‌تاڵەبانییەک دەگەڕێتەوە بەغدا؟

رێبوار كەریم وەلی

ماوەیەکە مێدیاکانی نزیک لە سەرۆک بەرھەم ساڵح، ناو بەناو دەمی پارتی تاقیدەکەنەوە؛ ئێران ھەوڵی لادانی بەرھەم ساڵح دەدات...بەھۆی نزیکیی بەرھەم ساڵح لە لاھور شێخ جەنگی پارتی دژایەتیی بەرھەم ساڵح دەکات و....زۆر شتی دیکەش. پارتی بێدەنگە.

جارێ گۆڕینی بەرھەم ساڵح لەم ئانوساتەدا زەحمەتە، بەڵام پێدەچێ ئەو شین و شەپۆڕە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکان بێت کە مەبەست لێی ئەوەیە پارتی بێتە قسە و لاھوریش ھان بدات کە لە رقی پارتی، پشتی بەرنەدات! بەرھەم ساڵح پشتیوانێکی ئەوتۆی لەناو یەکێتیدا نەماوە.

ئەلبەتە پارتی لە بەرھەم ساڵح بەداخە و ئەگەر بۆی بلوێ، قسوری لە لادانی ناکات؛ پارتی جارێک لەسەر شێوەی ھەڵبژاردنەکەی و جارێکیش لەسەر ملشکاندنی عادل عەبدولمەھدی لێی بە ڕقە، بەڵام ھێشتا ئەو دەرفەتە لە ئارادا نییە.

راستییەکەی ئێران لە بەرھەم ساڵح متمانەپێکراوتریان نییە؛ دەزانن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە چییان بوێ بۆیان دەکات. ئەو موقاوەمەتەی سەرۆک لە مەککە نیشانی دا، مەگەر ئیمامی عەلی لە خەیبەر نیشانی دا بێت! بەڵام ھەم ئێران و ھەم ئەمریکاش کەسێکیان لە بەغدا دەوێ کە لانیکەم حزبێکی ھەبێ و یەکێک لە پشتییەوە بێت.

پارتی بە حوکمی ئەوەی بۆ ھاوکێشەی ناوخۆیی خۆی پێویستیی بە پۆستی سەرۆکی ھەرێمە(کە ماوەیەک مێدیاکانی بەرھەم ساڵح ئەو قسەیەشیان فڕێ دا کە گوایە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی عێراق)، ناکرێ داوای پۆستی سەرۆکایەتیی عێراق بکات. بۆیە ئەو پۆستە ھەر لای یەکێتی دەمێنێتەوە.

 

لە قوباد، لاھور و بافڵ، بۆ خولی داھاتوو، دەبێ یەکیان جێگەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆکایەتیی عێراق بگرنەوە. ئەوە چارەسەری بەشێک لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و ھاوکات ھی یەکێتی و پارتیش دەکات.


03/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر