بارزانی چی گووت؟ خەڵك چۆن تێگەیشت؟

رێبوار كەریم وەلی

لە بنەڕەتدا، هەردوو پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان(باشیك 16ی نۆڤەمبەر و هەولێر20ی نۆڤۆمبەر) وەكو یەكن و هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی پارتی و بارزانیدا نەهاتووە، بگرە بەرامبەرەكانی پارتی كە لە دەرفەتێك دەگەڕان بۆ ئەوەی لە گۆشەگیریی سیاسی دەرچن وەكو دەرفەت سەیری دەكەن.

لە هەردوو پەیامەكەدا، تەئكید لەوە كراوەتەوە كە ئیدی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانییەكان، بەم سیاغ و سیاتەی ئێستایان لە هاوكێشەی حوكمڕانیدا جێگەیان نابێتەوە، پەیامەكە وەك پەیامی جۆرج بووش وابوو كە دوای یازدەی سێپتەمبەر پێشكەشی كرد، بارزانیش گووتی:"یان لەگەڵ پارتی، یان دژی پارتی"! پوختەی كەلام ئەوە بوو. ئینجا بارزانی كە زانی پەیامەكەی بە باشی نەگەیشتووە، پەیامی دووەمیشی بڵاوكردەوە. 

یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی(كە دەمێكە حەز دەكات بێتەوە ناو بازنەوە) و باڵی ناوەندی بڕیار پێشوازییان لە پەیامەکەی دووەم كرد و، هەوڵیان دا وای نیشان بدەن كە شتی تازەی تێدایە! ئەڵبەتە بزووتنەوەی گۆڕان باش لە مەغزای پەیامەكە تێگەیشتووە و، دەزانێ بارزانی مەبەستی چییە، بۆیە لە وەڵامیاندا بۆ پەیامەكە (كە تەناقوزاتی زۆری تێدایە)، جارێ پێش هەموو شتێك، وەڵامی بڕگە بە بڕگەی پەیامەكەی بارزانییان داوەتەوە.


پەیامەكەی بارزانی پڕە لە لوغم؛ هەندێك وا بیر دەكەنەوە كە بارزانی، لەو پەیامەدا، جیاواز لە جاران، هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانی كردۆتە یەك پاكێج و ئەوە شتێكی تازەیە! نەخێر وانییە.

یەكەم: پارتی، بەردەركدنی گۆڕان لە حكومەت، هەر لە سەرەتاوە رایگەیاند كە حكومەت و پەرلەمان یەك پاكێجن و، ئامادەش بوو لە پێناو كارا كردنەوەی پەرلەمان و پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی گۆڕان، پۆستەكان بدات بە یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی و، پڕۆسەی سیاسی پەكی نەكەوێ! بەڵام كە ئەوان ئەو دەم، ئەو جورئەتەیان نەبوو، دۆخەكە ئاوا مایەوە.

دووەم: پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە جاری یەكەم كە لە رێگەی پەرلەمانەوە دیاری كرا، بەرامبەر بوو پۆستی سەرۆككۆماریی تاڵەبانی لە بەغدا، بەڵام دوای گووشارەكانی لایەنگرانی نەوشیروان مستەفا لەناو پەرلەمان و هەمواركردنەوەی یاساكە، ئیتر لە ئیرادەی رێككەوتنی ستراتیژی چووەدەر و بارزانیش خۆی دیتی كە لە دەڤەری سەوزی ئەوكات چەند دەنگی هێناوە. مایەوە كە لە یەكێتی كەس خۆی كاندید نەكات بۆ ئەو پۆستە و، لە هەڵبژاردنەكانی 2009 دا، خەزووری تاڵەبانی كاندید بوو!

سێیەم: هەر گۆڕانكارییەك بەسەر تەشكیلەی سیاسیی ئێستادا بێت (كە بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی پاراستنی دەدات و نایەوێ یەكلابێتەوە) دوو شتی لێدەكەوێتەوە؛ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەگۆڕدرێت و پۆستەكانی كابینەی حكومەتیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە كە پارتی سەرۆكایەتیی حكومەت بداتە لایەنەكانی دیكە، بگرە پۆستی زیاتریان دەداتێ.

چوارەم: بارزانی لایەنەكانی سەرپشك كردووە كە لە جێگەی ئەو كەسێك سەرپشك بكەن بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بێ ئەوەی بڵێ كە ئایا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی كاندید دەكاتەوە یان نا؟ ئەو قسەیەش لەكاتێكدایە كە ئەنجوومەنی شوورا لە كوردستان، بە بڕیارێك بارزانیی تا هەڵبژاردنی داهاتوو وەك سەرۆكی هەرێم دیاری كردووە و، بارزانیش دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە. بارزانیش دەست لەكارناكێشێتەوە تا نەبینێ بەرامبەرەكانی بەتەمای چین.

پێنجەم: ئەوە گریمان لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە یەكێك بۆ شوێنی بارزانی دیاری بكەن (كە هەر كەس بێت، دیارە زۆر حەزی لێییە زەلیل بێت)، كێ بڕیارەكەی ئەنجوومەنی شوورا هەڵدەوەشێنێتەوە؟ كێ دەسەڵاتی بەلایەنە سیاسییەكان داوە كە بتوانن جێگەی پەرلەمان بگرنەوە (گۆڕان و پەرلەمانییەكان چۆن ئەو بێ یاساییە قەبوڵ دەكەن؟) و باڵاترین پۆستی وڵات بگۆڕن؟ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كەی دەگۆڕدرێت، دوای هەمواركردنی یاساكە(كە گۆڕان داوای ئەوە دەكات) یان پێش هەموار كردنی یاساكە؟؟؟

شەشەم: پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور چی لێ بەسەر دێت؟؟؟

ئەوانە مشتێكن لە خەروارێك، بەڵام هەر دوو پەیامەكە یەك ئامانجیان هەیە و ئەویش ئەوەیە كە جووڵەیەك بكرێ بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا یەكلا بكاتەوە و، بەوەش دەستی لایەنەكانی دیكە كراوە بێت لە هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ پارتیدا.

كافر بە حاڵی باڵی ماڵبات نەبێ

(2)
پەیامەكانی بارزانی روویان لە هەر دوو باڵەكەی یەكێتی نیشتمانی بوو، هەر زوو كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێم و هاوكات جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیی لە پەیامە كرد و، پەیامەكەشی بەناوی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی بڵاوكراوە، نەك بەناوی ناوەندی بڕیار! باڵی ماڵبات ئەگەرچی دەگووترێ لە پەیامی دووەمدا، رایان وەرگیراوە، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستیان نەبووە، لە بەینی دووشتدا گیریان خواردووە؛ ئەگەر بەجیا هەڵوێست دەربڕن ئەوە، دان بە واقیعی دوو لەتبوونی خۆیاندا دەنێن و، ئەگەریش پابەندی هەڵوێستی كۆسرەت رەسوڵ بن، كەواتا بڕیار لای ئەوان نەماوە. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتەكەدا، ئەمجارە ئەوان پشت لە گۆڕان دەكەن، چونكە ئیتر پتر لەوەی لە گۆڕان بترسن لە ناوەندی بڕیار دەترسن. چونكە كارەتەكانی دەستی باڵی ماڵباتیش وا خەریكە تەواو دەبن.

مەلا وشیار كێ كوشتی؟
(3)
تیرۆری بە ناهەقی مەلا وشیار، كراوەتە كەرەستەیەكی سیاسی. دوو ساڵ و قسوورە، بەردێك لە ئاسمانەوە بەربووبێتەوە، گووتراوە كە خەتای داعشەوە و دەستی ئەوانی تێدایە. بەس سوبحانەللا! داعش تەنها لەو كردەوەیەدا بە بێ گووناه دەرچووە! لایەنێك دەیەوێ بە پێشوازیی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەیامی بارزانییەوە، بیبەستێتەوە. لایەنێكی دیكەش كە بە ئیرهابی فیكری تۆمەتبار كراوە، دەیەوێ لە بن تۆمەت دەرچێ و پارتی نەك بە ئیرهابی فكر، بگرە بە ئیرهابی جەستەش تۆمەتبار بكات. زوو یان درەنگ دەردەكەوێ كێ لە پشت ئەو تیرۆرەوە بووە، بەڵام زۆر مەخابن لە وڵاتێكدا كە داعشی لێ بێت، موخابەراتی ئەو هەموو وڵاتە جرت و فرتیان بێت و پێش ئەوەی پۆلیس و یاسا كاری خۆی كردبێت، تیرۆری كەسایەتییەك وا بە هەرزانی بكرێتە كەرستەی سیاسی! مەلا وشیار یەك جار تیرۆر كرا و خوا لێی خۆش بێت، بەڵام فەیسبووكنووس و كیبۆرد كووتەكان سەدجاری دیكە تیرۆریان كردەوە، خوا قەت لەوان خۆش نەبێت.

تێبنی: ئەم وتارە لە ماڵپەڕی رووداو بلآوکراوەتەوە



25/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر