن ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكان سه‌ركه‌وتن به‌خۆیه‌وه ببینێت .
یه‌كه‌م: متمانه‌ی كوردی رۆژئاوا به حزب و لایه‌نه‌كانیان رۆڵی گه‌وره ده‌بینێت له‌م رێڕه‌وه‌دا و ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م خاڵی سه‌ره‌كی نێوخۆیی سه‌ركه‌وتنی هه‌رگفتوگۆیه‌كه.
دووه‌م: به‌شداری ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا راسته‌وخۆ له گفتوگۆكان و به ناڕاسته‌خۆش روسیا چاودێری هه‌وڵه‌كان ده‌كات، پاڵپشتیه‌كی باشی گفتوگۆكانه.
سێیه‌م: له‌م كاته‌دا توركیا تا ڕاده‌یه‌ك لاته‌ریكیی سیاسی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و فشاری ئابووری نێوخۆیی و ناله‌باری وه‌زعی ته‌ندروستی وڵاته‌كه هیلاكی كردووه وده‌كرێت پێشبی بكه‌ین كه له زۆر لاوه كاریگه‌ریی ده‌ستوه‌ردانی تا راده‌یه‌ك سنوردار كردبێت.
چواره‌م: وه‌زعی ئابووری كوردستان وای كردووه كه هه‌موو لایه‌نه نه‌یاره‌كانی ئه‌م گفتوگۆیه رێگر نه‌بن له كۆسپ وته‌گه‌ره خستنه‌به‌رده‌میدا و له خوایان بوێت له ژێر ئه‌و فشاره داراییه‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ و لایه‌نه هاوپه‌یمانه‌كانیان رزگاریان بێت.
18/05/2020
وتارەکانی تری نوسەر