بەڵێ رۆژانی سەختمان لە پێشە

رێبوار كەریم وەلی
تاوەکو ئێستا، ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر لە کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتا جیھانییە لە ئارادانییە. مانگێک زیاترە کە دەگوترێت "ئەم دوو ھەفتەیە زۆر چارەنووسسازە و لە ماڵەکانتان بمێننەوە." ئەم دووھەفتەیە کەی دەست پێدەکات و کەی کۆتایی دێت؟ کەس نازانێ! ھەموو ئەو وڵاتانەی کە کەرەنتینەکردنی خەڵکیان لەلایەن حکومەتەکانەوە (بە تایبەتیش چین) بە کارێکی نامرۆیی ناو دەبرد، نیھایەت خۆشیان پەنایان بردەبەر ھەمان رێکار. تاوەکو ئەم دەقیقەیەش تاک و تەرا وڵاتی وەک سوێد ھەن کە حکومەتەکەی لە ئیدارەدانی قەیرانی (ڤایرۆسی چینیدا) پەنای بۆ مۆدێلی چینی نەبردووە. ئەگەرنا کەرەنتینکردنی خەڵک وەکو تاکە رێگە بەکارھێندراوە.
 
*
وەستانی ژیانی رۆژانە تەریبە لەگەڵ پەککەوتنی دەیان سێکتەری ئابووری و جڤاکی و، نەبوونی ئاسۆیەکی روون لەبەردەم کۆتایی ئەو قەیرانەی کە مرۆڤایەتی تووشی ھاتووە، ھێندەی دیکە خەڵکی نائومێد و بێھیواتر کردووە. چین وەک چۆن ئابوورییەکەی بەسەر دنیادا زاڵ کردووە، ئەواش ھیستریای کۆرۆنای بە ھەموو دنیادا بڵاوکردەوە. ترس لە تووشبوون بە کۆرۆنا، زۆر لەوە گەورەترە کە خودی نەخۆشییەکە ھەیەتی. بەگوتەی زانایان لە زۆر ڤایرۆسی دیکەی ھاوشێوەی خۆی کە تەنھا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بڵاوبوونەتەوە، کەمتر بووەتە ھۆی مردن، بەڵام لە ھەموو جۆرەکانی دیکەی خێراتر بڵاودەبێتەوە. ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ قودرەت و توانای چین لە گشتگیرکردنی ھەر قەیرانێک کە بیەوێت لە ئاستی دنیادا بڵاوی بکاتەوە.
 
*
 
ڤایرۆسەکە لە چین سەریھەڵدا و لە ئیتاڵیاوە بە سەرانسەری ئەوروپا و تەنانەت ئەو بەشەش لە جیھاندا کە چین دەستی نەگەیشتبوو پێی بڵاوبووەوە. ئەوروپا وەک سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیسپانی لە 1918 تا 1920ـی سەدەی بیستەم کە بووە ھۆی مردنی 100 ملیۆن کەس و نزیکەی 27%ـی دانیشتووانی جیھان تووشی بوون، لە ھەمان ترسدا دەژییەت و، بە ھەمان ئەندازەش نەفرەت لە چین و سیاسەتەکانی بە ئاشکرا وەکو موسەبیبی ئەو وەزعە دەردەبڕدرێت. سیستەمە پێشکەوتووەکانی تەندروستیی ئەوروپا کە خودی ئیتاڵیا یەکێک لە خاوەنەکانی بوو، داڕمان. ئەو ئەوروپا و ئەمریکایەی کە لە 100 ساڵی رابردوودا ھەموو رووداوە مێژووییەکانی دنیایان ئاراستە کردووە، ئێستا توانای بەرھەمھێنانی دەمامک و دەستەوانەیان نییە! چ جای ئەوەی کە بیر لە پێکوتە و دەرمان بکەنەوە. ژیان وەستاوە و حکومەتەکان لەنێوان بژاردەی دیموکراسی و دیکتاتۆریدان. خەڵکەکەیان لە دیموکراسیدا بمرن یان لە دیکتاتۆرییەتدا بژییەن؟
 
*
کوردستانیش ھەمان رێکاری چینی گرتەبەر بەو جیاوازییەی کە کاتێک خەڵکەکە کەرەنتین دەکرێت، دەبێ لەپاڵیشیدا زۆر رێکاری دیکە بگیردرێتە بەر و ئەوەش بزاندرێت کە دەرھاویشتە جیھانییەکانی ئەو قەیرانەی ئێستا بە مانگێک و دوو مانگی دیکە تەواو نابن. گرووپی قەیران لە وڵاتانی پێشکەوتوو لانیکەم بیر لە ساڵێکی دیکە دەکەنەوە تاوەکو بتوانن بەتەواوەتی بەسەریدا زاڵ بن، ئابووری و سیستەمە بەھێزەکانیان ئەگەر نەشتوانن رێگری لە مردن بکەن، توانای ژیاندنی ئەوانەیان ھەیە کە تووش نابن یان چاکدەبنەوە. حکومەتی ئێستای کوردستان میراتگری قەیرانەکانی رابردووی خۆیەتی، بەڵام دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە کە خۆی لەپەنای قەیراندا نەشارێتەوە. راستە کە توانای دارایی حکومەت سنووردارە، بەڵام ھەر ئەوەندەی کە ھەشە ئەگەر بە عادیلانە بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت بەش دەکات. حوکمڕانی مانای بەرپرسیاریێتییە لە سەروماڵی خەڵک و حکومەت دەبێ ئەو متمانەیە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە. راستگۆیی لەگەڵ خەڵک و شەفافییەت، زامنی ھێنانەدیی ئەرک و بەرپرسیاریێتییە.
 
*
 
ئیدارە و سیاسەتی کوردستان، بەدەر لە قەیرانیش خەریکە تەحویل دەبێ بە ئیدارە و سیاسەتێکی ئەمنی. لە زۆرشتیشدا حکومەت ھێزی بازووی خۆی تاقیدەکاتەوە. بۆ سەلماندنی ئەوەی کە حکومەتێکی بەھێزە. ئاماژە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوخۆی کوردستان دڵخۆشکەر نین و رەنگبێ کۆنترۆڵکردن و راگرتنی ئەو وەزعە تەنانەت دوای رەوینەوەی پەتاکەش ھێندە ئاسان نەبێ. بۆیە رۆژانی سەختمان لە پێشە.

08/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر